د. ئاسۆ حەسەن‌زادە
(وه‌رگێڕدراوی قسه‌کانی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له سیمیناری "یه‌ك‌ساڵه‌ی شۆڕشی ژینا" له پاریس)
سه‌ره‌تا سوپاسی ئه‌نستیتۆی کورد و شاره‌وانیی ژماره (١٠)ی پاریس ده‌که‌م بۆ پێکهێنانی ئه‌م سیمیناره. یادکردنه‌وه‌ی ده‌سپێكی شۆڕشی ژینا ته‌نیا نیشانه‌ی هاوپێوه‌ندیی فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵ ئازادیخوازانی ئێران نییه (شتێک که بێگومان مایه‌ی ئه‌مه‌گناسیی ئێمه‌یه)، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها یارمه‌تی به‌وه ده‌کا که سه‌رنجی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بارودۆخی نێوخۆی ئێران به زیندوویی بمێنێته‌وه.
هه‌روه‌ک ده‌زانن یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی شۆڕشی ژینا ئه‌وه بوو که ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه زیاتر له هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی دیکه‌ی نێوخۆی وڵاتان ده‌نگدانه‌وه‌ی له ئاستی جیهانیدا هه‌بوو. ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو که ئێران جێگه و پێگه‌یه‌کی ژیئۆستراتژیکی تایبه‌تی هه‌یه یان ئه‌وه که کۆماری ئیسلامی چوار ده‌هه و نیوه له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا له گرژی‌دایه. به‌ڵكوو هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه بوو که شۆڕشی ژینا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک ئیده‌ئال و به‌هایه که نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێران و ناوچه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌و وڵاته ڕۆژئاوایی و ئورووپاییانه‌ش که له بواری پێکه‌وه‌ژیان و ناسنامه و سێکۆلاریزمدا له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگ و ئاله‌نگاری به‌ره‌وڕوون، گرینگ و ئیلهام‌به‌خشن. هه‌ربۆیه خۆش‌ڕاگرتنی بڵێسه‌ی شۆڕشی ژینا به‌شێكیشی به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که ئه‌و سه‌رنجه نێونه‌ته‌وه‌ییه له‌سه‌ر ئه‌و شۆڕشه هه‌روا بەزیندوویی ڕابگیرێ.
ئه‌من ئه‌مرۆ لێره ده‌بێ بارودۆخی کوردستانی ئێران باس بکه‌م. به‌ڵام پێم‌وایه بۆ ئه‌وه‌ی له بارودۆخی ئێستای کوردستان تێ‌بگه‌ین پێویسته دۆخی کوردستان له کۆنتێکستی بارودۆخی گشتیی ئێران‌دا چاو لێ بکه‌ین و کۆبه‌ندێکی یه‌ك ساڵی ڕابردووی ئه‌م شۆڕشه‌ش بکه‌ین.
