کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی ژێر سێبەری دارەکە!

15:03 - 1 سەرماوەز 2723

ناسر باباخانی

 

(١) چەک وەک ئامرازی گوشار

٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی  ١٣٦٨ی هەتاوی، شەهید دوکتور قاسملوو بۆ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی شیمال، کە لەژێر سێبەری دارێک دانیشتوون، قسان دەکا. قسەکانی تێکەڵاوێکە لە چەند بابەتێکی هەستیار کە لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدا لە چوارچێوەیەکی خۆمانە و بە زمانێکی سادە و تا ڕادەیەک تەنزاوی و هەندێ جار گاڵتەئامێز دەریببڕێ. لەوێ باسێک دێنێتە گۆڕێ کە زۆر گرینگە، ئەویش ئەوەیە کە:

"پێویستی هەڵگرتنی چەک چییە؟ یان بۆچی حیزبی دێموکرات چەکی هەڵگرتووە؟ بۆ هەوڵ دەدا کە لە باکوور یان لە باشوور لە هەر جێیەک بۆی هەڵکەوێ، زەبرێک لە کۆماری ئیسلامی بوەشێنێ؟ ئەو چەکەی کە پێیەتی بە چ مەبەستێک بە کاری دێنێ؟"

هەر بۆخۆشی وڵامی پرسیارەکە بە زمانێکی سادە دەداتەوە و دەڵێ: "بۆیە ئەو گورزەی لێ دەدەم، کە بگەڕێتەوە بڵێ ئەرێ تۆ بۆ لێم دەدەی؟! چت دەوێ؟! ئەم جار کە کوتی چت دەوێ، داوای خۆم دێنمە گۆڕێ!"

دوکتور قاسملوو بەم زمانە دەیەوێ بڵێ کە چەک لێرەدا ئامانجی سەرەکی نییە، بەڵکوو چەک کەرەسەیەکە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی تایبەتی کە ئەو مەبەستە لێرەدا، مەبەستێکی سیاسییە و بۆ وێنە دەتوانێ مافی نەتەوەیەک بێ. کە وا بوو لە تەواوی هەڵسوکەوتەکانی شەهید دوکتور قاسملوودا و هەروەها بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا‌، چەک بۆ ئەوە هەڵنەگیراوە کە نەفسی چەک بۆخۆی وەک پێویستییەک، وەک زەروورەتێک سەیر بکرێ، واتە چەک ئامانجی بزووتنەوە بێ. بۆیە لە درێژەی قسەکانیدا باس لە "ناوهاوسەنگیی هێز" دەکا کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ فاکتۆرێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەیە و ئەم شێوە ڕوانینە لەسەر بنەمای ڕێئال پۆلیتیک باس لە بوونی "هێز لەبەرانبەر هێز"دا دەکا. دواتر دەڵێ ئەگەرچی ئێمە شۆڕشگێڕترین حیزبی سەرانسەری ئێرانین، بەڵام بەرپرسترین و ئاشتی‌خوازترین جەریانیشین کە ئەم شەڕەیان بە سەردا سەپاندووە. کە وا بوو دەوری چەک وەک ئامرازێکی گوشارە بۆ سەر دوو جەمسەری دژ بە یەک. گوشار خستنە سەر دەسەڵات و هاندانی خەڵک!

 

(٢) چەکی چەپ، چەکی کورد

هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە، شێوەڕوانینی چەپی ئێرانی بۆ چەمکی چەک لەگەڵ سیلەنیگای بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان جیاواز بوو. بێگومان ئەندێشەی چەپ لە ئێران، بەنیسبەت بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان، لەباری جوغرافیایی و فکرییەوە زیاتری پەلهاوێژی کردبوو و ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەرچەند باسکردن لەوە کە ئایا چەپ خاوەنی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی وەک حیزبی دێموکرات لە کوردستان بووە یان لە باری فکرییەوە لە ئاستی بژاردە و نوخبەکان‌ و لە ئاستی خەڵکی ئاساییدا تا چ ڕادەیەک برەوی هەبووە یان ڕادە و نفووزی گوتاری چەپ بە نیسبەت گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی چۆناوچۆن بووە هەڵگری دەرفەتێکی ترە! بەڵام بە ئاوڕدانەوە بۆ سەرچاوە تیۆریکییەکانی ئەوان سەردەمان دەکرێ جیاوازییەکان زیاتر دەسنیشان بکەین.

