کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشیی هزری_کۆمەڵایەتیی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستان و ئێران

20:22 - 17 رەزبەر 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی پڕکاریگەری چاخی پێشکەوتوون کە بەواندا دەتوانی خواستەکانی کۆمەڵگە یان شەبەنگێک لە کۆمەڵگە بەو داخوازیانەی هەیانە، پێیان بگا. بەجۆرێکی دیکە دەکرێ بڵێن؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارگەلی گرنگی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتین. "ئانتۆنی گیدێنز" لەم بارەیەوە دەڵی: لەو ئاکار و هەڵوێستانەی بەکۆمەڵ کە بۆ دەست‌وێڕاگەیشتن یان گۆڕانکاری لە بەشێک لە لایەنەکانی تەکووزیی ئارایی لە کۆمەڵگەدا هەیە، بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دێتە ناسین".(Giddens, A. 1994). هەموو ناڕەزایەتییەک کە داخوازی و ئامانجێکی دیاریکراوی بەکۆمەڵی هەبێ، دەکرێ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی_ناڕەزایەتی پێناسەی بکەین.
بەشی هەرەزۆری ئەو ناڕەزایەتییانەی یەک دەیەی ڕابردووی جوغرافیای ئێران بەتایبەت دوای بزووتنەوەی سەوز(١٣٨٨) کە فۆڕم و خواستی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە بە هۆکاری بەجیهانیبوون، بەردەوامیی کەشی داخراوی سیاسی و قەیرانەکانی یەک‌لە‌دوای یەکی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی؛ گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە و لە درووشمی خەڵکانی ناڕازی لەسەر شەقام بە تەواوەتی دەبیسرا و دەبینرا. دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی (٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١) کۆمەڵیك ناڕەزایەتی بە درووشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستانەوە دەستی پێ کرا و هەموو جوغرافیای ئێرانی گرتەوە، ئەو ناڕەزایەتییەی سەرجەم گەلان و چین و شەبەنگی جۆراوجۆری کۆمەڵگە و ئێران تەنیا بە کێشەگەلی وەک بژیوی ژیان یان ئابووری نەبەسترابۆوە، بەڵکوو زۆربەی داواکارییەکان سیاسی و ئازادیخوازانە بوو و تەنانەت ئەوکاتانەی پێداویستییەکانی بنەماڵە، خواردمەنی یان بەنزینیش گران دەبوو، دەبووە بەهانەیک بۆ خەڵکی زوڵملێکراو و ناڕازی هەتا دروشمی نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەرەکی وەک دیکتاتۆرێک بڵێنەوە. میناکی ئەو چالاکییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨دا خۆیان دەرخست، بەڵام لە هەمووی ئەوانەدا بوونی ئەتنیک و نەتەوەی جۆراوجۆر لە جوغرافیایە، داخوازیی ڕەوایان بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤیی نێونەتەوەیی و خەبات و تێکۆشانیان لە زۆربەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە؛ داخوازیی ئەو حیزبانە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆیان دەکەن، سیاسییە و بۆ ماف و حقوقی نەتەوایەتییان دەگەڕێتەوە.
بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە زۆر کەسی شارەزای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز لە قەڵەمی دەدەن، کەڵەکەبوونەوەی هەموو ئەو زوڵم و نادادپەروەری، هەڵاواردن، سەرکوت، گرتن و ڕفاندن، خوڵقاندنی کەشی نیزامیی پڕ لە ترس، نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، دەست‌تێوەردانی سپا لە هەمووکارێکی مەملەکەت، بایەخنەدان بە بیروڕای گشتی و بێڕێزی‌کردن بە مافی ژنان، کرێکاران، فەرهەنگیان، نەتەوە جۆراوجۆرەکان و... بووە. گیان لەدەستدانی ژینا سەرەتا بووە هۆی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، گۆڕانکاری لە جۆری ڕوانین و بیرکردنەوە و لادانی پێش گریمانەی سەقەتی ڕابردوو و دواجار شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەر لە شۆڕشێکی سیاسی. ئەگەر ئاوڕێکی خێرا بە ئاکار و ڕەوشتیی بەکۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکاندا بخشێنینەوە، دەبینین، لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان لەبەر هەبوونی حیزب‌گەلی سیاسی و کەسایەتیی نەتەوەیی_ئۆلی خاوەن پێگە، بە شێوەیەکی زۆر تۆکمە و ڕێکخراو بە بەراورد لەتەک ناوچەکانی دیکەی ئێران چالاکی کراوە و لە شێوازەکانی نافەرمانی مەدەنی و بەدوور لە توندوتیژی و دێموکراتیک، کەڵک وەرگیردراوە. ڕاپەڕینی ئەم دواییە بە دوور لە شەپۆلێکی هەستەکی و بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی وەک فەلسەفەی ئەو بزووتنەوە نوێیە کە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان جۆری ڕوانین و دێموکراسی خوازی مۆدێڕنی لەبەردەم دانا، هیوایەکە بۆ وەرزێکی نوێ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
دوای ئەم کورتەباسە و بەپێی بنەماکانی شۆڕشێکی ڕاستەقینە بەو هەمووە مانایەی هەیەتی، پرسیارێک دێتە ئاراوە کە، ئایا ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان شۆڕشێک بوو؟ ئەگەرچی هەتا ئێستا ئەو بزووتنەوەیە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی نەگەیوە بەڵام ئایا لە ناوەندیشدا توانی شۆڕشێکی هزری خۆیا بکات؟
شۆڕش(Revolution) لە بواری ماناییەوە بە واتای گۆڕان و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دێ. بیرمەندانی بەستێنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن؛ شۆڕش بەو مانایەیە کە، خود یان چیەتیی تشتێک، گۆڕانی بنچینەیی بەسەردا بێ لە ڕاستیدا بیرمەندان گۆڕانکاری لە فۆڕم و نێوەڕەۆک وەک "شۆڕش" پێناسە دەکەن. لە بەستێنی ڕامیارییشدا شۆڕش وەک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دامەزراوەی حکوومەت پێناسە دەکرێ. جگە لەو هەمووە ڕوانگە و مانا و واتایەی لەم دیاردە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزە هەیە، دەکرێ ئەم چەمکە بە دەربیجەی دیاردەناسییش تەتەڵە بکەین، چوونکە، "دیاردەناسیی شۆڕش، شۆڕش نەک وەک بزووتنەوەیەک، ناڕەزایەتییەک یان جۆرێک ئاکار لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕ پێک‌هێنان و گۆڕانکاری لە قەوارەی کۆمەڵگە، ئابووری و سیاسەتی کۆمەڵ، بەڵکوو وەک جۆرێک زانیاری، خۆپچکڕاندن لە ئەزموونی ناتەواوی پیشوو، فام و تێگەیشتنێک کە لە تێپەڕینی زەمەن تووشی دەبی، هەڵسەنگێنین(حسینی، ١٤٠١). بە دەربڕینێکی دیکە؛ پێشتر شۆڕشەکان گەڵاڵە نەکراون، بەڵکوو خوێندنەوەیەکە کە لە ئاکام وشیاری و خۆدەربازکردن لە پێش گریمانەکان و فامی ڕابردوو بەرەو ئازادی لەو شێوازە تێگەیشتن و بیرکردنەوە کەونەیە کە گووراوە. بە واتایەکی تر هەمان ئەو نوێبوونەوەیە کە بە ڕێنسانس و لەدایکبوونەوەیەکی دیکە لە هزری مرۆڤایەتی شەقڵی گرتووە.