وه‌ك ده‌زانن چه‌خماخه‌ی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه بێ‌وێنه‌یه‌ی خه‌ڵکی ئێران له کوردستان لێ درا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک سه‌رتاسه‌ری ئێرانی گرته‌وه، له سایه‌ی ئه‌وه بوو که مه‌رگی ژینا بوو به ده‌مه‌ساتێکی بێوێنه له مێژووی هه‌نگاونانی سه‌ت ساڵه‌ی گه‌لانی ئێران به‌ره‌و دێموکڕاسی: ده‌مه‌ساتی دیتنی خه‌ونێكی هاوبه‌شی ئێرانی که دروشمی کوردیی "ژن، ژیان، ئازادی" گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونه بوو. بێگومان ژینا کورد بوو، بێگومان دۆخی ژنان له ئێران پاڵنه‌ر و بزوێنه‌ری ئه‌و شۆڕشه بوو، به‌ڵام هه‌ردووکی ئه‌مانه بوونه مایه‌ی شکڵ‌گرتنی ڕنوویه‌كی جه‌ماوه‌ری که به شێوه‌یه‌كی کۆکه‌ره‌وه به‌سه‌ر جیاوازییه ئێتنیکی و چینایه‌تییه‌کان بازی دا، کێشه‌ی باڵ و لاباڵه‌کانی نێوخۆی ڕێژیمی وه‌لا نا و کۆی ڕێژیمی به ئامانج گرت، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌سیاسی کرد، و سه‌ره‌نجام هاوکێشه‌ی ترس له‌نێوان خه‌ڵک و ڕێژیمی به‌پێچه‌وانه کرده‌وه. به‌م چه‌شنه بزوتنه‌وه‌یه‌ک له‌دایک بوو که ئیدئۆلۆژیک نه‌بوو به‌ڵکوو هه‌ڵگری ئیده‌ئال بوو، یه‌كده‌ست نه‌بوو به‌ڵكوو یه‌كگرتوو بوو، یه‌كناسنامه‌یی نه‌بوو به‌ڵکوو فره‌چه‌شن بوو. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش کورده‌کان نه‌خشی پێشه‌نگیان گێڕا و ئیلهامیان دایه سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگەی ئێران. به‌مجۆره تێکه‌ڵاوی و هاوهه‌نگاوییه‌ك له‌نێوان کورد و باقیی ئێران‌دا دروست بوو که له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌رگیز نه‌دیترابوو و بووه هۆی ئه‌وه که بۆ ماوه‌یه‌ک کڵێشه و پرۆپاگەندای کۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌وه که کورد کێیه و چی ده‌وێ، پووچه‌ڵ بوونه‌وه.
به‌ڵام که گوتمان خه‌ونی هاوبه‌ش هێشتا هیچمان له‌باره‌ی سروشت و نێوه‌رۆکی ئه‌و خه‌ونه هاوبه‌شه نه‌گوتووه. سه‌یره‌که له‌وه‌دایه که خاڵی لاوازی بزوتنه‌وه‌ی ژینا ئه‌وه نییه که ئه‌و هاوبه‌شییه، هاوبه‌شی له شتێكی بچووکدا بێ، به‌ڵکوو هاوبه‌شی له شتێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌دایه که یه‌کجار زۆر گشتیه و ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی نێوه‌رۆکی ورد و پێناسه و پێوه‌ندیی توخمه پێکهێنه‌ره‌کانی کارێكی ئاسان نییه.
له که‌س شاراوه نییه که به‌داخه‌وه له ئێستادا هه‌ستانی خه‌ڵك له ئێران تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو دامرکاوه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ڕووبه‌ڕووی ئه‌و واقعیه‌ته تاڵه ببینه‌وه، ده‌بێ سه‌باره‌ت به هۆکاره‌کانی له خۆمان بپرسین. ئه‌من ئه‌و هۆکارانه به‌سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌که‌م. ئه‌وه ده‌رفه‌تێکیش ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی هێندێك زانیاریی نوێ له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستانتان بده‌مێ.
