سۆران شەمسی
بە شۆڕشی ژینا لە ساڵی ڕابردووەوە سەردەمێکی نوێی پێشهاتە خێراکان لە ئێران دەستی پێ کردووە. کوشتنی خەڵکانی مافخواز و ئەوانەی لەدژی هەڵاواردن و گەندەڵی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، ئەو پرسیارەی وروژاندووە کە بە چ شێوەیەک دەبێ بەرەنگاری حکوومەتێک ببیەوە کە تەحەمولی بچووکترین ڕەخنە و ناڕەزایەتیی خەڵکی نییە و کام لەوەها سیستمێکدا چ شتێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری؟ لە کاتێکدا لەو بارودۆخەدا کەسانێک هەن کە ڕاوەستان لە بەرانبەر توندوتیژییەکانی ڕێژیم بە چارەسەر دەزانن، کەم نین کەسانێک و گرووپگەلێکیش کە هەروا پێداگری لەسەر پابەندبوون بە خەباتی ناتوندوتیژ دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە مافی "بەرگریکردن لە خۆ" بۆ هەموو تاک و لایەنێک یاسایی و ڕێگەپێدراوە، بەڵام هاوکات تەکزکردنە سەر توندوتیژی لەهەمبەر سەرکوت هێشتا جێگای مشتومڕە و هەندێک لەوە نیگەرانن توندوتیژییەکە لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆ بترازێ و بوار بۆ دروستبوونی توندوتیژیی ڕێکخراو خۆش ببێت. بەڵام گومانی تێدا نییە ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو ئێمەی گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێی پێشهاتەکان و پێدەچێت پرسی توندوتیژی لە داهاتوودا ببێتە پرسێکی گرنگ. چونکە هەر کردەوەیەکی توندوتیژی و دژەگەلی لەلایەن نیزامی سیاسییەوە کە هیچ ڕەواییەکی خەڵکیی نەماوە، لە دژی خۆی دەشکێتەوە، دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە و خەڵک ناچار بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ دەکات.
سەرکوت و توندوتیژی سیاسەتی ڕەسمی و نەگۆڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بووە. هەر لە مانگەکانی یەکەمی دوای شۆڕشی ٥٧ کە خەڵکی کوردستان و زۆر لایەنی سیاسیی دیکە لە ئێران داوای ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکرد کە شۆڕشیان بۆ کردبوو و خوێنیان بۆ دابوو، ڕێژیم بە سەرکوت و داپڵۆسین بەرەوڕووی خەڵک بۆوە و ماهییەتی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد. بۆ نموونە بینیمان خەڵکی کوردستان کە داوای مافی خودموختاری مافی بەڕێوەبردنی کاروباری نێوخۆی ناوچەی خۆیان دەکرد و پێیان لەسەر ماف و ئازادییەکانیان دادەگرت، فەرمانی جیهادیان لەدژی درا و شەڕیان بەسەردا سەپێندرا. ئەمە سەرەتایەک بوو کە هەتا ئێستا درێژەی هەیە و لە بارودۆخی هەستاری هەنووکەشدا ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی دەیەوێ پێش بە هەڵەسوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە سەرانسەری وڵات بگرێت.
وەردێکی ڕووداوەکان
دوای کوژرانی ژینا و ئاخێزی کوردستان ڕێژیم دەیزانی کار لە گرێژنە ترازاوە و بچووککردنەوە ڕووداوەکە، پاساوهێنانەوە و ئیدیعای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دادی نادەن و کەسی پێ قایل نابێت، تاکەچارەسەری هەر لە سەرکوت و کوشتندا دیتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی شۆڕشی ژینا بە دروشمە بایەخمەندەکەی ژن، ژیان ئازادی هەموو کوردستان و ئێرانی تەنی و هاوپشتییەکی کەموێنەی لە ئاستی دنیاشدا بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
کۆماری ئیسلامی کە بەلاڕێدابردن (فرافکنی) هەمیشە بەشێک لە تاکتیکەکانی بووە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکاندا، دەمودەست هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی خستە ئەستۆی ڕۆژاوا و پاڵنەری دەرەکی، بەڵام کاتێک دەیزانی ناتوانێ لە ڕۆژاوای هەڵپێچێ و پرسی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان و زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لادانی سزاکان لەبار دەچێ؛ کەوتە سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندانەکان لە نێوخۆ. ناوکی دەسەڵات لە ڕێژیم کە بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە هەمیشە کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، گیلەک و نەتەوەکانی دیکەی لە پەراوێزدا و لە بەرانبەر یەکتریدا ڕاگرتووە، دیسان کەوتە پلانی دووفاقەی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەلایەک و سەرکوتی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ بۆ چاوترسێنکردنی نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران. هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانیش هەم بۆ ڕەنگدانەوەی ئایدیا و دروشـمەکانی ئەم حیزبانە لەنێو دڵی جەماوەر و خۆپێشاندانەکان دەگەڕایەوە، هەم بۆ نیگەرانییەی کە هەوڵەکانی یەکگرتنەوە و نیزیکبوونەوەی هێزە سیاسییە کوردەکان خستبوویە هەناوی ڕێبەرانی ڕێژیمەوە.