ڕاپەڕینی ئەم دواییە بەر لەوەیکە لەونی شۆڕشێکی سیاسی بەخۆوە بگرێ، شۆڕشێکی هزری و کۆمەڵایەتی بوو. بەڕاشکاوی دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین؛ یەکێک لە پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تێکشکاندنی ئەو قەوارە هزری و کۆمەڵایەتییە چەقبەستووانە بوو بەتایبەت لەهەمبەر فرەنەتەوە بوونی جوغرافیای ئێران. لە ئاکام شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە ئەوژی لەتەک قەیران‌گەلی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەست پێ دەکات، کاتێک کە کۆمەڵگە دەورانێکی دوورودرێژ لە گەشە و پێشکەوتنی ئابووری کۆمەڵایەتی ئەزموون کردووە، لێبەلێ هەر بەوان هۆکاری سیاسی و ئابووری تووشی پاشەکشە و داتەپین و هەڵاوسان دەبێ، شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانە دەخوڵقێت کە، قەڵشتی چینایەتی و کۆمەڵایەتییان فرەیە، یان نەبوونی باڵانس و هاوکێشەی گەشەی ئابووری و سیاسی ڕێک نییە، واتە ئەوکاتەی کە کۆمەڵگە و ئابووری وەک دوو تایبەتمەندی گرنگ هەتا ئاستێکی زاڤ بەرز دەبێتەوە بەڵام لەبەرامبەردا ژینگەی سیاسی هەر پێکۆڵ دەکات، بە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە، کاتێک هەرکام لە تێرمەکانی کۆمەڵگە، ئابووری و سیاسەت هاوتەریب دەگەڵ یەکتر نەجووڵێن و گەشە نەکەن دەبێتە هۆی کەلێن و درز هەتا وای لیدێ شۆڕش سەرهەڵ دەدا، جا لێرەدایە بەر لە شۆڕشی سیاسی، شۆڕشی کۆمەڵایەتی کراوە، هەروەها وەرناسینی هەوێتیی هزری ڕابردوو و کەون، دابڕان لەو تێفکرینە، دەبێتە شۆڕشی هزری کە ئەمەش پیش شۆڕشی کۆمەڵایتی کراوە بۆ ئەوەیکە بەستێن بۆ شۆڕشەکانی کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا سیاسی خۆش بکرێ.
لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا کۆمەڵێک دیاردەی نوێ لە چوارچێوەی جۆرێک شۆڕشی هزری_کۆمەڵایەتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێرانی نوێ بە پاشخانی ئایدیای ڕاستیی توندئاژۆ_ئایینی و پارادایمی دەوڵەت_نەتەوە گوورا کە ئەمیان دەگەڵ سەرجەم بزووتنەوەکانی بەرلە خۆی جیاوازیی هەبووە. بەشداریی هەراو و بەردەوامی ژنان، قوتابیان، خوێندکاران و ڕەنگبێ لە هەمووی ئەوانە گرنگتر و پڕکاریگەرتر، هەستی پێوەندییەکی لەبار، پشتیوانی و هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان نەتەوە جۆربەجۆرەکان بە درووش‌گەلی وەک؛ "کردستان، کردستان، چشم و چراغ ایران، "از بلوچستان تا کردستان جانم فدای ایران" و یا "کورد، بلوچ، آذری، آزادی و برابری" میناکێکن لە گۆڕانکاری لە هزر و ئاڵوگۆڕ لە چۆنیەتیی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی چەندنەتەوەی ئێران، هەر ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەیکە، لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەو وێژمان، سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و چەندبەرەکی و ترساندنی ناوەند بە قسەی وەک "جیایی‌خواز" و "تەوایەتی ئەرزی"، بۆ پرینگانەوە لە ماف و حقوقی نەتەوەکان، کاڵ کردەوە و دۆخێکی لەبار بۆ بەشداریی چالاکانەی سەرجەم گەلان لە کەشێکی بەرامبەر بەبێ ترس و تۆقاندن لە یەکتر هێنایە ئاراوە. هەروەها پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و کۆمەڵگەی دیاسپۆڕا لەو بزووتنەوەیە لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو ڕابوونە مۆدێڕنە بوو.
