کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"چاکسازی" یان "شۆڕش"؛ جیاوازیی بۆچوون لە نێوان "مارتین لۆتێرکینگ" و "ویلیام فاکنێر"

20:26 - 20 خەرمانان 2723

عیرفان سابتی
و: شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە ٥ ـی مارسی ١٩٥٦ـی زایینیدا، ویلیام فاکنێر، نووسەری سپی‌پێست، خەڵکی می‌سی‌سی‌پی لە باشووری ئەمریکا و براوەی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل (١٩٤٩) بە بڵاوکردنەوەی وتارێک لە حەوتوونامەی پڕخوێنەری "لایف"، چالاکانی بزووتنەوەی مەدەنی لە ئەمریکای بە توندئاژۆبوون تۆمەتبار کرد و داوای لێ‌کردن کە؛ "ماوەیەک دەست ڕابگرن و دەرفەت بە سپی‌پێستەکان بدەن هەتا بە بیرۆکەی مافی بەرابەری لەگەڵ ڕەش‌پێستەکان ڕا بێن و هەرسی بکەن".
بیست ڕۆژ دواتر، مارتین لۆتێرکینگ، سەرۆکی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان، لە گوتارێک لە بڕوکلین بە بەشداریی ٢٥٠٠ بەردەنگی شێلگیر و بەگڕوتین گوتی: ئێمە ناتوانین خێرایی خۆمان کەم بکەینەوە، بەردەوام کەرامەت و نەفسبەرزیی خۆمان دەپارێزین، ئێمە ناتوانین خێرایی خۆمان کەم بکەینەوە، لەبەر خۆشەویستیمان بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و ئەمریکا، کەسێک دەبێ بە فاکنێر بڵێت زۆربەی هەرە زۆری حەشیمەتیی ئەم جیهانە پێست‌ڕەنگینن. ناوبراو بە ئاماژەدان بە گەمارۆخستنە سەر ئوتوبووسەکان لە مۆنتگمریی ئەیاڵەتی ئالابام لە باشووری ئەمریکا، لە هەمبەر ناڕەزایەتی بە جیاکاریی ڕەگەزی لە سیستەمی هاتووچۆی گشتیی، گوتی: مۆنتگمری وەک لانکەی یەکیەتییەکانی ئەیاڵەتی باشوور (لە شەڕەکانی نێوخۆیی) ناسراوە، ئەو شارە بۆ ماوەیەکی زۆر بێشکەیەکی ڕاوەستاو بووە، بەڵام ئیستا ئەم لانکەیە وەڕاژان کەوتووە.
لۆتێرکینگ پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، تێکدانی ئەو ئاسایشەی فاکنێری ئاڵۆز کردووە، ئاکامی تێگەیشتنی نوێی ڕەش‌پێشتەکان لە کەرامەتی مرۆڤیانەی خۆیانە: "بەڵێ، لە باشوور پێک‌‌هەڵپڕژان هەیە، بەڵام ئەو ئاڵۆزییانە بۆ پێداچوونەوە و گەنگەشەی سەرلەنوێی ڕەش‌پێستەکان بۆ مافەکانی خۆیان دەگەڕێتەوە".
ئەو گوتی؛ ئیتر بەسە، چی دیکە ناخوازین سپی‌پێستەکان سەڕافەتیمان بکەن و ئەمرمان پێ بکەن، وێڕای ئەمەش لۆتێرکینگ لەسەر ئەم خاڵە جەختی کردەوە کە، هێمای ڕەش‌پێستەکان کەسایەتی و ئاکار و ڕەوشتیی گاندییە و لە تێکۆشانی خۆیاندا دەگەڵ نادادپەروەری لە خەباتی مەدەنی کەڵک وەردەگرن و لە بەرانبەر توندوتیژیدا دەوەستن.
