ناسر ساڵحیئەسڵ
گەلانی ئێران هەموو ساڵی لە وەرزی هاویندا، یەكیك لە تاڵترین و گەورەترین جینایەتی مێژوویی دەسەڵاتداریی ڕەش و سەرەڕۆی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، واتە كوشتاری بەكۆمەڵی بەندكراوانی سیاسی لە ساڵی 1367ی هەتاوییان بیر دێتەوە.
35 سال بە سەر كارەساتی ئێعدامی بەكۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ڕیژیمی كۆماری ئیسلامی لە هاوینی سالی 1367ی هەتاویدا كە مانگی خەرمانان چەڵەپوپەی كارەسات و ڕووداوەكە بوو، تێپەڕی. لەو ساڵە و لە ماوە چەند مانگدا هەزاران زیندانیی سیاسیی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ كە تاوانیان تەنیا تێكۆشان لەپێناو ئازادی و دێموكراسی و مافی نەتەوایەتیدا بوو، لە زیندانەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا ئێعدام كران. هەروەها زۆربەی هەرەزۆری ئەو بەندكراوە سیاسییانە یان ماوەی حوكمی داسەپاویان تەواو ببوو، یان خەریک بوو دواڕۆژ و مانگەکانی ماوەی حوكمەكەیان تێدەپەڕاند!
چیرۆکەکە ئاوا بوو: ڕیژیمی كۆماری ئیسلامی بڕیارنامەی 598ی شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پوشپەڕی 1367ی هەتاویدا قەبووڵ كرد. پاش فڕكردنی جامی ژاری شكست لەلایەن خومەینییەوە، لەلایەك ئەو پرسیارە لەلایەن خەڵكەوە هاتبووە گۆڕی كە ئەو هەموو دروشمی " شەڕ شەڕ تا سەركەوتن" بۆ چی بوو؟ لەلایەكی دیكەش ڕەخنە و بێزاری و نارەزایەتیی گەلانی ئیران لە ڕێژیم و سیاسەتە ئابووری، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسییەکانی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە پەرەسەندندا بوو. هەروەها لەوانەش گرنگتر ئەوە بوو كە ڕێژیمی خومەینی، هەم لە بواری ئابوورییەوە تێكقرمابوو، هەم لە بوار هێزی ئینسانییەوە كەس ئامادە نەبوو لە شەڕی بێئاكامدا بەشداریی بكات و بەرەكانی شەڕیان چوڵ دەكرد! لە وەها باردۆخێكدا ڕێژیمی خومەینی بە داننان بە شكستیان لە شەڕی بێئاكامی 8 سالە لەگەڵ عێراق لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە لە ترسی ڕاپەرین و شۆڕشی گەلانی ئێران پاش ئەو شكستە گەورەیە كە تێچووەكەی جیا چەند میلیارد دۆلار خەساری ئابووری، كوژرانی سەدان هەزار كەس و بریندار و كەمئەندامبوونی بەمیلیۆن كەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی بوو، لە ترسی ڕاپەرینی گەلانی ئێران و بۆ چاوترسینكردنی خەڵك هەزاران بەندكراوی سیاسیی ئێعدام كرد.
بە دیاریكردنی لیژنەیەك لەلایەن خومەینییەوە، پێكهاتوو لە: ئاخوند نەییەری قازیی دادگا، ئاخوند مستەفا پوورمحەممەدی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات، ئاخوند ئیشراقی دادوەری گشتی و ئیبراهیم ڕەئیسی جێگیری دادوەریی گشتی (سەركۆماری ئیستای ڕێژیم)، بە ڕاگرتنی مولاقاتی زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری ئیران، دەستیان بە ئێعدامی بەكۆمەڵی بەندكراوانی کرد. لەڕاستیدا كوشتاری بەكۆمەڵی بەندكراوانی سیاسی بە حوكمی ڕاستەوخۆی خومەینی هەوڵی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە ڕاپەرین و شۆڕشی گەلانی ئێران بوو. چوونكە گەلانی ئێران لە سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵات لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، پاش 8 ساڵ شەڕی خوێناویی ماڵوێرانکەری بێئاكام و كاولكردنی ئێران بەتەواوی ناڕازی بوون. بەم جۆرە لە وەرزی هاوینی 1367ی هەتاویدا بە كوشتاری بەكۆمەڵی بەندكراوانی سیاسی، بە خەیاڵی خۆیان ویستیان حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان و گەلانی وەزاڵەهاتوو و نارازیی ئێران، چاوترسین بكەن.
