کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆی ''سەنعەتیی شەریف" لە تاران، لانیکەم ٣٠ خوێندکاری بەهۆی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا سزا دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" و بە پشتبەستن بە شۆرای سێنیفی ئەو زانکۆیە، لە یەک مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠ خوێندکار بانگهێشتی کۆمیتەی ئینزباتی کراون.
لەم نێوەدا حوکمی سەرەتایی بۆ لانیکەم شەش خوێندکار بە شێوازی "دەرکردن لە زانکۆ و پێنج ساڵ بێبەشبوون لە خوێندن لە تەواوی زانکۆکانی ئێران" دەرچووە؛ بۆ خوێندکارەکانی دیکەش سزای ڕاگرتنی کاتیی خوێندن بۆ یەک یان چەند وەرزێک بڕاوەتەوە.
تۆمەتی سەرەکیی ئەم خوێندکارانە "پلاندانان بۆ نانەوەی بشێوی لە زانکۆ" بووە؛ بەڵام بەشێکی زۆری دۆسییەکان تەنیا بەهۆی چاودێریکردنی لاپەڕە تایبەتییەکانیان، وێنەی پڕۆفایل یان بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆیان کراوەتەوە.
ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە زانکۆکەدا، چاودێریی توندی سەر چالاکییە مجازی و دیجیتاڵییەکانی خوێندکارانیان چڕتر کردووەتەوە.