ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵ دەدات بەبێ پاشەکشەی جیددی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گوشارە ئابوورییەکانی سەر خۆی کەم بکاتەوە و دەستی بە داراییە بلۆکەکراوەکانی بگاتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە زاری بەرپرسانی ئێرانی و نێوبژیوانە عەرەبەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پاراستنی بەشێکی سەرەکیی چالاکییە ئەتۆمییەکانی، ڕێگەیەک بۆ ئازادکردنی دەیان میلیارد دۆلار سەرمایە و داراییە بلۆکەکراوەکانی و گەڕانەوە بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت بدۆزێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوە دەترسن هەر جۆرە ئیمتیاز و پاشەکشەیەکی بەربڵاوی ئەتۆمی، لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە وەک سەرکەوتنێکی سیاسی لە نێوخۆی ئەمریکادا بەکار بهێندرێت؛ بابەتێک کە بە وتەی سەرچاوەکانی واڵستریت ژۆرناڵ، سێبەری بەسەر ڕەوتی دانوستانەکاندا کێشاوە.