کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماسی لە غەزە کردە ئامانج

09:35 - 6 جۆزەردان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەیان لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کەرتی غەزە، "مەحموود عودە"، فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماسی کردووەتە ئامانج.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەوان بووە، چونکە عودە یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر و بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی حەماس بووە.

ناوبراو تەنیا حەفتەیەک پێش ئێستا و دوای کوژرانی "عیزەدین حەداد"، وەک فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی ئەو گرووپە تێرۆریستی دەستنیشان کرابوو.

ئیسرائیل عودە بە کوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییانی تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە زوو یان درەنگ دەستیان بەسەر تەواوی تۆمەتبارانی ٧ی ئۆکتۆبەردا دەگات.

ئەم هێرشە چڕانەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە کاتێکدا بەردەوامە کە شەڕی غەزە گەیشتووەتە قۆناغێکی دژوار و هەوڵە دیپلۆماتییەکانیش بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیلەکان هێشتا بێئاکام ماونەتەوە.

گرووپی تێرۆریستیی حەماس تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە چارەنووسی مەحموود عودە یان زیانەکانی ئەو هێرشە ئاسمانییە بڵاو نەکردووەتەوە.