مەنسوور مروەتی
پێنج مانگ دوای ڕاپەڕینی پڕشکۆی خەڵک لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا و سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانەی خەڵکی کوردستان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، برایم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران بۆ ئاسایی نیشاندانی بارودۆخەکە سەردانی کوردستان و شاری سنەی کرد. سەردانێک کە نە تەنیا هیچ نیشانەیەک لە ئاساییبوونی بارودۆخی کوردستان نەبوو، بەڵکوو لە بەر هەڵوێستی خەڵکی شاری سنە لە پێشوازی لێنەکردنی ڕەئیسی و چیرۆکی شوکولاتەکەی ئەو شارە، بوو بە ڕووداوێکی مێژوویی و لە هەمانکاتدا سەرشۆڕییەکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی و سەرکۆمارە گاڵتەجاڕەکەی.
ئێستاش هەمدیسان بۆ ئاسایی نیشاندانی دۆخی کوردستان بەتایبەت لەم یەکساڵەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بە وەڕێخستنی هەندێ ڕێوڕەسم و فستیواڵ و کۆنسێرتی جۆراوجۆر تەنانەت ئەگەر بەپێچەوانەی ئیدئۆلۆژییە کۆنەپەرستانەکەشی بێ، هەم سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە و ئارێشەکانی کۆمەڵگە دوور بخاتەوە و بەلاڕێیاندا ببا، هەم نیشان بدا کە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان لە پاش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەتەواوی ئاسایی بۆەوە. بێگومان ئەم باسە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکا چونکە لە ڕاستیدا بارودۆخ لە کوردستاندا هیچ ئاسایی نییە و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ کار و کردەوەیەکی کۆماری ئیسلامی نەماوە کە خەڵک بە چاوی گومان و فێڵ و تەڵەکەوە لێی نەڕوانن و پێی نەزانن. بۆ ئەم مەبەستە دیسان حەوتووی ڕابردوو برایمی ڕەئیسی بۆ جاری دووهەم لە چەند مانگی ڕابردوودا هاتەوە بۆ سنە، کە پەراێزەکانی سەفەرەکەی لە ئەسڵی سەفەرەکەی سەرنجڕاکێشتر و شیاوی لێوردبوونەوەی پترن.
ڕەئیسی بەڕواڵەت بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاسنی قەتاری هەمەدان-سنە هاتبووە ئەو شارە، بەڵام لەڕاستیدا دوای ساڵێک و دوو مانگ لە سەرهەڵدانی خەڵک، دیسان هاتبوو وا نیشان بدا دۆخی کوردستان ئارامە و کۆنترۆڵ کراوە. چونکە ڕێگەی ئاسنی قەتاری هەمەدان سنە ئەگەر گەڵاڵەکەی هی زۆر پێشتر نەبێ لانیکەم هی دەورانی سەرکۆماریی محەممەد خاتەمییە و دوای دوو دەورە سەرکۆماریی مەحموودی ئەحمەدی نژاد و هەشت ساڵ دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانی تەنیا سێ کیلۆمیتری مابوو تەواو ببێ و ئەمە هیچ پێوەندییەکی بەم کابینەیەوە نەبوو. جگە لەوە ئایا کێشەی خەڵکی کوردستان هێڵی شەمەندەفەڕی هەمەدان-سنەیە؟ ئەگەر قەرار بێ خزمەتێکی ڕێگاوبانی کوردستان بکرێ، ئەی بۆچی ڕێگای نێوان شارەکانی کوردستان گەورە ناکەنەوە و پێیان ڕاناگەن کە زۆربەی ڕێگەوبانەکانی کوردستان بوونەتە ڕێگای مەرگ و ڕۆژ نییە لە بەر خراپیی ڕێگاکان و ڕووداوی هاتوچۆ کوژراو و برینداریان لێ نەکەوێتەوە. ئایا خەڵکی کوردستان پێویستیان بە ڕێگەی قەتارە یا دروستکردنی کارگە و کارخانە و ڕەخساندنی کار و پیشەیە؟ ئەی بۆ بە هەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قەدەر تەنیا شارێکی ناوەندی ئێران کارخانە و کارگەی تێدا نییە کە خەڵکی کوردستان ناچار نەبن بۆ پەیدا کردنی تیکە نانێک بۆ ماڵ و منداڵیان ئاوارەی شارە گەورەکانی ئێران بن؟ بۆیە هەمووان دەزانن لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا هیچ پرۆژە و گەڵاڵەیەک لە کوردستان بۆ خزمەت خەڵک نەبووە و بگرە زۆربەی هەرەزۆری سەفەر و هاتوچۆیان بۆ کوردستان مەبەستێکی دیکەی لەپشتە.
