کەریم پەرویزی
لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە. ئەو دەمەی کە کچەکوردێکی دڵخۆش بە ژیان بۆ سەردانی بنەماڵەی ڕوو دەکاتە تارانی پێتەختی کۆلۆنیاڵیزمی حاکم، بەڵام تاران تەرمەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زێدەکەی کوردستان! برووسکەی شەهیدکردنی ژینا، خەرمانی شۆڕشی لە خەرمانانداهەڵکرد.
شۆڕشێکی بەرفراوان کە سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، وانەی زۆری تێدایە بۆ فێربوون و وەرددانەوەو کەموکۆڕی و لاوازیشی تێدایە بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگەنادن و چارەسەرکردن.
لە ماوەی شۆڕشی ژینادا، لە یەک ساڵی ڕابردوودا، هەندێ کار هەبوو بکرێن و هەندێ کار و کردار نەدەبوو بکرێن، بەڵام دوای ساڵێک لانیکەم بۆ ئەوانەی بیر دەکەنەوە پێویستە کە گۆشەنیگایەکی پێدا بخشێنن و ڕاستەڕێی شۆڕشی خەڵک بە وردبینییەوە کورتتر و کەم تێچووتر بکەن.
یەکێک لەو پێویستییانەی شۆڕش، بریتییە لە پێکەوەبوونی هێز و لایەنە سیاسی و کاریگەرەکان کە بتوانن بە پێکەوەبوون دەرفەتە ڕەخساوەکان بە باشی ئیدارە بکەن و بە پێکەوەبوونیان دەرفەتی نوێتر و لەبارتر بڕەخسێنن، بەڵام بۆ پێکەوەبوون هەندێ پێشمەرج یان بەستێن پێویستە کە دیارە لانیکەم ساڵێک تێپەڕین لە شۆڕشی ژینای پێویست بوو کە تا ڕادەیەک ئەو بەستێنە بۆ پێکەوەبوون بڕەخسێ.
چەند حیزب و لایەنی سیاسی لە ڕۆژی ١٥ی خەرماناندا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا وێڕای ئاوڕێکی کورت لە شۆڕشی یەک ساڵی ڕابردوو، پێکەوە لە چەند خاڵێکدا داوایان کردووە کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بکرێتە ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە کوردستان.
ئەوەی کە ئەو داواکاری و خاڵی هاوبەشانە پێشنیاری دەکا، دەکرا بەرفراوانتر بێ یا داواکاریی دیکە ڕوو لە کۆمەڵگا بکرێ یان تێبینیی لەسەر بێ، شتێکی ئاساییە و ڕەنگە هەر لایەن و تەنانەت هەر تاکێک خوێندنەوەی جیاوازی خۆی بۆ دۆخەکە هەبێ و پێی باش بێ فڵان کردار بکرێ یان بە فڵان شێوەی دیکە بکرێ یان فڵان شت نەکرێ. بەڵام ئەوەی خاڵی گرنگی ئەم ڕاگەیەندراوەیە نەک خودی داواکارییەکە بەڵکوو هاوبەشبوون لە داواکارییەکەدایە کە ڕاگەیەندراوەکە دەکاتە خاڵێکی وەرچەرخان!
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار باس لە یەکڕیزیی خەڵک و یەکگرتوویی و یەکبووون و هاوکاری و هاوئاهەنگی و زۆر وشە و ئەدگاری دیکەی هاوشێوە کراوە کە ڕەنگە هەر کامەیان مانای جیاوازیان هەبێ و باسکردن لە پێویستیی مێژووییان ئاسان و سانا کرابێتەوە، بەڵام وەکوو کردەوە و هەنگاوی کردەیی تا ئێستا یەک هەنگاوی بەکردەی بۆ هەڵنەگیرابێتەوە.
کاتێک دەڵێین یەک هەنگاوی کردەیی بە مانای ئەوە نییە کە هیچ لایەنێک قسەی لەسەر نەکردووە، بە پێچەواوەنەوە هەموو لایەنەکان زۆر بە فراوانی قسەیان لە سەر یەکگرتوویی و یەکڕیزی کردووە! وەکوو هەنگاویش زۆرجار دیدار و دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا لە درێژایی ساڵانی ڕابردوودا کراوە. بەڵام هیچیان نەگەیشتوون بە هەنگاوی کردەیی تاکوو ئەمجارە و لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژینادا ئەم ژمارە بەرچاوە لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە ڕاگەیەنەدراوی هاوبەشیان داوە.