ساڵێک دوای ئەم ڕووداوە نەک ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات دانەمرکاون، بەڵکوو لە بەرەبەری ساڵیادی شۆڕشی ژینا ڕێژیم چەند قات ترسی ڕێنیشتووە کە هەڵگیرسانەوەی خۆپێشاندانەکان ئەمجارەیان بە ئاقارێکی دیکەدا بڕوات. ڕێژیم کە دەیزانی سیاسەتی چلوچوار ساڵەی تاوانبارکردنی کوردەکان بە جیاییخوازی مایەپووچ بووە و پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتی پێ لەخشتە نابرێ، بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیەتی لەگەڵ عێڕاق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەتەمایە مەترسیی حیزبە کوردییەکان بە یەکجاری لە کۆڵ خۆی بکاتەوە؛ چونکی بەهۆی پاشخانی سیاسیی بزووتنەوەی کورد، ئەزموون و توانای ڕێکخستنی سیاسیی و جەماوەریی کوردستان و پێگەی قورسی حیزبە کوردیییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا؛ پێش هەموو جێیەک کوردستان بە خاڵی لاوازی خۆی دەزانێت.
دۆخی ئێستا
کۆمەڵگەی ئێران بەرەوپیلی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا دەچێت. هێز و لایەنە سیاسییە دژبەرەکانی ڕێژیم لە ئێستاوە بانگەواز بۆ مانگرتن و خۆپێشاندان دەکەن و ڕێژیم لە ترسی تەشەنەسەندنی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەک بە گوشارهێنان بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و خوێندکاری و لەلایەکی دیکە بە گوشارهێنان بۆ سەر حکوومەتی عێراق دەیانەوێ جڵەوی پێشهاتەکان لە دەستی خۆیاندا بێڵنەوە. بەتایبەت کە بانگکردن و دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەڕەشە لە خەڵکی بازاڕ و دووکاندار و مامۆستایان لە کوردستان گوڕی و خێرایی زیاتری بەخۆوە گرتووە. سوپای پاسداران هێزی زیاتری گواستووەتەوە بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان و هەڕەشەی هێرشی مووشەکی و چوونە نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەگەرچی نە هەڕەشە و هێرشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و نە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دیاردەیەکی نوێ نییە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردووشدا سپای پاسداران بەردەوام تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کردووە؛ بەڵام ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی ئێران هاوکێشەکەی تا ڕادەیەژی زۆر گۆڕیوە. بەتایبەت کە شۆڕشی ژینا لە ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتەی بەرەو ئاقارێکی دی بردووە و لە ئێستادا داخوازیی خەڵک نە ڕێفۆڕم و چاکسازی و نە داوای سینفی نین و تەواوەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بەئامانج گرتووە.
لە هاوکێشە ناوچەییەکانیشدا کێبرکێی سیاسی و ئابووری ئێران لەگەڵ تورکیە و ژئوپۆلۆتیکی هەرێمی کوردستان وای کردووە سەرەڕای سیاسەتی ڕوونی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر دەسەڵاتی کوردی لە ناوچە، بەڵام باشووری کوردستان جێگەیەکی تایبەتتری لە بەرنامەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەبێت.
پوختەی مەبەست:
کۆماری ئیسلامی نوقمی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە. بەهۆی ئەوەش کە نە شەرعییەتی لەلای خەڵکی وڵات ماوە و نە توانایی چارەسەری کێشەکان و زاڵبوون بە سەر قەیرانەکانیدا هەیە، بە هەموو شێوەیەک و قەیرانخوڵقێنییەکی دیکە پەلەقاژەی مانەوەت زیاتری خۆی دەدات. بینیمان کە بۆردومانکردنی بارەگا و کەمپەکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستان و هێرشی مووشەکی بۆ سەر قوتابخانە و شوێنە مەدەنییەکانیش هیچ دەستکەوتێکی بۆ نەهێنا و خەڵکی کوردستان بە مانگرتنە یەک لەدوای یەک و خۆپێشاندنی بەرفراوان لە شارەکان وەڵامی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییان دایەوە. لە بەلوچستانیش هەروەها. هاوکات یەکگریی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران ئەوەندەی دیکەش زراوی ڕێبەرانی ڕێژیمی بردووە.
لەو بارودۆخە ململانێی ڕێژیم کە تەنیا چەکی سەرکوتی بەدەستەوە ماوە لەگەڵ خەڵکی ئێران و هێزە گۆڕانخوازەکانی وڵات، کە لێبڕاو و شێلگیر خۆیان بۆ قۆناغێکی دی لە خەبات و بەربەرەکانی دژی ڕێژیم ڕێکدەخەن، ئێران دەباتە دۆخێکی نوێ. دۆخێک کە لە ئەگەری یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی هەموو جۆراوجۆرییەکانی وڵات و سەرگرتنی هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕێژیم لە پێکهێنانی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی، بە سەرکەوتنی ئەو خەباتە چارەنووسی دواجاری ڕێژیم لە داهاتوویەکی زۆر نیزیکدا یەکلا دەبێتەوە.