بە نیسبەت پرسیاری یەکەم کە ئاخۆ، لە کوردستان شۆڕش کرا یان نا، ئاماژە بە چەند خاڵی گرنگ و بنەڕەتی لەهەمبەر چۆنیەتیی گووران و تایبەتمەندییەکانی شۆڕش دەکەین (بەپێی ڕوانگەی سەرکەوتنی شۆڕشەکان، پێداویستییەکان و کەرەسەکان):
ئا. ڕادەی بەشداربووان لە ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی بەردەوام و بەربڵاو.
ب. ڕێبەری و ڕێکخستن.
پ. بەرنامە و ئاڵتێرناتیڤی ڕوون بۆ دواڕۆژ و دەورانی تێپەڕین.
ت. پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
هەرچەند ناکرێ هەموو ڕابوون و بزووتنەوەیەک وەک شۆڕش پێناسە بکرێ و تەنیا ئەو بەشە لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان کە بەردەوام و بەربڵاون و لە ئاکامدا شیمانە دەکرێ بە ئاکامی دڵخواز بگا دەبنە شۆڕش، بەڵام لە کوردستان بەو باسەی کردمان دەکرێ بڵێین، لە کوردستان بە مانای ڕاستەقینە خەڵک شۆڕشی کرد، بەو واتایە جارێکی دیکەش بە کردەوە دوای خاکەلێوەی ١٣٥٨ و لەکاتی ڕیفراندۆم "نا"یەکی دیکەی بە گوێچکە و چاوی ڕێبەرانی ئێران هەموو جیهان سریواند.
دوای ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، شارەکانی کوردستان یەک بە دوای یەک و بە پشتیوانی یەکتر ڕابوون و دواتر هەموو ئێرانیشی گرتەوە و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێرانی نوێدا درووشم لە ناوەند بۆ پشتیوانی لە کوردستان درا. خاڵی جێی سەرنجی ئەم ڕاپەڕینە بەردەوامبوون و بەربڵاویی خۆپێشاندان و مانگرتنەکان بوو، بەجۆرێک دوای چوار جار داواکردنی حیزبە کوردییەکان (ناوەندی هاوکاری) لە خەڵک بۆ خۆپێشاندان و مانگرتنی دووکان و بازار، هەر چوار جار بە گڕوتینەوە خەڵک بەپیر ئەو بانگەوازانە هات تەنانەت لە زۆر شار مانگرتنەکان هەتا ٤٥ ڕۆژ بەردەوام بوو. لە زۆربەی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی وەک: سەقز، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، سنە، جوانڕۆ، دیواندەرە، خانێ، ئاودانان، مەریوان، ورمێ و... زۆرترین ڕادەی بەشداربووی جەماوەری ناڕازی و مانگرتنەکان بەڕێوەچوون. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە کاریگەری و قورسایی حیزبەکانی کورد جارێکی دیکە دەربکەوێ و ڕێژیم ترسی جددی وێ ڕابگا و، بۆ ڕێگریکردن و پساندنی پردی پێوەندیی نێوان خەڵک و حیزبەکانیان، چوار جار بە دڕۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر کەمپی پەنابەران و ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان؛ تەنانەت سپای پاسداران بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە بۆ ئەوە کرانە سەر حیزبەکان چوونکە دەستیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەبووە و خەڵکیان هان داوە.
خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کورد کە لە دروشم و ڕاگەیەندراوی حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنیدا وێنا کراوە، میناکی تایبەتمەندیی شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوو کە خەریک بوو لە نێوخۆی ئێران دەخوڵقا، حیزبەکان بەڕوونی خوازیاری سیستەمێکی دێموکراتیک و سکۆلار، ناناوەند بەدان پێدانان بە جۆراوجۆریی ڕەگەزی لە ئێرانن. لەلایەکی دیکەشەوە هەبوونی وشیاریی سیاسی و ئاستی بەرزی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی، خۆبەدوور گرتن لە توندوتیژی و چالاکیی بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر لە خەباتی مەدەنی و سیاسی، وایکرد لە چەند شاری کوردستان بینای فەرمانداری وەک هێمای حکوومەتی ناوەندی دەستی بەسەر دابگیرێ.
