کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕوپاگەندە و کۆماری ئیسلامی

00:16 - 3 سەرماوەز 2723

ڕەزا دانشجوو

چەند ساڵ لەمەوبەر و پاش کوشتنی تێرۆریست قاسم سولەیمانی بە دەستی هێزە ئەمریکییەکان، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم زەبرەی لە ئوتوریتە و حەیسییەتی ڕێژیم کەوتبوو، باسی لە "تۆڵەی سەخت" کرد.

دوای ئەم قسانە، دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستەکەیان و دڵنەوایی لایەنگرانی ڕێژیم، دەستی کرد بە گەورەکردنەوە و تەبلیغی قسەکانی خامنەیی. ماوەیەک دواتر ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر بنکەی "عین‌ الاسد"ی سەر بە سوپای ئەمریکا لە عێراق. هێرشێک بە دونیایەک پروپاگەندە! هێرشێک کە هەرگیز ڕووبەڕووی کاردانەوەی لایەنی بەرامبەر نەبۆوە! هەرگیز زانیاریی دروست لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەم ڕووداوە بڵاونەکرایەوە. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی باسی دەیان کوژراو و برینداری لەم ڕووداوەدا کرد، تاکە وێنەی بڵاوکراوی ئەم ڕووداوە هەندێک باڵەخانە و بینا بوون کە وێران ببوون. ئێستا دوای چەند ساڵێک لەم ڕووداوە، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، لە وتارێکدا باسێکی تەواو جیاواز لەم ڕووداوە دەکات. ترامپ دەڵێت: ئەمریکییەکان پێشوەختە لەم هێرشەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئاگادار کرابوونەوە! لە ڕاستیدا ئەوەی وەک هەمیشە ڕووی دا، نمایشێکی میدیایی بوو بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خەیاڵیی دیکتاتۆر و فریودانی ڕای گشتی، بەشێک لە ئامێری پڕوپاگەندەی چڵ و چەند ساڵەی ڕژێمی وەڵایەتی فەقێهـ!

پڕوپاگەندە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ژیانی سیاسیی هەموو دیکتاتۆرەکاندا، بەبێ گوێدان بەوەی هەڵگری کام بیروباوەڕ بوون و ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکانیان چی بووە. نموونەی مێژوویی زۆرن کە گرنگی ئەم بابەتە بۆ دیکتاتۆرەکان نیشان دەدەن. ئەوەی مائوییستە کان لە چین، یان لێنینیستەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو بە خەڵکیان دەگوت، هەرچەندە هەڵوێستێکی جیاواز بوو لە بیرکردنەوەکانی مارکس، بەڵام بە هەمان شێوە وێنەیەکی ناڕاستەقینە و خەوناویی واقیعەکانی کۆمەڵگەش بوو. ئاڵمانی نازی وەک یەکێک لە داهێنەرانی بواری ڕیکلام و پڕوپاگەندەدا پێناسە دەکرێت؛ کۆبوونەوەی چەند دەیان هەزار کەسی بە جلوبەرگی یەکپۆش, دەزگای دوورودرێژی پڕوپاگەندە و درۆ ناڕاستی ئەکتەرە گرنگەکانی ئەم گۆڕەپانە بوون.

هیتلێر پڕوپاگەندەی بەنهێنی سەرکەوتنی خۆی دەزانی. ناوبراو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتی نازی لە شاری نورنبێرگ لە ساڵی ١٩٣٦ دەلێت: "پڕوپاگەندە ئێمەی گەیاندە دەسەڵات، دواتر توانیمان لە دەسەڵاتدا بمێنینەوە، هەروەها ئامرازەکانی داگیرکردنی جیهانمان پێ دەبەخشێت." وتەی بەناوبانگی گۆبڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلێر دوای چەندین ساڵ هێشتا یەکێکە لە وتە گرنگەکانی جیهانی پڕوپاگەندە. "هەرچەندە درۆکە گەورەتر بێت، باوەڕکردنەکەی ئاسانترە."

دەگوترێ لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەلبانی "ئەنوەر خۆچە"، ڕادیۆ تیرانا ساڵیانی ساڵ سەرقاڵی وەسفکردنی بەهەشتی خەیاڵیی کۆمۆنیستەکان بوو بۆ گوێگران بە چەند زمانی جیاواز!  دوای مردن و نەمانی " خۆچە" کاتێک خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئورووپا ئەم دەرفەتیان پێ درا کە ئەم بەهەشتە خەیاڵییە ببینن، بێجگە لە هەزاران سەنگەری لە بێتۆن سازکراو بۆ شەڕی خەیاڵی لەگەڵ ئیمپریالیزم! و هەژاری و ماڵوێرانی هیچی تریان نەدۆزیەوە.