ده‌سته‌ی یه‌که‌می هۆکاره‌کان پێوه‌ندییان به که‌موکوڕییه پێکهاته‌یی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی بزوتنه‌وه‌که‌وه هه‌یه که وا ده‌که‌ن که یه‌كگرتوویی هه‌فته و مانگه‌کانی سه‌ره‌تای ئه‌و شۆڕشه زۆر زوو جێگای خۆیان دایه‌وه به گه‌ڕانه‌وه‌ی دابه‌شبوون و نالێکییه‌کان. ئه‌و دابه‌شبوون و نالێکییانه ته‌نیا سروشتێكی کۆمه‌ڵایه‌تییان نییه (بۆ نموونه ئه‌وه که هه‌موو چین و توێژه‌کان به‌تایبه‌تی چینی مامناوه‌ند به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له زه‌مان و جوغرافیادا په‌یوه‌ستی بزوتنه‌وه‌که نه‌بوون یان په‌یوه‌ست بوون و تێیدا نه‌مانه‌وه)، به‌ڵکوو سروشتێکی نه‌ته‌وایه‌تیشی هه‌یه. کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له ته‌واوی ئه‌و یه‌ک ساڵه‌دا هه‌موو هه‌وڵی خۆی دا و زۆری نه‌برد تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو سه‌رکه‌وتووش بوو که ئه‌و هه‌ستانه سه‌راسه‌رییه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌ناو په‌راوێز و ناوه‌نددا -ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم شیعه و سوننه‌دا- کورت بکاته‌وه. به‌م جۆره له چه‌ند مانگ پاش ده‌سپێکی ئه‌و شۆڕشه‌وه هه‌تا ئێستا کوردستان و به‌لوچستان وه‌ک ته‌نیا دڵی له‌حاڵی لێدانی جه‌سته‌یه‌کی سست ماونه‌وه. ته‌نانه‌ت له سالوه‌گه‌ڕی ده‌سپێكی ئه‌و شۆڕشه‌دا له حاڵێکدا کوردستان و به‌لوچستان هه‌روا به‌پێوه و له‌مه‌یداندا بوون، باقیی خه‌ڵکی ئێران بێده‌نگ و بێ‌ته‌فاوه‌ت دیار بوون.
له‌وه‌ش تاڵتر ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ بوو به هاوده‌ستی ڕێژیم بۆ دابه‌شکردنه‌وه و لێک‌دوورخستنه‌وه‌ی پێکهاته‌کانی نێو کۆمەڵگەی ئێران. ته‌نیا چه‌ند حه‌وتوو پاش وه‌ڕێکه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه، به‌شی زۆری ئۆپۆزیسیۆنێك که ده‌یان ساڵ بوو بۆخۆی به‌ده‌ست نایه‌كگرتووویی و ورد و خاشیه‌وه ده‌یناڵاند، له‌ژێر کاریگه‌ریی هات و هاواری سه‌ڵته‌نه‌تته‌ڵه‌به‌کاندا و به گه‌ڕانه‌وه بۆ عه‌قڵیه‌تی مه‌زنیخوازیی ناسیۆنالیزمی فارس و به‌رزکردنه‌وه‌ی داوه‌ڵی له‌به‌ریه‌ک‌هه‌ڵوه‌شانی ئێران، که‌وتنه داوی جه‌مسه‌رسازی له‌نێو کۆمەڵگەی ئیران‌دا. ئه‌وه لانیکه‌م ئه‌و سووده‌ی هه‌بوو که سنووربه‌ندییه‌کانی نێوخۆی ئۆپۆزیسیۆنی چاکتر له جاران ڕوون کرده‌وه و ده‌رکه‌وت که ته‌نیا ئالترناتیڤی مه‌عقول و مومکین بۆ کۆماری ئیسلامی یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان و ئه‌و هێزه چه‌پ و کۆماریخوازانه‌یه که حازرن دان به فره‌نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران دابنێن.
