بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ئێڤین بەند کراوە، وەک سزایەک لە مافی دەستڕاگەیشتن بە تلفۆنی زیندان بێبەش کراوە.
هێرانا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی، ئەم سنووردارکردنە دوای ئەوە بەسەریدا سەپێندراوە کە ناوبراو لە حەوشەی زینداندا لە کاتی هەواخۆری، لە دژی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە دروشمی ناڕەزایەتیی بەرز کردووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وریشە مورادی پێشتریش لە چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی بێبەش کرابوو و ئەم قەدەغەکارییە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی"، بە تۆمەتی "بەغی" بە سێدارە مەحکووم کرابوو. ئەم حوکمە دواتر لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقێکی هاوتەریب کرا.
ناوبراو هەروەها لە چەند دۆسییەیەکی دیکەشدا، لەوانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "سەرپێچی و تێکهەڵچوون لەگەڵ مەئموورانی حکوومەتی"، حوکمی جیاوازی بەندکرانی بەسەدا سەپا بوو.