پڕوپاگەندە یەکەم‌جار لەلایەن پاپ گریگۆری شازدەهەم، سەرکردەی ئەم کاتەی کاتۆلیکەکانی جیهانەوە بەکارهێنرا. پاپ بۆ بانگەشەی ئایینی مەسیحی خەڵکانێکی بۆ چەندین شوێنی جیاواز نارد. بە تێپەڕبوونی کات وشەی پڕوپاگەندە مانا و چەمکێکی تەواو پێچەوانەی پەیداکرد. لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەم وشەیە خۆی لە دونیای مەسیحی دورخستەوە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دێموکراسی بۆ یەکەمجار هاتە ناو مەیدانی کێبڕکێی سیاسییەوە. جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم خاڵگۆڕانی وەرچەرخانن لە ڕەوتی مێژوویی وشەی پڕوپاگەندەدا. ئێستا پڕوپاگەندە مانایەکی تەواو جیاواز لە ئامانجی درووستبوونی دۆزیوەتەوە.

کیمیال یۆنگ بەم شێوەیە پێناسەی پڕوپاگەندە دەکات: "بەکارهێنانی کەم تا زۆر بەئەنقەست و ڕێکوپێک و داڕێژراوی نیشانەکان، کە بەئەنقەست لە ڕێگەی تەڵقین و تەکنیکی ناوەندی دەروونناسی گونجاوەوە ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی گۆڕین و کۆنترۆڵکردنی بیروڕاکان، بۆچوونەکان، بەهاکان و لە کۆتاییدا لە ڕێگەی گۆڕینی ڕەفتاری ئاشکرای خەڵک بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو.

بۆ ئەوەی پڕوپاگەندە کاریگەر بێت، دەبێت مەرجەکان دروست بن. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دۆخی ئابوری ئاڵمانییەکان زۆرخراپ بوو، شکست لە شەڕی جیهانیدا و ئەو مەرجانەی کە دوای شەڕ بەسەریاندا سەپێندرابوو،  هەستی زەلیل بوونی پێدابوون. ئەمە هۆکار بوو تا  دەنگێکی زۆر هەبێت کە بانگەشە بۆ هاتنەسەرکاری "سەرکردەیەکی بەهێز" وەک ڕزگاریدەرێک بکات.

 بۆ پڕوپاگەندە باس لە زۆر تەکنیکی جۆراوجۆر دەکرێن کە گرنگترینیان بریتین لە تەڵقینی ناڕاستەوخۆ، فریودان و درۆ، هاندانی سۆزداری، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، دووبارەکردنەوە، ڕازاندنەوە و پێداهەڵگوتن، ناولێنان و ناوزڕاندن، هەڵخەڵەتاندن و ئیستدلالکردنی خراپ.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هەموو دیکتاتۆرەکان لە ماوەی ژیانی شەرمەزارانەی خۆیدا، لەدژی دوژمنان و نەیارانیدا، پڕوپاگەندەی وەک ئامرازێکی بەهێزی بەکارهێناوە. بە چاوخشاندنێکی کورت لە ڕووداوەکانی دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، دەیان و سەدان بەڵگە و نموونە بۆ ئەم پرسە دەدۆزرێتەوە. ڕەنگە بتوانرێت هاندانی سۆزداری بە یەکێک لە گرنگترین تەکنیکەکانی شەڕی دەروونیی  کۆماری ئیسلامی دابندرێت. ڕێژێمی ویلایەتی فەقێیهـ هەمیشە لە کاتێ کەڵەکەبوونی قەیرانەکاندا هەوڵی داوە بە دروستکردنی سیناریۆیەکی ساختە و وروژاندن وهەڵخڕاندنی هەستی سۆزداریی خەڵک لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت بەشێک لە کۆمەڵگە لە خۆی نزیک بکاتەوە و لەم ڕێگەوە بۆ ماوەیەک پرسی سەرەکی پەراوێزی بخات. وەک تازەترین نموونەی ئەم شێوەیەی پرۆپاگەندەیە دەتوانرێت ئاماژە بە هێرشی کوێرانەی ڕێژێم بۆ شاچرای شیراز لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی ژینادا بکرێت، کە ڕێژیم هەوڵی دا لە ڕێگەی بەکوشتدانی خەڵکی بێتاوان و وروژاندنی سۆزداریی جەماوەری سەرنجی ڕای گشتی لەسەر تاوانەکانی ڕێژیم لە شۆڕشی ژینادا دوور بخاتەوە. هاندانی خەڵکی بێتاوانی غەززە بۆ نێو شەڕێکی ماڵوێرانکەر بە هاوبەشی حەماس بەشێکی تری سیناریۆی هاندانی سۆزدارییە.