به‌ڵام ئه‌م جه‌مسه‌رسازی و دابه‌شبوونه‌وه‌یه بێگومان کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م شۆڕشه ده‌بێ. هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌و که‌مایه‌سییه زاتییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که پێشتر له‌باره‌ی خه‌ونه هاوبه‌شه‌که‌وه باسم کرد. له‌ڕاستیدا دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" له‌گه‌ڵ هه‌موو جوانی و پڕمانایی و پڕ به‌ڵێن بوونه‌که‌ی، ئه‌وه‌نده گشتگیره که هه‌موو که‌س ده‌توانێ بانگی بدا، به‌ڵام ته‌رجومه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه که بیکه‌یه بنه‌مای نه‌خشەڕێگای خه‌بات و بنه‌مای کۆنکرێت بۆ دروستکردنی ئالترناتیڤی سیاسی، به‌چه‌شنێک که به‌شێک له‌و هێزه ئێرانییانه‌ی وا خۆیان به‌و دروشمه‌وه هه‌ڵده‌واسن، شڕۆڤه‌ی وه‌ها بۆ جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ده‌که‌ن که له دژایه‌تیی ته‌واو له‌گه‌ڵ نێوه‌رۆک و فه‌لسه‌فه‌ی خودی ئه‌و دروشمه‌دایه. ئه‌م هاودژییه زۆر جار نادادپه‌روه‌ری و بێ‌ئینسافیی ده‌رهه‌ق به کوردستان لێ ده‌که‌وێته‌وه. بۆ نموونه له یه‌ک ساڵی شۆڕشی ژینادا ژماره‌ی کوژراوان و ده‌ستگیرکراوانی کوردستان به شێوه‌ی ڕێژه‌یی دوو هێنده و بگره سێ ئه‌وه‌نده‌ی نێونجی گشتیی ئێران بووه، به چه‌شنێک که یه‌ك له‌سه‌ر سێی کوژراوه‌کان له کوردستان بوون و کوردستان و به‌لوچستان به‌یه‌که‌وه هه‌میشه زیاتر له نیوه‌ی قوربانییانی سه‌رکوتیان به هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه وه‌به‌رکه‌وتووه. که‌چی زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ناوه‌نده مێدیایی و سیاسییه ئێرانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌ک هه‌ر هیچ چه‌شنه ئاکامگیرییه‌کی سیاسیی دروستیان له‌و ناهاوسه‌نگییه له قوربانیدان و له مه‌یداندابوونی خه‌ڵکی کوردستان و به‌لوچستان نه‌کردووه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه له‌سه‌ر حاشالێکردنی ئه‌و واقعییه‌ته و خۆبواردن له داننان به ماف و ویسته‌كانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێران به‌رده‌وام بوون. له‌ڕاستیدا له‌حاڵێکدا کورده‌کان له‌و یه‌ک ساله‌دا له مه‌یداندا یه‌کجار زۆر دیار بوون، له دیسکۆرسی سیاسیی ئێرانی‌دا هه‌روا حاشا له جه‌وهه‌ری پرسه‌که‌یان ده‌كرێ.
ده‌سته‌ی دووه‌می هۆکاره‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دژواریی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نابه‌رابه‌ری نێوان بزوتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ڕێژیمێكی دیکتاتۆر و سه‌رکوتکار که هیچ باکی نییه له‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران خه‌ڵتانی خوێن بکا. دیاره عه‌رزی ئێران مه‌خمه‌لی لێ ناڕوێ و بۆ شۆڕشی مه‌خمه‌لی ده‌ست نادا. هه‌ر ئه‌وه‌ش جۆرێك دوودڵی سه‌باره‌ت به شێوازه‌کانی خه‌بات له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی له‌لای نه‌یارانی ئه‌و ڕێژیمه‌ی لێ که‌وتۆته‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌نیا باسی کورد بکه‌م، حیزبە سیاسییه‌کانی کوردستان له‌حاڵێکدا له سه‌ره‌تای شۆڕشی ژینادا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بوو پێشمه‌رگه بنێرنه‌وه نێوخۆی وڵات