لەسەر ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان دەبێ دان بەوە دابندرێ بەهۆی خەباتی بێوچان و چالاکیی خەڵکی ئازادیخوازی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا و ناسینی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوەند هەروەها وشیاری نەتەوەیی لەهەمبەر مافی خۆیان بەهۆی تێکۆشانی حیزبە ڕەسەنەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات، تەشکیلاتی بەرفرە و تەکوزمەند، پلان، ڕاگەیەندراوەکان و بانگەوازی جۆراوجۆر بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنی لەلایەن حیزبەکانەوە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە وڵام درایەوە، ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بە کەڵک‌وەرگرتن لە ماتەوزەی ڕایەڵکە جڤاکییەکان، چالاکییەکانیان لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو ئێران بەتەواوەتی ئاوارتە و ناوازە بووە. خاڵێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕەوتی ڕووداوەکان، هەبوونی بەرنامە و پلانی دیاریکراوە کە بۆ ئەم مەبەستەش حیزبە کوردییەکان بۆ دواڕۆژی ئازادی نەخشەی بەڵگەمەندی خۆیان هەبووە و بەشی هەرە زۆری حیزبەکان لەسەر دەستەڵاتێک کە باوەڕی بە دێموکراسی و سێکۆلاریزم هەبێ ڕێک‌کەوتوون، حیزبە کاریگەرەکان بە ڕوونی داخوازی فێدراڵیزم لە قەوارەی کۆمارییەکی پاڕڵمانی دەکەن. تەنانەت لە دەرەوەی ئەم بازنە ڕوانینە ئەوان (حیزبەکان) ئامادەیی ئەوەیان نیشان داوە کە دەگەڵ هەموو لایەن و ڕەوتێک کە دان بە مافەکانی نەتەوەیی بنێن حازر بە وتووێژن و دەرگایان کراوەیە. لەم نێوەشدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی دوورە وڵات و خەڵکی نیشتەجێی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێ بەرز بنرخێنین، ئەوان بە پشتیوانیی خۆیان بە شێوەی خۆپێشاندان، مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆر وێڕای پشتیوانیی بەشێک لە وڵاتانی دێموکرات، لەونێکی تەواوی بە شۆڕش لە نێوخۆ دابوو.
ئەوەیکە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بواری هزری لە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی لەنێو چینێکی دیاریی وەک ڕووناکبیران و دەستەبژێری کۆمەڵگە، بەنیسبەت ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکان ئاڵوگۆڕی هزریی تێدا پێک‌هات و لە کوردستانیش شۆڕشێکی سیاسی_کۆمەڵایەتی دیکە ڕووی دا، شک و گومان هەڵناگرێ، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو پرسیارەش دێتە گۆڕ، ئەدی ئەگە شۆڕشێکی بەتەواو مانا بوو بۆچی هەتا ئێستا دوای ساڵێک لە سەرتاسەری ئێران بە گشتی سەرنەکەوتووە؟ لە بەرەوەدا بە چەند خاڵ ڕوانگەی خۆم دەردەبڕم:
١. زۆرجار سەرکردایەتیی حیزبەکانی کوردستان دانیان بەو خاڵە ناوە کە، ئێمە بە تەنیایی ئێرانمان بۆ ناڕووخێ، ئەگەر بۆ میناک خەڵکی کورد بتوانێ چەند شارێکیش لەدەست ڕێژێم بهێنیتە دەر، ئایا دەتوانن هەتا ماوەیەک بیپاڕێزن؟ ئایا هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی بە هەموو هێز و چەک و چۆڵێکەوە هێڕشی ناکەنە سەر؟ لە ئاکامدا دەبێ چ کارەساتێکی مرۆیی لە کوردستان ڕوو بدا؟!