مانگێک دواتر لۆتێرکینگ لە نیۆیۆرک، جارێکی دیکەش ئاماژەی بە فاکنێر کردەوە و گوتی: "لەڕاستیدا فاکنێر ڕەش‌پیستەکانی هان داوە بۆ ماوەیەکی زیاتر نادادپەروەری، چەوساندنەوە و بێ‌ڕێزی و سووکایەتی قبوڵ بکەن". ئەو لە درێژەدا گوتی؛ هاندانی دیتران بە دانپێدانانی نادادپەروەری کە خۆمان لەدەستیانی وەئامان هاتووین، کردەوەیەکی نائەخلاقییە.
بە ڕای لۆتەرکینگ، ڕاوەستان و وەپاشدانی خەبات بەمانای "پاشەکشە"ـی ڕەش‌پێستەکانە لە بەرگری لە مافەکانی خۆیان. لەهەمان کاتدا، ئەو بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی فاکنێر لە ئەگەری توندوتیژی، جارێکی دیکە گرنگیی "بەرگریی مەدەنیی" وەبیر هێنایەوە و گوتی: ئەم شێوازە ئیزنی ئەوەمان پێ دەدا، و لە هەمان کاتدا کە ئێمە کەڕامەت و شەڕافەتی خۆمان دەپارێزین، پاشەکشەش ناکەین. لۆتەرکینگ دەیزانی هەوڵدان بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵویستی توندوتیژانەی کەس یان کۆمەڵە دەمارگڕژەکان بەدوای خۆیدا دەهێنیت، دەگەڵ ئەمەش ئەو پێداگریی دەکرد ڕەش‌پێستەکان لە بەرانبەر هەڕەشە و توندوتیژیی دژبەرانی بەرابەریی و ئازادی، وەک ئەوان ناکەن و خۆیان دەبوێرن: "ئەوان هەرکارێک بکەن، هەڵویستی ئێمە توندوتیژیی نییە و هەوڵ نادەین وەک ئەوان بین. هیوادارم لەم خەباتەدا بەجۆرێک هەڵسوکەوت بکەین کە ئەوان بە ئاکاری ناحەزی خۆیان بزانن و ڕێز بۆ بیروڕای ئێمە دابنێن، بەم شێوەیە هەموومان دەتوانین لە ئاشتی و بەرابەریدا پێکەوە بژین".
لۆتەرکینگ بەباشی دەیزانی کاتێک ئەو هەمووە زوڵم و زۆرییە کۆتایی پێ دێت کە، ڕوانینی مرۆڤەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەر دابێ. هەربۆیە نەک هەر ڕەش‌پێستەکان بەڵکوو سپێ‌پێستەکانیشیی هان دەدا بە شێوە ڕوانینی خۆیاندا بچنەوە و زیاتر بیر بکەنەوە. لەلایەک بە ڕای ئەو، کۆیلایەتی، هەژاری، نادادپەروەری و جیایی ناچارەکی لە نەریتی ئەفریقایی ببووە هۆی ئەوەی کە، زۆرێک لە ڕەش‌پێستەکان بەرزەخۆییان نەمێنێ، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو سپی‌پێستانەی کە دانیان بە بنەمای بەرزی ئەخلاقی مرۆڤایەتییان دانەدەنا و بۆ خۆماک و غەریزە نزمەکانی خۆیان دەگەڕانەوە، بۆ پاراستنی ئارامیی دەروونی خۆیان، ناچار بە "پاساو"هێنانەوە دەبوون و ڕەوشی نزمی ڕەش‌پێستەکانییان وەک دۆخێکی سرووشتی کە لە ناخ و ڕەگەزی ئەواندا پەنگ دەداتەوە، لێک‌دەدایەوە. شێوازی پێکهاتە و قەوارەی کولتووری و دامەزراوەکانی کۆمەڵایەتیی باشووری ئەمریکاش زیاتر ئەم پاساوەی دەسەپاند بە جۆرێکی دیکە؛ "ئاشتی ڕەگەزی" ئاکامی پەسندکردنی هەژاریی خودیی ڕەش‌پێستەکان، هەم لە ئالی سپی‌پێستەکان و هەمژی لەلایەن ڕەش‌پێستەکانەوە بوو.