و ڕه‌نگه توانیبایان هێندێک به‌شی کوردستانیش ئازاد بکه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ڕێژیم سه‌باره‌ت به هێزی چه‌کدار و مه‌یلی جوداییخوازانه‌ی کورد نه‌بێته هۆی لاوازبوونی یه‌كگرتوویی و مه‌یدانداریی بزوتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی خه‌ڵک له ئێران‌دا، ئه‌و کاره‌یان نه‌کرد. ئه‌مڕۆ ساڵێک پاش شۆڕشی ژینا نه‌ک هه‌ر شتێکی ئه‌وتۆ له ڕۆژه‌ڤدا نییه، به‌ڵکوو کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده زێده‌خواز و هار بۆته‌وه که نه‌ك هه‌ر له نێوخۆی کوردستان سه‌رکوتی چڕ کردۆته‌وه، به‌ڵکوو له کوردستانی عێراقیش حیزبه کوردییه‌كانی ئێران ته‌عقیب ده‌كا و ده‌یه‌وێ له‌وێ جێگه‌یان پێ لێژ بکا.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زانیاری و ئاماری به‌ڕۆژی دۆخه‌که له کوردستان، به‌پێی هێندێك سه‌رچاوه‌ی وه‌ك ڕێكخراوی مافی مرۆڤی "هه‌نگاو" ته‌نیا له دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر له دوو سه‌ت و حه‌فتا که‌س له هه‌موو چین و توێژه‌کانی خه‌ڵک ده‌ستگیر کراون و دوو سه‌ت خۆپێشانده‌ر حوکمی قورسی زیندان و سزای جه‌سته‌ییان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. هه‌ر ئێستا لانیکه‌م پازده که‌س مه‌ترسیی مه‌حکوم بوون به ئێعدام و به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و حوکمه‌یان له‌سه‌ره. له ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی ژینادا کوردستان دۆخێكی ته‌واو نائاسایی هه‌بوو، خودی که‌سوکاری ژینا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و چاوه‌دێریدا بوون و زۆر شاری کوردستان وه‌ك سنه و مه‌هاباد و بۆکان و سه‌قز و جۆنراۆ و دیوانده‌ره میلیتاریزه کراون. ئێستا که نزیک به دوو حه‌وتوو له ساڵوه‌گه‌ڕی مه‌رگی ژینا تێ‌ده‌په‌ڕێ، هێشتا زرێپۆشه‌کانی ڕێژیم له زۆر له‌و ده‌ڤه‌رانه نه‌کشاونه‌وه.
له ئاستی ئێرانیشدا ئه‌گه‌رچی ڕێژیم به‌ڕواڵه‌ت و به‌شێوه‌ی تاکتیکی له هێندێک بواری سه‌مبولیکی وه‌ك پۆشینی حیجاب دا تا ڕاده‌یه‌ک پاشه‌كشه‌ی کردووه، به‌ڵام ئه‌و ڕێژیمه له هه‌موو کاتێك زیاتر لێ بڕاوه که ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به سه‌رکوتی زیاتر بخنێکێنێ و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیش توانای تێكده‌رانه‌ی خۆی باشتر پێشان بدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کان ناچار بکا له‌گه‌ڵی بکه‌ونه‌وه سات‌وسه‌ودا.
ئه‌وه‌ش ده‌مهێنێته سه‌ر ده‌سته‌ی سێهه‌می هۆکاره‌کان واته فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی که ئه‌ویش به‌داخه‌وه ئێستا به قازانجی جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵک له ئێران ناگه‌ڕێ. ئه‌من زۆر سوپاسی ئه‌و قسانه ده‌که‌م که به‌ڕێز سه‌ناتۆر له‌و باره‌وه کردی. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین واقعیه‌ته‌که ئێستا شتێکی دیکه‌یه. له‌حاڵێکدا له سه‌ره‌تاکانی شۆڕشی ژینادا شاهیدی هاوپێوه‌ندییه‌کی بێوینه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بووین که هێندێک هه‌نگاوی کردارییشی له‌گه‌ڵ بوو؛ له‌حاڵێکدا له یه‌ک ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی نه‌ك هه‌ر له سه‌رکوتی خه‌ڵک و چالاکیی تێكده‌رانه له ناوچه‌دا به‌رده‌وام بووه، به‌ڵکوو له شه‌ڕی ئۆکراینیشه‌وه گلاوه، که‌چی به‌داخه‌وه ده‌بینین که ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر باری سیاسه‌تی سات‌وسه‌ودا و چاوپۆشی له ڕه‌فتاری کۆماری ئیسلامی، ئه‌وه‌ش له ڕیگای خۆبواردنی یه‌كیەتیی ئورووپا له تۆمارکردنی سوپای پاسداران وه‌ک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، فرۆشی نه‌وتی ئێران و ده‌وردانه‌وه و شلبوونه‌وه‌ی مێکانیزمی گه‌مارۆکان، ئازادکردنی به میلیارد دۆڵار له به‌رانبه‌ر ئازادکردنی بارمته‌کان، مه‌یدان دان به ئێران له هێندێك له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و زۆر شتی دیکه. ئه‌من له هۆکاره‌كانی ئه‌م پاشگه‌زبوونه‌وه ڕێژه‌ییه‌ی ڕۆژئاوا له بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی ئێستادا تێ ده‌گه‌م. به‌ڵام ئیجازه‌م بده‌ن که بڵێم ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌تی ئورووپا له درێژخایه‌ندا فیشه‌ک له لاقی خۆیان ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران به مێتۆدی "ئاشتیی موونیخ" بجوڵێنه‌وه، واته ئه‌و شته‌ی ساڵی ١٩٣٨ له‌گه‌ڵ هیتلێریان کرد و به خه‌یاڵی خاوی پێشگیری‌کردن له شه‌ڕ، له‌گه‌ڵی سازان.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم که داننان به که‌موکوڕییه‌كانی شۆڕشی ژینا و دیتنی واقعببینانه‌ی دۆخی ئێستای خه‌باتی گه‌لانی ئێران بۆ ئازادی به هیچ جۆر به‌و مانایه نییه که شۆڕشی ژینا پۆتانسیه‌لی خۆی له‌ده‌ست داوه. به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ماهیه‌تی تیئۆکراتیک و دژه گه‌لیی کۆماری ئیسلامی و نالایقی و نائاماده‌یی ڕێژیم بۆ چاره‌سه‌ری کێشه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وڵات و ئیراده‌ی به‌رده‌وامی بۆ ژیان له گرژیدا له‌گه‌ڵ جیهان، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌توانێ به شه‌و و ڕۆژێك به هه‌مان که‌فوکۆڵی پار و بگره زیاتریش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. حاشای لێ ناکرێ که بزوتنه‌وه‌ی ماف‌ویستانه‌ی خه‌ڵک به‌تایبه‌تی له کوردستان ڕۆژانی دژواری له‌پێشه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شۆڕشی ژینا ته‌نیا یه‌ك ده‌سکه‌وتی بووبێ، ئه‌و ده‌سکه‌وته ئه‌وه‌یه که شتێك که پێشتر له ئاستی گشتیی ئێران‌دا وه‌ك کوردستان وجوودی نه‌بوو و ئه‌مجار هه‌یه و بۆ هه‌میشه ده‌مێنێ، زه‌مینه‌ی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌مه‌لاگیر و ڕاسته‌وخۆی نێوان خه‌ڵک و ڕێژیمه. ئه‌وه که ئایا ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه چه‌ندی دیکه ده‌خایه‌نێ و سه‌ره‌نجام به چ لایه‌كدا ده‌شکێته‌وه، به‌ستراوه‌ته‌وه به وڵامێک که حازرین پێکه‌وه به‌و که‌موکوڕییانه‌ی شۆڕشی ژینای بده‌ینه‌وه که ئیشاره‌م پێ کردن.
ئه‌وه‌ی بۆم باس کردن سه‌رنجه‌کانم بوو له یه‌ک ساڵه‌ی شۆڕشی ژینادا که تێكه‌ڵاوێک بوو له شرۆڤه و سیاسه‌ت. دیاره ئه‌رکی یه‌که‌می من لێره‌دا ناردنی په‌یامی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵام چ شتێك سیاسی نییه کاتێك کوردی؟ چ شتێك سیاسی نییه کاتێك له ئێران ده‌ژی؟ چ شتێك سیاسی نییه کاتێک له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆ مافه‌کانی خۆت خه‌بات ده‌که‌ی؟
سوپاستان ده‌که‌م.