٢. فرەنەتەوەیی بوونی ئێران ئەگەرچی دەتوانێ دەرفەت بێ بۆ داهاتووی پێکەوە ژیانی ئازاد و دێموکراتیکانە و ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵام نەبوونی یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوان ئەو هەمووە دەنگ و نەتەوە جیاوازنە دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیەک بۆ ئەوەیکە هیچ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێک پێک نەیەت، نەبوونی جێگرەوە و ئاڵتێرناتیڤ لەسەر بنەمای لانیکەمەکان و دانی ئادرەسێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئێران، لەو خاڵە نەرێنیانەیە کە هەتا ئیستا نەیتوانیوە خواستی بزووتنەوە دابین بکات.
٣. داخوازی و بەرنامەی سیاسی گەلی کورد زۆر ڕوونە و بەپێی بنەماکانی حقوقی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤی جیهانی باس کراوە و جگە لەمەش هەر بەرنامایەکی دیکە وەک ئەزموونی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یان ئەوەی ئێستا لەسەرکارە بە شتێکی نەگونجاو دەنرخێنن، بەڵام ڕەوتێک بە کوتانی دەهۆڵ و دەنگی هەراوهوڕیا کە تەنیا لە میدیا کڕاوەکان بە پووڵ و پارەی زەبەلاحەوە دەبینرێ و لە شەقامەکاندا خەڵکێکی ئەوتۆ شایەدی بۆ نادا، هاوتەریب دەگەڵ بیرۆکەی پەکخستنی ڕاپەڕین لەلایەن ڕێژیمەوە کاریان بۆ ئەوە کرد کە، خەڵک سارد بکەنەوە و بە خوڵقاندنی کێشە و بێ‌ڕێزی بە کەسایەتییەکان و بەلارێدا بردنی ویست و داخوازییەکانی خەڵک هەروەها شەڕی دەستەڵات و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، وەک کۆسپ و ئاستەنگێکی دیکەی نەگەیشتنی بزووتنەوەی بە ئاکامیی شۆڕش دەکرێ پێناسە بکەین.
٤. هەوڵی بێ‌ئامان و بەهەموو هێزەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕووخانی وای کردبوو لە فەزای مەجازی و ڕاستەقینە ئەوەی لە توانایدا بێ بۆ ڕێگریکردن لە ویستی خەڵک و تەفرەقە و ئاژاوە کردن لەنێو هێزەکان و گوشار بۆسەر کۆمەڵگەی مەدەنی، هێرشی پەیتاپەیتای بۆسەر بزووتنەوەی سیاسی کورد.
٥. سەرکوتی وەحشیانە و کوشتن و گرتن و لێدان لە خەڵکی ناڕازی بە کەلك وەرگرتن لە هەموو شێوازێکی یاساغی جیهانی. 
٦. بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و مامەلە دەگەڵ سەرانی ڕێژیم و ئیمتیاز پێدان، هەروەها ترس لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و جیهان، دەکرێ وەک هۆکاری دیکەی هەتا ئێستا سەرنەکوتنی ڕاپەڕین باس بکەین.
ئەگەرچی هەتا ئیستا شۆڕش بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتووە بەڵام بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، هەبوونی کێشە و گرفتی نێوخۆیی لە ئاستی ئێران و قەیرانەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، گەندەڵی سیستماتیک، گرانی و بێڕێزی بە مافی ژنان، کرێکاران، مناڵان و قەڵشتی کۆمەڵایەتی و دژوازی نێوان نەریتی بیرکردنەوەی دەستەڵاتداران و جیلی نوێ و... هەرکام لەوانە دەتوانێ ببێتە هۆکار بۆ شۆڕشی کۆتایی.