وەک باس کرا سەفەری دووبارەی ڕەئیسی بۆ سنە بۆ نیشان دانی ئاسایی بوونی دۆخەکە بوو، و بۆ ئەو مەبەستەش سەرەڕای هەموو هەوڵێکیان بەڵام خەڵکی کوردستان نەچوونە پێشوازی. بۆیە ڕێژیم کە پێشتر ئەوەی لێکدابۆوە، بە مینی بووس و ئوتوبووس پاسدار و بەسیجی و کەسانی بەکرێگیراوی خۆی لە پارێزگاکانی دەروبەرەوە هێنابووە سنە. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی سنە جارێکی دیکە و بەتایبەت لەپاش ڕاپەڕینە مەزن و بەنێوەرۆکەکەی شۆڕشی ژینا بە کۆماری ئیسلامیی گوتەوە کە ئەوان جینایەتەکانی ڕژیم دەرحەق بە خۆیان بیر ناچێتەوە و لە خوێنی ڕۆڵەکانیان خۆش نابن. هەموو ئەمانەش لە حاڵێکدایە کە هیشتا دەسبەسەرکردن و زیندان و تیرۆر و کوشتوبڕەکان بە دەستی مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هەر بەردەوامە. هەروەها دەریخستوە کە پتر لە ڕابردوو هیچ متمانەیەک لە نێوان ڕێژیمی تاران و خەڵکی کوردستاندا نییە و خەڵک چاوەڕێی دەرفەتێکی لەبارن تا جارێک و بۆ هەمیشە ئەم ڕێژیمە لە کۆڵ خۆیان و مرۆڤایەتی بکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زۆر جار لە سەفەر و دانیشتنەکانیاندا وەکوو نەریتی دیکتاتۆرانی مێژوو هەندێ کەسی نەفسنزم بە ناوی جۆربەجۆرەوە لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە کە ئاکامەکەی بۆ ڕێژیم هەر سەرشۆڕی و بۆ ئەو جۆرە کەسانەش جگە لە نیشاندانی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان و ئابڕووچوونیان لەنێو خەڵکدا هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە. لەم سەفەرەشدا چەند کەسێکیان لە دەور برایمی ڕەئیسی بە ناوی ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و... کۆ کردەوە کە وەک یەکێک لە پەراوێزەکانی ئەم سەفەرە کاردانەوەی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. پێدانی تابلۆیەکی نەقاشی لەلایەن کەسێکەوە (فەردین سادق ئەیووبی) و گۆرانی گوتن لەلایەن کەسێکی دیکە و چەند شتی دی بابەتی ئەو دانیشتنەی ڕەئیسی لە گەڵ ئەو چەند کەسە بوو کە شانۆ گاڵتەجاڕەکەی ڕێژیمیان پێ ڕێکخرا.
''مرۆڤ هەڵوێستە و هەڵوێستیش شەرەفە''، ئەمە وتەی نووسەرێکی ناوداری میسرییە و ئەگەر یەک لە پێوەرەکانی مرۆڤبوون قسەی ئەم نووسەرە میسرییە بێ، ئەوا مرۆڤی خاوەن شەرەف قەت ناچێتە سەر خوانی جینایەتکارێک کە دەستی بە خوێنی سەدان ڕۆڵەی نیشتمانەکەی سوورە و دەیان بنەماڵە هەر لە هاوشارییەکانی خۆیان هیشتا هەر تازیەباری خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانیانن.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ ئەوەی ڕێژیم لە کوردستان بە مەبەستی ئاسایی نیشاندانی دۆخەکە دەیکا، تەنیا ئاسنی سارد کوتانە و ئەوانەش کە لەم پیلانانەدا یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامین دەبێ بزانن کە ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە لە دواساڵەکانی تەمەنی خۆیدایە و خۆشخزمەتیەکانی ئەم کەسانە لە بیری خەڵکدا دەمێنتەوە و دەبێ لە بەرانبەر ڕای گشتیدا وڵامدەر بن.