دروستکردنی ترس و تۆقاندن یەکێکی دیکە لە تەکنیکەکانی تری شەڕی دەروونییە. پڕۆپاگەندەی نازییەکان هەمیشە تێکەڵی تۆقاندن و دڵەڕاوکێ بوو. تەنانەت پێش ئەوەی لە ساڵی 1933 بەپێی دەنگی خەڵک بێنە نێو دەسەڵات، هێزەکانی میلیشیای نازی (stormtroopers) زۆربەی کات بۆ ترساندن و تۆقاندنی نەیارانیان لە شەقامەکاندا حازر بوون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و تۆقاندن وسازدانی دڵەڕاوکێ هاوڕێی دەیان ساڵەن!  لەسێدارەدانی کەسانی سەر بە ڕێژێمی پێشوو دوای دادگاییکردنی تەنها چەند خۆلەکی، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بەشێکن لەم پرۆژەی تۆقاندن و ترساندن. لەسێدارەدانی دەیان کەس لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، دانپێدانانی زۆرەملێ بە تاقمێک شۆڕشگێڕان، دانی هەزاران حوکمی ناڕەوا زیندان و دوورخستەوە, دواییترین هەوڵی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدایە. داگیرکردنی شەقامەکان و سازکردنی کەشێکی ناهێمنایەتیی بۆ خەڵک لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم بەناو بەسیج و  جاش بۆ ترساندن و تۆقاندنیان یان شکاندنی شکۆی خەڵک بەتایبەت ژنان و تازەلاوان لە ژێرناوی ئەمر بە چاکە و نەهیی لە خراپە بەشێکی تاڵیی ئەم چێرۆکەن.

ناولێنان و ناوزڕاندن یەکێکی تر لە ئامرازەکانی دیکتاتۆرەکان لە شەڕی دەروونی دژی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانە. ساڵانێکی زۆرە کۆماری ئیسلامی بە ناوی جوداخوازی هێرش دەکاتە سەر نەیارانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانی، تاکتیکێک کە بەداخەوە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی شۆڤێنیستی کۆماری ئیسلامی هاوشێوە لەدژی نەتەوەکانی ئێران بەکاری دەهێنن. "مفسد فی الارض" و " محارب" ، نازناوێکە کە ساڵیانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پەراوێزخستنی و زیندان و کوشتنی بەشێک لە نەیارانی ناڕازی یان هەندێک کەمایەتیی ئایینی بەکاری دەهێنێت.

گەورەکردن و پێداهەڵگوتن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لایەنێکی دیکەی پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە. پێشکەشکردنی وێنەیەکی تەواو ناڕاست لە بەناو دەستکەوتەکان و نیشاندانی گەورەیی خەیاڵیی دیکتاتۆر. ڕێژیم کە توانای کاریگەریدانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی و پشتبەستن بە ئامێری تێرۆر و کوشتن، دەسەڵاتی خەیاڵیی خۆی نیشان بدات. ئەوەی لە سەرەتای ئەم وتارەشدا هات -هێرشکردنە سەر بنکەی ئەمریکی لە عەین ئەسەد بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی- بەشێکە لە تاکتیکی گەورەکردنەوە و پێداهەڵگوتن. لە کاتێکدا بە وتەی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا ئەوەی بە مووشەکی کۆماری ئیسلامیدا خاپوور کرا، تەنیا چەند بینایەک بوو، بەڵام بۆ چەندین ڕۆژ ئامێری تەبلیغیی ڕێژیم خەریکی وەسفکردنی ڕەهەندەکانی ئەم هێرشە بوو!

کۆماری ئیسلامی درۆیەکی گەورە بوو کە بۆ ماوەیەک بە هۆی هەژاریی فەرهەنگیی خەڵک دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەهلەوی و بێگومان هاوڕێیی هەندێ ڕوناکبیری ئایینی چەپ و میللی-مەزهەبی هاتە ئاراوە و بۆ ماوەیەک جێی باوەڕ دەرکەوت! پڕوپاگەندە بەشێکی دانەبڕاو بوو لەی دەزگای درۆ و فێڵبازیی کۆماری ئیسلامی. حکوومەتێک کە بڕیار بوو هەم دونیا و هەم قیامەتی خەڵکەکەی مسۆگەر بکات، جگە لە هەژاری و ماڵوێرانی هیچی تری نەهێنا. هەرچەندە بە  تێپەڕبوونی کات خەڵک ئاگاداری ڕووی ڕاستەقینەی  کۆماری ئیسلامی بوون بەڵام تاکتیکی ڕژیم بۆ مانەوەی نەگۆڕدا، لە ڕاستیدا تەنیا درۆکان گەورەتر بوون و دەمامکەکان تاریکتر بوون!

ئێستا کۆماری ئیسلامی کە لە دەیەی پێنجەمی تەمەنی‌دایە، ئیتر هیچ ڕوویەکی شاراوەی بۆ خەڵک نەماوە و لای خەڵک جێی هیچ باوەڕ و متمانەیەک نییە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ڕێک ڕۆڵی شوانە درۆزنەکەی هەیە و ئەمجارە ئەگەر بەڕاستیش گورگ هێرش بکاتە سەر مەڕەکان، کەس باوەڕ بە هاواری ناکات!