کاتێک سەیری ئیدەی بیرودۆزەکانیان دەکەی یەکی وەک "مەسعوود ئەحمەدزادە" لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا دەڵێ خەباتی چەکداری هەم ستراتیژییە و هەم تاکتیک، لێرەدا ڕێکاری سەرەکی بۆ خەبات تەنیا چەکە! یان کاتێ کەسێکی وەک "ئەمیرپەرویز پوویان" نامیلکەی "ڕەدی تیوریی بەقا و پێویستیی خەباتی چەکدارانە" دەنوسێ، چەک دیسان دەبێتە مەبەستی سەرەکی.

بۆچی ئەندێشەی چەپ لە هەوڵی ئەوەدا بوو چەک بکاتە ناوەندی گوتارەکەی خۆی؟

چەپەکان پێیان وا بوو چەک دەبێ ببێتە ئامانج یان ستراتیژی سەرەکی بۆ ئەوەی کە تیۆریی بەقا ڕەد بکرێتەوە. کەچی لە کوردستان چەک دەبێتە کەرەسەیەک و ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی سیاسی. لەڕاستیدا لە کوردستان چەک ئامانجی سەرەکی نییە، چەک بۆ ئەوە هەڵنەگیراوە تەنیا دوژمنی پێ بکوژرێ، بەڵکوو بۆ بەرگری لە خۆ و بۆ خۆپاراستن لە بەرامبەر هێرشی ڕژیم‌ هەڵگیراوە.

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە کوردستان جۆری پەیوەندی خەڵک لەگەڵ پێشمەرگە و لەگەڵ کەسانی نێو بزووتنەوەی کورد پەیوەندییەکی "ئەم‌وئەوێتی"یە. واتە سنوورێکی تۆخی ئەوتۆ لە نێوان خەڵکی ئاسایی و پێشمەرگە و سەرکردایەتیی ئەو بزووتنەوە نابینی. پەیوەندییەکی پتەو کە مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، مێژووی حوکمڕانی و مێژووی ئۆرگانیزێیشێن (بەڕێوەبەری)ی هەیە. بگەڕێوە سەردەمانی کۆمەڵەی ژێکاف وەک مێژووی ئۆرگانیزێیشێن، بگەڕێوە سەر کۆماری کوردستان وەک مێژووی حوکمڕانی. کە سەیری هەموو ئەوانە دەکەی و دەگەڕێیەوە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، هەم مێژووی حوکمڕانیت هەیە، هەم مێژووی ئۆڕگانیزێیشێنت هەیە و هەم بەکگڕاوندێکی فکریت هەیە.

بەپێچەوانەوە چەپەکان پێیان وابوو چەک دەبێ بچێتە نێو خەڵکەوە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو دیکتاتۆرییەت و ملهوڕییەی کە ڕژیمی پاشایەتی بەسەر خەڵکی داسەپاندوە و خەڵک، بەتایبەت کرێکاران و وەرزێرەکان ترسیان بشکێ و ڕەگەڵیان کەون تا بەم جۆرە خۆیان گوتەنی چەرخی بچووک چەرخی گەورە وەگەڕ بخا!

ئەوان بیریان دەکردەوە کە زایەڵەی دەنگی تەقەی چەک لە گوێی چینی کرێکار و وەرزێردا دەتوانێ پەلکێشی شەڕی چەکدارییان بکا! بەڵام بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی پێویستی بەوە نەبوو، بۆیە ئەو جیاوازییە زۆر گرینگە و من بەش بە حاڵی خۆم، نەمدیوە لە جێگاییەک ئاماژەی پێ کرابێ. پێداگریی "بیژەن جەزەنی" سەلمێنەری ئەم بۆچوونەیە کە هەولی ئەوان سازدانی پەیوەندییەکی لەم جۆرە بوو، بۆیە دەڵێ: چ بکەین تا خەباتی چەکداری لەنێو خەڵکدا پەرەگیر بێ؟

 

 (٣) باڵی سیاسی لەپاڵ باڵی چەکداری؟!

