تاهیر قاسمی
هونەر وێڕای ئەوە کە دەتوانێ پاژێکی گرینگی بەرگری و بەرخودان بێ، پشتیوان و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک یان چین و توێژێکی ناڕازیی کۆمەڵگە لە حاند زوڵم و زۆر و چەوسانەوەدا. هونەر و ئەدەبی بەرگری لە بەرانبەر هێرش و داگیرکاری، سەرکوت، دیکتاتۆری، پێشێلکرانی ماف یان زەوتکرانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لەدایک دەبێ و خۆی پێشان دەدا. بەرخودانی بەبێ ئەدەب و هونەری بەرگری، بەرخودانێکی سست و بێدەنگە. هونەری بەرگری هاوکات کە قارەمانەتی و ئازایەتییەکان تۆمار دەکا و تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ بەرگری و بەرخودان هان دەدا، کەوشەن و سنوورەکانی بەرخودانیش تا دوورەدەست دەبڕێ و بە گوێی خەڵکی دیکەی دەگەیەنێ.
بۆکان هاوکات کە بە شاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، لەو شارانەی کوردستانە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، هەمیشە وەک سەنگەرێکی کۆڵنەدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخودان و بەرەنگاریی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ڕاوەستاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە هەموو بەژنە بچووک و لاوازەکەی ئەو سەردەمی، شانبەشانی مەهاباد، کانگایەکی خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی بوو. دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی خومەینی و فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستانیش، بۆکان سەرەڕای جوغرافیا نالەبارەکەی، درێژماوەترین بەرخودانی کرد و دوایین شاری کوردستان بوو کە داگیر کرایەوە. بە درێژایی چل ساڵی ڕابردووش، ئەو شارە بەردەوام گۆڕەپانی سەرهەڵدان و خۆپێشاندان بووە. لەوانە خۆپێشاندان و پاشان مانگرتنی چەند ڕۆژەی خەڵکی شار دژ بە کوژرانی چەند کەسی شارەکە بە دەستی جاشێک بە ناوی "سمایلی وەلیە ترک" لە ساڵی ١٣٧٠، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "سومەییە فەیزوڵڵاپوور" لە ساڵی ١٣٩٨ و پێشەنگایەتی و بەشداریی هەراو لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات وەک خۆی یان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ مەحکوومکردنی جنایەتەکانی ڕێژیم بەرەو ڕووی خەڵکی کوردستان کراونەتەوە، تەنیا چەند نموونەی لەسەرپێبوونی بەردەوامی ئەم شارە خەباتکارەن. ئەو ڕۆحی خەبات و بەرخودانەش هەم شوێنی لەسەر هونەرمەندان و ئەدیبانی شار و دەڤەرەکە داناوە و هەمیش کەم و زۆر ئیلهامی لە هونەر و ئەدەبی بەرگری وەرگرتووە. تا ئاستێک کە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆکان بە کانگایەکی دەوڵەمەندی هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری و کوردایەتی هەژمار دەکرێ.
بە درێژایی شەش مانگ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە سەرهەڵدانی ژینادا، بۆکان بەردەوام لەسەر شەقام بوو. لاوانی ئەو شارە ڕۆژ نەبوو بە شێوەی جۆراوجۆر نەفرەت و بێزاریی خۆیان بۆ دەسەڵات و سپای داگیرکەر دووپات نەکەنەوە و شەو نەبوو شەقامەکانی شار نەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. بەڵام ئەو خەبات و بەرخودانە بێ تێچوو نەبوو و بۆکان لەو ماوەیەدا لە حاند شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران زیاترین قوربانیی دا و زیاترین لاوانی خۆی پێشکەش بە ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان و بەرابەری و یەکسانیی ئینسانەکان کرد. لەم نێوەشدا ڕۆحی بەخشەندەیی و ئاستی دلۆڤانیی ئەو دایک و باوکانەی ڕۆڵەکانیان گیانیان لە پێناو نیشتماندا بەخت دەکرد، بۆ جیهانیان جێی سەرنج و سەرسوڕمان بوو. ئەوانەی کە بە دەم خوێندنەوەی شێعر و گۆرانی و سروودەوە تەرمی پیرۆزی ڕۆڵەکانیان بەرەو ئارامگەی هەرمان و تاهەتایی بەڕێ دەکرد. بە سەر زاری زۆرێک لەوانیش سروود یان شینگێڕییەکی هاوبەش دەبیسترا:
"وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێنرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە"
ئەمە سەربەند یان یەکێک لە سەربەندەکانی ئەو گۆرانی یان سروودەیە کە باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیاندا دەیانخوێند، وەک خوێندنەوەی ئەو وێرد و سروودە دەچوو کە ئیماندارێک لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لە پێش بارەگای خودای خۆیدا دەیخوێنێ. ئەو دایک و باوکانە لە ڕاستیدا بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە، قوربانیی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان دەکرد و بەم جۆرە شەهیدەکانیان بە کوردستان و هەرمان دەسپارد.
