کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی قوربان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئەم جێژنەی بە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی یەکیەتیی، خەبات و خۆڕاگری لەپێناو بەهاکانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانمان زانی.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
جەژنی قوربان، بۆنەی ئایینی و پیرۆزی موسوڵمانان، لە هەموو خەڵکی باوەڕمەندی کوردستان و ئێران پیرۆز بێت.
لەم بۆنەیەدا کە موسوڵمانانی جیهان پێشوازی لەم جەژنە دەکەن، کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی دۆخی شەڕ و شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دۆخێکی دژواری هەمەلایەنەدایە؛ لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژەی سەرکوت، زیندان و ئێعدامەکان چڕتر بووەتەوە. لە وەها دۆخێکدا سەری ڕێز و وەفا بۆ بنەماڵەی سەربەرزی قوربانیان و شەهیدانی ئەم دواییانەی دەستی ڕێژیمی پەت و سێدارە دادەنەوێنم.
هیوادارین بە نەمانی کۆماری ئیسلامی و بەدوور لە هەر چەشنە سەرکوت، چەوساندنەوە و بێمافییەک، لە وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتدا کە ڕێز لە کەرامەت و ئازادیی بیروباوەڕ و مافەکانتان دەگیرێت، بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان بکەنە جێژن و خۆشی. با ئەم جەژنە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی یەکیەتیی، خەبات و خۆڕاگری لەپێناو بەهاکانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانمان.
دڵتان پڕ لە هیوا و ئومێد بە سەرکەوتن.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