یەکێک لەو خاڵانەی کە سەبارەت بە هەڵگرتنی چەک لە لایەن پێشمەرگەوە ڕەچاو ناکرێ، ئەوەیە کە چەمکی دێموکراسی لەبیر دەکرێ. لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بگرە هەتا ئورووپا و ئەمریکای لاتین دوو باڵی سیاسی و چەکداری بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی هاوتەریب بوونیان هەیە. تەنانەت لە ئەفریقای باشووریش ئەم دوو باڵە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنن بەسەر ڕژیمی ئاپارتایدی ئەم وڵاتەدا. کەوابوو باڵێکی سیاسی هەیە کە لە باری سیاسییەوە هەوڵ دەدا، بەڵام ئەو باڵە سیاسییە، باڵێکی چەکداریشی هەیە.

دوور نەڕۆین لە باکووری کوردستان HDP بە هێزێکی سیاسی دادەنرێ، بەڵام هێزێکی سیاسیی نیزیک لە پەکەکە. ئەمە لە وڵاتێک‌دایە کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئاماڵ‌دێموکراسییەکی تێدا بەدی‌ دەکەی. یانی لەگەڵ ئەوەدا کە تورکیە، پەکەکە بە هێزێکی تێرۆریستی دەزانێ، بەڵام باڵە سیاسییەکەی لەم وڵاتە بە حوکمی ئەو ئاماڵ‌دێموکراسی ڕێژەییە (دیارە بە نیسبەت وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران) لە نێوخۆی تورکیا میتینگ ساز دەدا، دەفتەری هەیە، ئەندام پارلەمانی هەیە، بەربەستی دە لە سەد تێک‌دەشکێنێ و... دیارە حاشا لەوەش ناکرێ کە لەژێر زەختیکی تەواودایە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام لە ئێران‌ جەریانی سیاسی یان باڵی سیاسی هەر بوونی نییە، چ بگا بەوەی کە هێزێکی چەکدار بی و بتهەوێ باڵی سیاسیت لە نێوخۆدا هەبێ. ئەوە هەر ناکرێ و ئیمکانی نییە. چونکە تۆ لە وڵاتێکی دیکتاتۆری‌دا دەژی. کەوابوو لێرەدا، حیزبە سیاسییەکە خەباتێکی سیاسی دەکا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە حوکمی نەبوونی ئەو دێموکراسییە، بە حوکمی نەبوونی ئەوەی کە دەرەتانی ئەوەی نییە کە لە نێوخۆی وڵاتدا چالاکی و خەباتی سیاسی بکا، ئەو چەکە بۆ ئەوە هەڵگیراوە کە بواری خەبات سیاسی لەبار بکرێ!

مەبەست ئەوەیە ئەگەر تۆ لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا بی و هەموو پێوەرەکانی ئازادی و ڕێزگرتن لە فرەیی و پلۆڕاڵیزم و دێموکراسی بوونی هەبێ، ئەگەر دەست بدەیە چەک، ڕەنگە سەرکۆنە بکرێی. بەڵام کاتێک لە نەبوونی ئەم دێموکراسییەدا تۆ دەرەتانی هیچ چەشنە دەنگ‌هەڵبڕێنێکت نییە و تەنانەت حاشا لە بوونت دەکرێ، ئەوکات ئەم چەکە وەک شەرەفی نەتەوەیی پێناسە دەکرێ، با دوو لایەنەکەش هەتا بڵێی ناهاوسەنگی هێزیان پێوە دیار بێ!

 

(٤) شەڕ بۆ شەڕ؟ نا!

کارکردی چەکی دەستی پێشمەرگە چییە؟ ئایا پێشمەرگە چەکی هەڵگرتوە تەنیا بۆ ئەوەی دوژمنی پێ بکوژێ؟ یان وەک دوکتور قاسملوو دەڵێ گورزێکی لێ بوەشێنێ بۆ ئەوەی کە بیهێنێتە سەر هێڵ و لەگەڵی بکەوێتە سەر وتووێژ و داوای خۆی بێنێتە گۆڕێ؟ لێرەدا باسێکی بایخدارانە ناکەم کە ئایا دەکرێ لەگەڵ حکوومەتێکی دڕندە وەک کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی وتووێژ دابنیشی یان نا؟ ئەوە باسێکی دیکەیە کە لای من وڵامی پرسیارەکە "نا"یە. بەڵام مەبەست پێداگری لەسەر ئەم ڕستەیەی دوکتور قاسملوویە کە دەڵێ ئێمە شەڕ بۆ شەڕ ناکەین، شەڕ دەکەین تا ویستەکانمان بەسەر لایەنی بەرانبەردا فەڕز بکەین. ئەمەش خولانەوە لە بازنەدا نییە بەڵکوو بڕینی هێڵێکی مێژووییە کە دواجار سەروەریی سیاسی نەتەوەیەکی لێ‌دەکەوێتەوە!