چاڕڵز دەبڵیۆ میڵز، فەیلەسووفی ئەمریکی لە تەتەڵەی ڕەگەزپەرستی کەڵک لە چەمکی "مەعریفەناسیی گەمژەیی"(Epistemology of ignorance)- معرفت شناسی جهالت- وەردەگرێت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو: سپی‌پێستەکان ڕێک‌کەوتوون ڕەش‌پێستەکان وەک مرۆڤی بەرابەر بەفەرمی نەناسن" ناوبراو، ئەو ڕێککەوتنەی وەک "گەمژەیی و نەزانیی سپی‌پێستەکان" پێناسە دەکرد، کە ئاوێتەیەک بوو دەگەڵ گەوجی و نەزانی و لەبەرچاونەگرتنی بەئانقەست یان نیوەی ئانقەستی ئەو دیاردەیە. پیتێر بێرک لە کتێبی "مێژووی گەمژەیی"دا (٢٠٢٣) بەشێک لە ڕۆمانی "کتوپڕ لە نێوان تەم" (١٩٤٨) بەرهەمی ویلیام فاکنێر وەک میناکێک لە گەوجی دێنیتەوە. فاکنێر بە ئاماژەدان بە هێرشی دڕندانەی ژێنڕاڵ پێکەت و سەربازەکانی لە شەڕی گێتیسبورگ کە نەک هەر بووە هۆی تێکشکانی باشوورییەکان، بەڵکوو لە ئاکامدا لە شەڕی نێوخۆییدا دۆڕان، دەنووسێت: بۆ هەرکام لە مێرمنداڵە ١٤ ساڵەکانی باشووری، نەک هەر جارێک بەڵکوو هەرکاتێک بخوازێت، ئەو ساتە بۆی هەیە کە هێشتا کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژی ژوئییەی ١٨٦٣ نەگەیشتبێت". بە لەونێکی دیکە، هەر دەڵێی ئەو هێرشە مەرگ‌هێنەرە هەر ڕووی نەدابێ و باشوورییەکانیش تێک نەشکابن! بە ڕای بێرک، فاکنێر لەلایەک تووشی تشتێک بووە کە فرۆید وەک "دڕدونگیی دووپاتە" دەیناسێنێت، واتە پێویستیی لایەنی دۆڕاو بە پاتەبوونەوەی بەردەوامی ڕابردوو لە ئاوەزی خۆیدا، لەلایەکی دیکەشەوە فاکنێر تووشی جۆرێک خلیسکانی زمانیی فرۆیدی بووە و خسڵەتی "سپی‌پێستی" لەبیر چووەتەوە، لەکاتێکدا هەر بەڕاستی مەبەستی "مێرمنداڵی چاردە ساڵەی، سپێ‌پێستە". بە باوەڕی بێرک، ئەو خلیسکانەی زمانی، کە شوناس و هەوێتی و بایەخەکانی فاکنێر ئاشکرا دەکا، هەمەن نەزانی و گەمژەیی سپی‌پێستانەیە.
بە گێڕانەوە لۆتەرکینگ، ڕەش‌پێستەکانی باشووری ئەمریکا، وردەوردە پێداچوونەوە بە ڕوانگەکانی"شۆڕشگێڕ" بوونی خۆیاندا دەکەن و لە وەرگرتنی هێما کۆمەڵایەتییە کۆنەکان کە دەبنە هۆی نادادپەروەری، چەوساندنەوە و نابەرابەری، خۆ دەبوێرن، بەڵام سپی‌پێستەکان بەردەوام لەسەر ڕێچکەی خۆیانن، لە ئاکامدا "ئاشتی" نامێنیت و ئاڵۆزی و تێکهەڵچوون ڕوو دەدات.
