کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی تێرۆرەکانی ڕێژیم لەسایەی بێ‌هەڵویستیی کۆمەڵگەی جیهانیدا

22:04 - 26 خەزەڵوەر 2723

عەلی بداغی

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر سۆراب ڕەحمەتی، ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات لەلایەن تیمێکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری هەولێر کەوتە بەر دەستڕێژی فیشەک و بەتوندی بریندار بوو. تاوانی سۆراب ڕەحمەتی بۆ ئەوەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ بڕیاری کوشتن و جێبەجێکردنەکەی بدەن هەم ئەندامەتیی چالاکی لە حیزبی دێموکرات و هەم چالاکیی خۆبەخشانەی لە کردنەوە و بەدواداچوونی چەندین پەروەندەی تێرۆری چالاکانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان لە دەزگای دادی هەرێمە. بەتایبەت کە لە چەند پەروەندەی بەئاکام‌گەیاندوودا تێرۆریستەکان دانیان بەوە داناوە بەکرێگیراوی ناوەندە سیخوڕییەکانی ئێران بوون و بە بڕیاری بەرپرسانی ئێرانی و لەبری وەرگرتنی پارە پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمیان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ کردوە و ئەم ڕیسواییە پتر هاندەری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ کوشتن و لەمەیدان‌وەدەرنانی ناوبراو بووە.

دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە پووشپەڕی ئەمساڵیشدا و لە دوو کردەوەی تێرۆریستی لە دوو شوێنی دیکەی هەرێمی کوردستاندا گیانی لە سێ تێکۆشەری حیزبی دێموکرات -عادڵ موهاجیر، لوقمان ئاجی و سیامەند شابۆیی- ستاندبوو. حیزبی دێموکرات بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی وەک ئامانجی یەکەم و سەرەکیی دەزگای تێرۆری ڕێژیم و لە ئەساسدا بە مەبەستی لە زەبروەشاندن لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام کەوتۆتە بەر پەلامارە تێرۆریستییەکانی ئەم ڕێژیمە. لەم ساڵانەشدا تەقینەوەی شەوی یەڵدا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب (لە شەوزستانی ١٣٩٥دا)، تێرۆری چەند کادر و پێشمەرگەی حیزب (قادر قادری، سەباح ڕەحمانی و مووسا باباخانی) لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب (لە هاوینی ١٣٩٧ و پاییزی ١٤٠١) و تێرۆر و ئێعدامی کۆمەڵێک تێکۆشەری دیکەی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات چەند نموونەیەک بۆ بەردەوامیی سیاسەتی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی و کردەوەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە حیزبی دێموکراتن. هەروەک گوترا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بۆ زەبروەشاندن لە حیزبی دێموکرات و لاوازکردنی جووڵانەوەی سیاسیی کورد بەبەردەوامیی تێرۆری تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی چ لە نێوخۆی کوردستان، چ لە کوردستانی عێڕاق و چ لە وڵاتانی ئورووپاییش لە بەرنامەی کاری خۆیدا بووە و تەنانەت لە سەرووترین ئاستی ڕێبەریی ڕێژیمدا بڕیاری لەسەر تێرۆری ئاست‌بەرزترین ڕێبەرانی ئەم حیزبە، واتە د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی داوە. بۆیە تێرۆری نیزیک بە ٤٠٠ ئەندامی ئەم حیزبە لە نێوخۆی ئێران و کوردستانی عێڕاق تەنیا بەشێکی بچووک لە کارنامەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دژ بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتن.

ڕاستە مێژووی تێرۆر لە سیاسەتدا بۆ سەردەمی کوژرانی ژولیوس سێزار بە دەستی بروتوس و هاودەستەکانی دەگەڕێتەوە و کەم حکوومەتی دیکتاتۆر و نادێموکراتیک هەبووە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا بڕیاری کوشتن و تۆقاندنی دژبەرانی خۆی نەدابێت، بەڵام حەز و تامەزرۆیی کوشتن و خوێنڕشتن یەک لە تایبەتمەندییە سادیستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. تەنانەت ئەگەر لە زۆر حکوومەتی دیکتاتۆری و یاساشکێنی دنیای ئەمرۆشدا تێرۆر دوایەمین هەڵبژاردەی دەسەڵاتە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بەردەستترین بڕیارە کە دەمودەست دەدرێ و پیلانی جێبەجێکردنەوەی بە دەزگای تێرۆر دەسپێردرێ. هەر ئەوەش وایکردوە کە شەقامی هیچ شارێک و پەرێزی هیچ وڵاتێک لەم دنیایە بۆ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئەمن نەبێت.

مەسەلە ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوەتیی خۆیدا و بەپێی ئایدۆلۆژیی سیاسی و ئایینیی خۆی تێرۆر بە چەکێکی پێویست و کاریگەر پاکتاوکردنی دژبەرانی خۆی دەزانێ، هەروەها باوەڕیان وایە کە تەنیا بە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی دەتوانن دەسەڵاتەکەیان ڕابگرن. بەڵام جێی داخ ئەوەیە لەکاتێکدا تێرۆر لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بە دژەبایەخ و کردەوەیەکی قیزەوەن دادەنرێ، کەچی ساتوسەودا و سیاسەتی سازان و هەڵکردنی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ ئێران بەبەردەوامی یارمەتیدەری پێداگری و بەردەوامیی ڕێژیم لە کردەوە تێرۆریستییەکانی بووە؛ لەو سۆنگەیەشەوە "تێرۆر" و "باج‌ئەستێنی" و بەکارهێنانی ئەو دووانەیە وەک چەکێک لە هاوکێشەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتاندا هەتا ئێستاش بۆ کۆماری ئیسلامی پڕدەسکەوت بووە. ئەوجۆرە مامەڵە و هەڵسوکەوتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئەو ئاستە چۆتە پێشێ کە ڕێژیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بەردەوامیی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی لەدژی حیزبی دێموکرات و هەڕەشە و هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئەم حیزبە، تەنانەت بیهەوێ بەئاشکرا بەرپرسایەتیی کردەوەکانیشی وەئەستۆ بگرێ.

تێرۆی سۆهراب ڕەحمەتی جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر دوو ئاکامگیریی سەلمێندراو دەکەن:

یەکەم: ڕێژیم لە دەستەوەستانی لاوازیی شەرعییەت و گوتاری سیاسی و حوکمڕانیی خۆیەوەیەتی پەنا بۆ تێرۆر دەبا. ئەم ڕێژیمە ئامادە نییە دەسەڵات بۆ نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک جێ بێڵی و لەپێناو مانەوەی زیاتردا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، گرتن و کوشتنی ڕێبەران و چالاکانی سیاسی و ڕێکخەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و مافویستیی کۆمەڵانی خەڵک بەردەوام دەبێت.

دووهەم: هەتا ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بمێنێ؛ تێرۆر، کوشتن، دەستێوەردان و سنووربەزاندن و بێڕێزی بە یاسا و ڕێسای نێوخۆیی وڵاتان لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوام دەبێ. هەروەها هەڕەشە و هێرش و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا کاتێک لە کەمی دەدەن کە تێچووەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قازانجەکانی بن، ئەوەش تەنیا بە گۆڕینی بڕیار و ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی و بە کۆتایی‌هێنان بە سیاسەتی سازان و موماشاتیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی توند و بەرپرسیار و وەڵامدەرکردنی ڕێژیم لەهەمبەر جینایەتەکانی وەدی دێت.