پاش كوشتاری دڵتەزینی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی 1367ی هەتاویدا، ئیستاش گرتن، ڕادوونان و ئەشكەنجە و ئێعدامی خەباتگێڕان و ئازادیخوازانی گەلانی ئیران، چ لەنێو زیندانەكان، چ بە شێوەی تێرۆر لە نێوخو و دەرەوەی وڵات و چ بە شێوەی سەركوتی خوێناویی ڕاپەرین و شۆڕشی شەقام لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەكانی وڵاتی ئێران، وەك ڕاپەرینی ساڵەكانی دەیەی حەفتای هەتاوی و ڕاپەرینە خوێناوییەکانی ساڵەكانی 1396 و 97 و 98ی هەتاوی و بە تایبەت شۆڕشی ژینا لە ساڵی ڕابردوودا درێژەی هەیە. چونكە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لەو بڕوایەدایە تەنیا بە سیاسەتی سەركوت و خەفەقان، گرتن، زیندان و ئیعدامی ڕۆڵە خەباتگێڕ و ئازادیخوازانی گەلانی ئیران دەتوانی درێژە بە تەمەنی پڕ لە جینایەت و شوورەیی خۆیی بدات. هەربۆیە ئیستاش زیندانەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ژنان ئازادیخواز، خوێندكاری ئاگا و بەهەڵویست، ڕۆژنامەنووسانی ئازا و بوێر، لاوانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و هەروەها هەموو چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگەی كوردستان و ئێران كە بۆ ئازادی و دێموكراسی و مافە نەتەوایەتی بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە شار و شەقام خەبات و بەربەرەكانی دەكەن، جمەیان دێت. ڕێژیم بەوەش نەوەستا و هەرچی لە دەستی هات بەدژی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ڕۆڵە تێكۆشەر و خەباتگێڕەکانی بە موشەكبارانی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کوشتاری خۆپێشاندەران لەسەر شەقامەکان کردی.
بەپێی ئامارەكان لە شۆڕشی ژینادا لە ناوەندی بلوچستان واتا شاری زاهیدان، لە هەینی خوێناوی پاییزی ساڵی 1401ی هەتاویدا لە یەك ڕۆژدا نزیك بە 100 كەس بە فیشەكی جەنگی كوژرا. هەروەها لە كوردستان 116 كەس لە شۆڕشی ژینادا کوژران و بە گشتی لە ئاستی ئێراندا زیاتر لە 500 كەس گیانیان لێ ئەستێندرا. زۆربەی كوژراوەكانی ڕاپەرینی ژینا تازەلاو بوون و هەروەها بە هەزاران كەس بریندار و كەمئەندام بوون! بە سەدان كەس بینایی چاویك یان هەر دوو چاویان لە دەست دا و نزیك بە 10 كەس لە لاوانی شۆڕشگێڕی بەشدار لە شۆڕشی ژینا ئێعدام كران! هەروەها بە دەیان هەزار كەس لە بەشداربوونی شۆڕشی ژینا گیران و زیندان کران و بە سەدان كەس ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران بوون.
بێگومان بۆ دەرچوون لەم وەزعەدا تەنیا ڕیگاچارەی گەلانی ئێران، ڕووخاندنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییە. ئەویش بە درێژەدان و بەشداریی گشتی و جەماوەری هەموو چین و توێژەكان گەلانی ئیران لە شۆڕشی ژینا لەپێناو تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستەمێكی دێموكراتیك و فیدراڵ لە ئێرانی داهاتوودا.