وەک باسم کرد چەک ئامرازە نەک مەبەست، بۆیە زۆر گرینگە کە بزانین بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تر یان بەپێچەوانەی ئەوی تر، (نەتەوەی سەردەست) کورد هیچ کات تاوانی جەنگی نەکردوە، ژینۆساید و کۆمەڵکوژی نەکردوە، پەلکێشی بۆ خاکی کەس نەکردوە و لەسەر هەردی دیتران شەڕی نەکردوە. لە هیچ قۆناغێکی زەمەنیدا، لە هیچ شوێنێک لە تەواوی ئەو ساڵانە کە کورد هەوڵی داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی لە هەموو پارچەکان، هەرگیز کورد تاوانی جەنگی نەکردوە. بەپێچەوانەوە ئەوە ئەوی ترە کە دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە هیچ جینایەتێک درێخی نەکردوە.

ئەمە زۆر گرینگە کە بزانین کاردانەوەی شتێکی ئەوتۆ لە ڕوانگەی نێونەتەوەییشەوە چەندە بایەخدارە. واتە کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئەمریکای لاتین یان تەنانەت لە ئورووپا، باڵی چەکداری جەریانێکی سیاسی بۆمب دەنێتەوە، بارمتە دەگرێ و تێرۆر دەکا، کەچی هەرگیز ئەم کردەوە تیرۆریستییانە، لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە نەکراوە و ئەمە خاڵێکی سەرسوڕهێنەرە کە بەداخەوە وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتوو زۆر بە کەمی ئاگاداری ئەم تایبەتمەندییانەی حیزب دێموکراتن!

لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کانگای توندوتیژی و ڕادیکاڵیزمە و دێموکراسی و مافی مرۆڤ و فرەیی هیچ مانایەکی نییە، بوونی هێزێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پابەندە بە بەها دێموکراتیکییەکان و خاوەنی گوتارێکی بەرگریکارانە و خاکەڕا و ئەخلاق‌تەوەرە دەبێ وەک دیاردەیەکی ناسروشتی سەیر بکرێ!

 

(٥) چەک بۆ پاراستنی گیان!

ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا باوەڕی بە چەک بوایە - وەک چەپەکان دەڵێن پێویستییەک - هەم وەک تاکتیک و هەم وەک ستراتیژی، شەهید دوکتور قاسملوو گیانی خۆی لەپێناو وتووێژ دانەدەنا!

دیارە بە دەیان و سەدان جار، هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕایانگەیاندوە کە چەک لە دەستی ئەواندا کەرەسەیەکە بۆ "دیفاعی مەشڕووع" نەتەنیا لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەک وڵاتێکی تێرۆریستی، بەڵکوو لە بەرانبەر ئەو هەرەج‌مەرجە و ئەو هەڕەشە مەترسیدارانەی کە لە وڵاتێکی ٧٢ میللەتی وەک عێراقدا بوونیان هەیە. بە حوکمی ئەوەی هەموو کەس و ناکەسێک لەم وڵاتەدا چەکی پێیە زۆر ئاساییە مادام تۆ لەوێ دەژیی و لەوێ چالاکی دەکەی، بۆ پاراستنی ژیانی خۆت وەک تاکێکی ئاسایی یان وەک ئەندامێکی حیزبی چەکت لەسەر پێ ‌بێ!

ئەم خاڵەم بە لاوە زۆر سەرنجڕاکێشە و تەنانەت وەک خاڵگۆڕان دەبێ سەیر بکرێ کە لە دوای شۆڕشی ژینا و ئەو کوشت و کوشتارەی کە کۆماری ئیسلامی لەسەر شەقامی شارەکان کردی، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئێستا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ گیانی خەڵک بە هەر شێوازێک بپارێزرێت، تەنانەت بە شێوەی چەکدارانە و ئەمە زۆر گرینگە، هەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ڕەخنەگری خەباتی چەکداری گەلی کورد بوو!