لە ڕوانگەی لۆتەرکینگەوە، ئەو تێکهەڵچوونە سەختە ئاکامی گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕوانینی ڕەش‌پێستەکان بە نیسبەت خۆیان و چارەنووسیانە و هەروەها بریتییە لە هەوڵدان بۆ خەبات بە دژی زوڵم و گەیشتن بە مافەکانیان: "ئێمە ڕەش‌پێستەکان ڕێز و حورمەت دەکەینە جێگرەوەی خۆخوازی و، نەفس‌بەرزی بە خۆکەم‌بینی دەگۆڕینەوە و ئەمە دەسەلمێنین". بەڵام سپی‌پێستەکان باوەڕیان وابوو ڕەش‌پێستەکان خەیانەتیان بە سرووشتی نزمبوونی خۆیان کردووە و پێیان لە بەڕەی خۆیان درێژتر کردووە.
هەرچەند ویلیام فاکنێر سەر بەو دەستە لە سپی‌پێستەکان نەبووە بەڵام مایکێل گوڕا، نووسەری کتێبی "خەم‌هێنەرترین وشەکان، شەڕی نێوخۆیی ویلیام فاکنێر" کە فاکنێر وەک مەزنترین ڕۆمان‌نووسی سەدەی بیستەم دەزانێت، قبوڵی ئەوە دەکات، فاکنێر لە ڕووداوەکان بەجێ مابوو و ڕوانینی تاڵ و نەشیاوی لەهەمبەر بەرزیی ڕەگەزی و دادپەروەری باس کردووە. بە بڕوای گوڕا؛ فاکنێر پیاوێکی سپی‌پێستی خەڵکی باشووری دووچاوەکیی ئەمریکا مایەوە... هەندێک جار، وشەکانی ئەو دەتوانێ و دەبێ ئێمە خەمبار بکات" بە ڕای گوڕا هەرچەند فاکنێر بەپێچەوانەی زۆرێک لە سپی‌پێستەکانیی باشووری ئەمریکا وێنایەکی کلیشەیی و چەندپاتەکراوی ناحەز لە ڕەش‌پێستەکان بڵاو ناکاتەوە، بەڵام لە نووسراوەکانیشیدا باس لە ژان و ئێش و ئازاری کۆیلەکانیش ناکات.
بە ڕای گوڕا، فاکنێر سپی‌پێستێکیی باشووری "میانەڕۆ" بوو کە توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی مەحکووم دەکرد بەڵام دژایەتی پێداگری لۆتەرکینگ لەهەمبەر گۆڕانکاریی خێرا بوو. بە لەبەرچاو گرتنی چەمک گەلی باو لە فەزای سیاسیی ئێران دەتوانرێ ئەوە بڵێین کە؛ فاکنێر "چاکسازی‌خواز" بوو و لۆتەرکینگیش "شۆڕشگێر". فاکنێر خوازیاری ئەوە بوو ماوەیەک دەست ڕابگرن و دەرفەت بە سپی‌پێستەکان بدەن هەتا لەگەڵ بیرۆکەی مافی بەرابەریی ڕەش‌پێستەکان ڕا بێن. بەڵام هەروەک گوڕا وەبیر ئێمەی هێنایەوە، ئەو تشتە لە بواری ئەخلاقییەوە پەسند ناکرێ، چوونکە جگە لە پاشەکشە و وەدواخستنی دادپەروەری هیچ ئامانجێکی دیکەی نەبوو.
ئەو نوسینە بە گێڕانەوەی بەشێک لە وتەکانی مارتین لۆتەرکینگ لەهەمبەر ڕوانینی خۆی بۆ ئاڵوگۆڕیی "شۆڕشگێڕانە"ی بایەخەکانی کۆمەڵگە کۆتایی پێ دێنم:
ئێمە نامانەوێ لە سەرەوەی سپی‌پێستەکان بین، تشتێکی وەها تەنیا جێگای ژێردەست و ژووردەستەکان دەگۆڕێ، بەڵام ئەگەر بتوانین بە باوەڕ بەکردەوەش پێمڵی دژایەتیی توندوتیژی بین و خۆی لێ ببوێرین، کۆمەڵگەیەکی نێوان ڕەگەزی لەسەر بنەمای ئازادی بۆ هەموولایەک وەدی دێت.