چەند بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە سەرەڕای پێداگریی دەوڵەتی ترامپ لەسەر نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ، پێنتاگۆن لیستێکی لە ئامانجی سەربازیی نوێ لە نێوخۆی ئێران بۆ ئەگەرەکانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئامادە کردووە؛ بەڵام دۆزینەوە و پێكانی ئەم ئامانجانە زۆر دژوارترە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئێنبیسی نیوز"، سێنتکام سەرقاڵی پێداچوونەوە بە بانکی ئامانجەکاندایە، بەڵام زۆربەی بنکە مووشەکی و دامەزراوە گرنگەکان کە ماونەتەوە لە قووڵایی زەویدا یان لە ناو تۆنێلە ژێرزەوینییەکانی ناودڵی چیا سەختەکاندا حەشار دراون. ئەمەش وای کردووە لێدانیان پێویستی بە چەکی تایبەتی سەنگەرشکێن و نەخشەسازیی لۆجیستیکی زۆر ئاڵۆزتر هەبێت.
هاوکات، چڕبوونی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە دەوروبەری ئەم شوێنانە مەترسییەکانی زیاتر کردووە.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن بانکێکی دەوڵەمەند لە ئامانجیان لەبەر دەستدایە، بەڵام لێدانی ئەم جۆرە پێگە ستراتێژییانە لە نێوخۆی ئێران، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە کایەکە دەگۆڕێت و لەوانەیە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی بەرفراوانتر و کۆنترۆڵنەکراو بەرێت، بۆیە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە پێکانی ئەم ئامانجانە پلانڕێژییەکی هەواڵگریی زۆر وردتر و هێزێکی لۆجیستیکی زەبەلاحی دەوێت.