کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک خالید عەزیزی: پێویستە هەمووان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دیالۆگ بکەین بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتن و دەرەنجامێک بگەین

18:06 - 27 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆڕێکی سیاسی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن بەڕێوە چوو.

لە یەکەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و ٣١ەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، کۆڕێکی سیاسی بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە ئێرانییەکان لە واشنگتۆن پێک هات. لەو کۆڕەدا کاک خالید عەزیزی دوورەدیمەنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هاوپێوەندییەکی بەرین بە وردی شی کردەوە.

لە سەرەتای ئەو دانیشتنەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان بە گشتی و وتەبێژی حیزب بە تایبەتی، باسی لەوە کرد کە ٣١ ساڵ لەمەوپێش لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپێوەندی و یەکڕیزی لەنێوان کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوە ئیرانییەکاندا لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کران و شەهید بوون.

پاشان کاک خالید عەزیزی، وتەبیژی حیزبی دێموکرات لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی کوردستان بە تایبەت و ئێران و ناوچەکە بە گشتی و وتی: ''پێویستە هەمووان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دیالۆگ بکەین بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتن و دەرەنجامێک بگەین."

وتەبیژی حیزب باسی لە پلاتفۆرم و بەرنامەی سیاسیی حیزبی دێموکرات کرد بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرین لەنێوان ئەو حیزب و ڕێکخراوە و کەسایەتییە شوێندانەرانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و دێموکراسی و پلورالیزم لە ئێران هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بە دەرنجامێکی دڵخواز بگەن کە خواستی زۆرینەی خەڵکی ناڕازیی ئێرانە و لەو ڕێگەیەوە بتوانن ئاڵتێرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکەن.

بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دەرنجامی زەبوونی و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێرانە هەتا وا وێنا بکات کە لە دەرەوەی ئێران بە تایبەت لە کوردستان هەڕەشەیەک لەسەر یەکپارچەیی ئێران لە ئارادایە.

ناوبراو وێڕای بەرپرچدانەوەی ئەو وتارە، داوای کرد کە بە یەکڕیزی و هاوپێوەندی و بە دیالۆگ ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی ببینەوە.

دواتر وتاربێژانی دیکە لەو کۆڕەدا لەوانە دوکتور مۆحسین سازگارا، دوکتور عەلی ئەفشاری، دوکتور حەسەن هاشمیان، حەسەن ماساڵی، عەلی جەوانمەردی و ئەحمەدی باتبی قسەیان کرد و لە ڕاستای هاوپێوەندی و تاوتوێکردن و خەسارناسیی هەڵە و کەموکوڕییەکانی یەکساڵی ڕابردوو پێداگرییان کردەوە کە پێویستە گرینگی بە ڕێکخستن بدرێت.

لەو کوڕەدا هەموو بەشداربووان بە گرینگی و بایەخەوە باسیان لە ڕوانگە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کرد و وتار و لێکدانەوەکانی وتەبێژی حیزبیان بەرز نرخاند.

لە بڕگەیەکی دیکەدا بەشداربووانی ئەو کۆڕە سیاسییە پرسیار و بۆچوون و سەرنجی خۆیان خستە بەرباس کە لەلایەن کاک خالید عەزیزی بە وردی وڵامیان درایەوە.