سروودەکە هەتا ئێستا بە تێکستی جۆراوجۆری پێکهاتوو لە شێعری چەندان شاعیری بەناوبانگی کوردستان گوتراوە و دەگوترێتەوە. شاعیرانێک کە زۆربەی شێعرەکانیان دەکەونە خانەی شێعری بەرگریی نیشتمانی و بەرەنگاریی نەتەوەییەوە. لەوانە چەند بەیت لە شێعری "ڕەوەز ورد ناکرێ"ی مامۆستا هێمن کە لە پاشەرۆکدا چاپ کراوە:
"زەوی! ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشتکووڕ؟
...کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرەدایکان دادڕاوە
کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ
کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ
... بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن
شەهیدی بێ سەر و بێشوێن دەنێژن
بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەڵۆ لەو کێوە سەربەرزانە نەبڕێ"
یان بەشێک لە شێعری "دەسڕێژی لاوان"ی هەمان شاعیر:
"بڕۆ ڕێوی بەسیەتی چاونەزێری
پەلامارێ مەبە بۆ لانی شێری
گوتویانە لە لانێ دەرپەڕی شێر
هەمووی دوژمن بەزێنە مێ و نێری"
هەروەها چەند دووبەیتی لە شێعری شەریف حوسێنپەناهی، شاعیری بەرەنگاری کە لە دیوانی "ملوانکەی شین"دا چاپ کراوە:
"شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا
ژیانی من وەکو ئەو شەو وەهایە
بە هەر لادا دەچم بەسراوە ڕێگا
گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با
بەهاری دیکە دێ ئەم داخە لابا
هەناسەی باخەوانی پیرە دەیگوت
هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با
چلەی زستانی کوێستانە کچی کێو
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەت بە چارشێو
دەزانم من چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو
ژیانی لاویی من وێنەی گوڵێ بوو
کە هاتە باغی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
خەمێکی نایە داوێنی دڵ و، چوو
بێجگە لە باوک و دایکی شەهیدان و خەڵکانی تێکۆشەر و سەوداسەری ئازادی، چەندان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوچەیی و ناسراو سروودەکەیان خوێندووە. سروودێک کە ئێستا ئیدی لای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاستی کوردستاندا یەکجار ناسراو و خۆشەویستە. لە کاتی بەرەنگاربوونەوە یان لاواندنەوەی ئازیزانی شەهیدیاندا، سروودێکی سوکناییهێنەرە و ئەوەندە کەوتووەتە سەر زار و دووپات کراوەتەوە کە سنوورە ناوچەییەکانی بڕیوە. بەڵام ئاخۆ چ شتێک ئەم سروودەی تا ئەو ڕادەیە خۆشەویست و گشتگیر کردووە کە هیندە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تێکۆشەر بەرەوڕوو بێ؟
گۆرانیی وەتەن نە تاکە گۆرانی یان سروودە کە بۆ نیشتمان و وەتەن گوتراوە و نە ڕەنگە خۆشترینیشیان بێ. بەڵام دوو شت ئەو ئاواز و گۆرانییەی لە گۆرانی و سروودەکانی دیکە جیا کردۆتەوە و هەر ئەو دوانەش تایبەتمەندییەکی کەموێنەیان پێداوە. یەکەمیان لەباریی ئاوازی گۆرانییەکەیە کە بۆ شێعر و هۆنراوەی زۆرێک لە شاعیران لەبارە یان گۆرانیبێژان وەهایان خۆش کردووە و ئەوەندە بە شێعر و تێکستی جیاواز وتوویانەتەوە کە سترانبێژ بتوانێ لە گوتنەوەیدا هاوکات هەستی خەمی لەدەستدانی ئازیزان، ڕق و بێزاری لە دوژمن و داگیرکەر، لاواندنەوەی شەهیدان و خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات و شەهید ئاوێتەی یەکتر بکا. بە واتایەکی دیکە هەوڵدان بۆ دەربڕینی هەمووی ئەوانە بە یەکەوە کە خواست و هەستی ناخی هەر تێکۆشەرێکی کوردە، وای کردووە کە سروودەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز و تێکەڵاو بگوترێ. بەڵام لەوە گرینگتر، خاڵی دووهەمە کە لە کەسایەتیی دانەری سروود یان گۆرانیەکەدا خۆی دەبینێتەوە و داکەوتنی لە زمان ئەوەوە گۆرانییەکەی لای خەڵک زیاتر واتادار کردووە.
ئەم سروودە وەک زۆر سروود و گۆرانیی شۆڕشگێرانەی دیکە لە ناوچەکە، لە دەنگی نەمر ئیسماعیل عەبباسی (ناسراو بە سمایلاغای چەوگالی)یەوە داکەوت و گشتگیر بوو. ئەو خۆی کەسایەتییەکی قسەخۆش، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکەی بۆکان، ئەدیب و شێعرناس، دەنگخۆش و ئاوازدانەرێکی شارەزا بوو. ئاواز و گۆرانییشی نەک بە ناوی هونەرمەند و گۆرانیبێژ یان بۆ بەزم و بۆنە بەڵکوو بۆ دەربڕینی هەستی خۆی و جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دەگوت. ئەو لە ڕاستیدا گۆرانیبێژی دڵی خۆی و گەلی خۆی بوو. دوای ئەوەی کە کوڕێکی بە ناوی قادر عەباسی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی بەیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە شەڕێکدا لە ئاوایی شاریکەند شەهید بوو، دڵی ئەو وەک دڵی باوکی هەر شەهیدێک، یەکپارچە بوو بە سۆز و ئاگر.
دوای ئەوە بوو کە سمایلاغا و گۆرانییە پڕ لە کوڵ و ماناکانی بوون بە سیمبۆل و سروودی هەموو ئەو باوک و دایکانەی ڕۆڵەکانیان لە پێناو ڕزگاریی نیشتماندا شەهید دەبێ. هەر باوکێک کە ڕۆڵەکەی شەهید بێ، خۆی لە ڕیزی ئەو کاروانە خەمبار بەڵام پڕ لە شانازییەدا دەبینێتەوە کە سمایلاغای چەوگالی چەمەرەخوێن و سروودبێژی بوو. لە کۆڕ و مەجلیسەکانیدا خەڵکانی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز لە دەوری کۆ دەبوونەوە و هێز و ورەی نیشتمانپەروەری، نەتەوەپارێزی و پێشمەرگەخۆشەویستییان لە خۆی و لە ئاکاری بەرز و لە گۆرانییەکانی وەردەگرت. خۆ ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەلوابا، گۆرانی و سروودەکانی کە لە کۆڕی ماڵاندا دەگوترا و تۆمار دەکرا، بە شریت و ڤیدیۆ دەستاودەست بڵاو دەبۆوە. ئەویش گۆرانییەکانی لە شێعری نەتەوەیی و نیشتمانیی شاعیرانی کورد هەڵدێنجا و پێشکەش بە ئۆگرانی ئەم خاک و نیشتمانەی دەکرد. هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی ناوچەکە زۆر زوو ئەو گۆرانی و سروودە نیشتمانیانەیان لە دەمی ئەو دەقۆستەوە و دەیانگوتەوە. لەوانە گۆرانیی "خاسەکەو"، "کراسێکم بە بەژنی خەم بڕاوم"، "بۆ گەلم شەرتە فیداکاری هەتا مردن بکەم"، "گەڵاڕێزان" و گەلێک گۆرانیی دیکە. لە نێو ئەو گۆرانیانەشدا، گۆرانی یان سروودی "وەتەن" بوو بە سەرچڵی هەموو گۆرانییەکانی و لە زۆربەی کۆڕ و دانیشتنەکاندا داوای لێ دەکرا بیڵێتەوە. لەگەڵ ئەودا هونەرمەندان و دەنگخۆشانی دیکەش گۆرانییەکەیان هیندەی دیکە پەرە پێ دا و گەلێک جار بە بۆنە یان بێ بۆنە دەیانگوتەوە و دەیڵێنەوە. بەم جۆرە "وەتەن" بوو بە گۆرانیی خۆشەویست و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە و لە کوردستاندا دەنگی دایەوە.
باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژیناش لە بۆکان ئەم ڕێچکەیەیان بەرنەدا و تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە دەناشت یان لە سێ ڕۆژانە و چلەیاندا بە هەمان سروود یادیان دەکردنەوە و خەمی باوکانە و شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بە گوتنەوەی ئەم سروودە لەگەڵ یەک ئاوێتە دەکرد. ئەوان لە ڕاستیدا بە خوێندنەوەی ئەم سروودە شەهیدەکەیان پێشکەش بە کوردستان دەکرد و شانازیی بوونیان بە ئەندامی ئەو کاروانە پڕ لە شانازییە ڕادەگەیاند کە سمایلاغای باوکی شەهید قادر عەباسی پێشەنگ و سروودخوێنی بوو.
نەمر سمایلاغای چەوگالی کە وەک گوترا هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و بەسەلیقە بوو، وێڕای ئەوەی تێکستی گۆرانییەکەی لە شێعری شۆڕشگێڕانەی شاعیرانی بە ناوبانگی کورد هەڵدەبژارد، بۆ لاواندنەوەی زیاتر، مەقامێکیشی لە شێعری شاعیرانی نەتەوەیی لەوانە "قانع" یان "ئاسۆ" نێوئاخنی گۆرانییەکە دەکرد:
"ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش
ئەگەر زاڵم نەما، دەورانی تۆ خۆش
موخەیەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتا
لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش
ھەمـوو حـۆری موبارەک بێ بە زاھید
لە بۆ من ھەر کچ و غیلمانی تۆ خۆش
بە من چی سەیری باخ و قـەسری لوبنان
وەتەن سەحرا و کەژ و کێوانی تۆ خۆش
ئەگەر دنیا نەمــا یەکسـەر بـەجــارێ
وەتەن گەرمیان و ھەم کوێستانی تۆ خۆش
ئـەگـەر خۆ قـانـعـیـش ئـەمـڕۆ نەمێنێ
وەتەن، ڕەببی وەتەن خاھانی تۆ خۆش"
بەڵام وەک بڵێی هەموو ئەو شێعرە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییانە نەیانتوانیبێ کوڵی دڵ و ڕقی پیرۆزی ئەو ئینسانە نیشتمانپەروەرە دامرکێننەوە، بۆخۆیشی چەند سەربەندی شۆڕشگێڕانەی هۆندۆتەوە و ئاوێتەی گۆرانییەکەی کردووە کە هیندەی دیکە سروودەکەیان جوان و واتادار کردووە. لە ڕاستیدا وەک چۆن گۆرانییەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز دەگوترێ، سەربەندی هەر کام لە بەندەکانیشی سەرەڕای وێکچوونیان، جیاواز و تایبەتن:
"وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێنرخ و بێمایە
لە پێناوی وەتەندایە
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
ئەگەر بێتو قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن ئامێز و دڵدار
وەتەن قەوم و کەسوکار
وەتەن بۆت دەمرم ئەمجار"
بە کورتی "وەتەن" هەم چەمەرییە و هەم سروود، هەم شینە و هەم قین، هەم خۆشەویستییە و هەم ڕق. پڕە لە شین و خەم بۆ شەهیدان، دارماڵە لە ڕق و تووڕەیی لە داگیرکەر و لێوڕێژە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاوێتەکردنی هەمووی ئەوانە لە کوڵی دڵی داخکراوی هونەرمەندێکەوەیە کە خۆی باوکی شەهیدێکی کوردستانە. سۆزێکی پاک و شۆڕشگێڕانە کە چۆڕاوەی هەستی کۆمەڵێک شاعیری نیشتمانپەروەری کوردە و لە دەنگی هونەرمەندێکی سەوداسەری ئازادییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی مافخوراوی مافخواز نیشتووە.