ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زمان دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد کە هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە باشووری ئێران، دوای ئەوە بوو کە دەزگا هەواڵگرییەکانی واشنگتۆن زنجیرەیەک جووڵە و هەڕەشەی سەربازیی توندی تارانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر پێش هێرشەکەدا دەستنیشان کردبوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دوو بەلەمی خێرای سپای پاسدارانیان نوقم کردووە کە سەرقاڵی چاندنی مینی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆزدا بوون.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی چەندین دڕۆنی ئاراستەی دوازدە کەشتیی شەڕکەری هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عومان و دەریای عەرەب کردبوو کە ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێرانیان لەئەستۆیە.
هاوکات، چالاکییەکی گوماناوی لە بنکە مووشەکییەکانی زەوی بۆ هەوای ڕێژیم لە نزیک گەرووی هۆرمۆز بینراوە کە دەبووە مەترسی بۆ سەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پێنتاگۆن بە توندی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی ڕێژیمیان ڕەت کردەوە کە ڕایانگەیاندبوو دڕۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکا لە جۆری "MQ-9 Reaper" لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم ئیدیعایە دوور لە ڕاستییە.