 

(٦) پێشمەرگە، چاوسووری گەل!

پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەوری خەباتی چەکداری بۆ پاڵپشتی و هاندانی خەڵک لە تەواوی ئەم چل‌وچەند ساڵەدا بسەلمێنێ. ڕاپەڕینی خەڵک، مانگرتن، پشتیوانی لە حیزبەکان، بەرز ڕاگرتنی بۆنە نەتەوەییەکان و خۆپێشاندانی خەڵک لە کوردستان لەچاو شوێنەکانی تر هەر بۆ باس کردن نابێ. چون پاڵپشتی سەرەکی ئەم خەباتە مەدەنی سیاسییە لە نێوخۆ، بەشی زۆری دەگەڕێتەوە سەر حیزبەکانی کوردستان، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی سەمبولیکیش بووبێ بەتایبەتی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا! سەردەمی شەڕی پێشمەرگە و ڕێژیم، خەڵک دەیانگوت: "پێشمەرگە، چاوسووری گەلە!" ئەمە ڕێک بە مانای پشتیوانی کلاسیکی هێزی پێشمەرگەیە لە خەڵکەکەی خۆی.

بۆیە بیانوو پێگرتن بە حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی قامکی لەسەر جێیەکی دروست داناوە، واتە داماڵینی چەک لە کاریگەرترین هێز لە سەرانسەری ئێران! چون لە شۆڕشی ژینادا، هێزە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان نیشانیان دا، بە یەکەوە هەم مێشک و هەم دڵی ئەم بزووتنەوەیەن. بۆیە ئەو بیانوویەی کە ئەگەر هێزە کوردستانییەکان چەکیان پێ نەبێ، ئەم هەرێمە دەبێتە شامی شەریف، بەتەواوی هەڵەیە. چون نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە لە کاتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات هیچ دەورێکیان نەبوو، باس باسی ئەوان نەبوو، بەڵام بەو پلان و پیلانەی کە کۆماری ئیسلامی بە سەرپەرستی قاسم سولەیمانی و کەڵک‌وەرگرتن لە حەشدی شەعبی دایانڕشت و هێرشیان کردە سەر کوردستان و کەرکووک و دواجار ٥١ لە ١٠٠ی خاکی هەرێم داگیر کرایەوە، هیچ چەشنە باسێک لە هێزە کوردییەکان لە گۆڕێدا نەبوو.

لەڕاستیدا ئەوان لە بیانوو دەگەڕێن و ئەگەر دوورەڕوانینێکی دیکە بێنینە بەرچاو، واتە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئێران و تورکیە و عێراق کە لە بەغدا بەڕێوە چوو، ڕوون دەبێتەوە کە هەڕەشەکانی ئێران لە کوێ‌وە سەرچاوە دەگرێ.

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن و بە مووشەک لە کوردستان خەڵک دەکوژێ و تۆپبارانی شاخەکان و سروشت و ژینگەی کوردستان دەکا، لەوبەر تورکیە بە دڕۆن ئەندامانی هێزە سیاسییەکانی باکوور تیرۆر دەکا، تۆپبارانی سنوورەکان دەکا و بۆمبارانی ڕۆژئاوا دەکا، ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە نەبوونی کیانێکی سەربەخۆدا، لە نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، تۆ گۆشتی سەر چەپەری. واتە ڕێک لەم جوغرافیایەدا مرۆڤی کورد دەبێتە گۆشتی قوربانی و گیانی مرۆڤی کورد تەواو بێ‌بایەخە. دەنا ئەگەر تورکێک، عەڕەبێک، فارسێک و... دەکوژرێ، لێپێچینەوە و لێپرسینەوە هەیە. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەوان کێشەکەیان لەگەڵ تاکی کوردە، لەگەڵ شوناس و ناسنامەی کوردە. بەتایبەتی ئەو تاکەی لە بەرامبەر ئەواندا بە چەکی دەستی، سەری هەڵبڕیوە.

 

لەڕاستیدا، چەکی دەستی پێشمەرگە هێمایەک بووە بۆ خۆڕاگری لەبەرامبەر تێرۆریزمی دەوڵەتی و من پێم‌وایە تا ئەو کاتەی مافی کورد لە باڵاترین ئاستیدا دەستەبەر نەکرێ، کورد ئەو هێمایە دانانێ!