ڕەنگە باسکردن لە وشە و دەستەواژە جیاوازەکان ئەوەی تێگەیاندبین کە هەموویان وەکوو یەکن و ئاکامی کۆتایی بریتییە لە یەکگرتوویی هێزەکان! بەڵام لە دونیای واقیعی سیاسیدا ئەوەی ڕەخساوتر و گونجاوترە نەک یەکگرتوویی بەڵکوو پێکەوەبوونە!
یەکگرتوویی هەلومەرجی قورستر و دژوارتری دەوێ و لە بیرکردنەوەیەکی دیکەوە سەرچاوە دەگرێ و ڕەنگە لە قۆناخێکدا کۆمەڵگا بەرەو تۆتالیتاریزیمیش هان بدا و ببێتە هۆی سڕینەوە و لەنێوبردنی جیاوازییەکان؛ بەڵام پێکەوەبوون بەو مانایەیە کە لایەنە جیاوازەکان بە پاراستنی ناسنامە و شۆناس و ڕوانگەی جیاوازیانەوە، دەگەن بەو قەناعەتەی کە لە قۆناخێکدا لە بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەشدا و بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکێکی گەورەتر لە هەر حیزبێک واتە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی پێویستە کە پێکەوە بن.
ئەوەی کە ساڵانێکە قسەی لێ کراوە و هەوڵی بۆ دراوە، ڕەنگە بەو هۆکارە بە ئاکام نەگەیشتبێ کە لە تێڕوانینێکی ڕابردووتەوەرەوە وەها هاتبێتە بەرچاو کە بە یەکگرتوویی ڕەنگە لایەنە جیاوازەکان بسڕدرێنەوە و هێژموونییەکی تایبەت زاڵ ببێ و ئەمە خۆی لە ناخی خۆیدا هەنگاوی بەرەو لێکنزیککەوتنەوە دوور دەخاتەوە و خۆی دەبێتە هۆی دابڕانی زۆرتر، واتە ترس و نیگەرانی لەوەی هێژموونیخوازی لە ناخی یەکگرتووخوازیدا خۆی پەنگ دابێتەوە، لایەنەکان لێک دوورتر دەکاتەوە بەڵام قبووڵکردنی ئەوەی کە واقیعیەتیی کۆمەڵگا فرەچەشنییە و هیچ لایەنێک پێویست ناکا واز لە ناسنامە و شوناسی خۆی بێنێ، بەڵکوو بە ڕەنگ و گوتاری جیاوازەوە دەتوانن لە دەوری تەوەرێکی گەورەتر کۆ ببنەوە و بە پێکەوەبوون بە مانای هێزبەخشینی هەمووان بە هەمووان لەپێناو خۆڕاگری و سەرخستنی قۆناخی هاوبەشدا مێژوویەکی دیکە تۆمار بکەن.
ئەم ڕاگەیەندراوە هاوبەشەی هێزە سایاسییەکانی کوردستان، هەم دەرخەری ئەوەیە کە لە کوردستاندا قۆناخێک هاتۆتە ئاراوە کە هەموو لەپەنای یەک دژی دوژمن دەوەستنەوە و هەم نیشان لەوە دەدا کە بڕگەیەکی جیاواز لە کاری سیاسی و خەبات لە کوردستان پێویستە و دەستی پێ دەکرێ.
بە وتەیەکی کورتتر، شۆڕشی ژینا دەبێ بەو قەناعەتەی گەیاندبین کە دەتوانین پێکەوە بین و یەکتر نەشکێنین بەڵکوو هەموومان یەکتر بەهێز بکەین و وردەحیسابی کێ چەندە مەزنترە بهێڵینەوە بۆ گەل، با گەل بڕیار بدا و ئێمە هەموومان بە پێکەوەبوونمان بیسەلمێنین و بە کردەوە نیشانی بدەین کە لەپێناو مانایەکی گەورەتر لە هەمووان و لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمان و نەتەوەکەماندا بە دەوری یەک کۆ دەبینەوە. پێکەوەبوونمان دەیسەلمێنی کە کوردستانی نیشتمانمان، لە هەموومان گەورەترە.
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین