د. مجید حقی
لەم ساڵانەی کۆتاییدا سێ دیاردە بوونەتە هۆی باسکردن لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا: قەیرانەئابوورییەکانی جیهان، قەیرانی کار و پێویستیی بە هێزی کاری پسپۆڕ لە هەموو جیهاندا و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەشداریی پڕڕەنگی ژنانی کوردستان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی و بەتایبەت ڕۆلی ژنان لە شۆڕشی ژینادا و خەبات و ویستی ژنانی ئێران بۆ هەڵگرتنی حیجابی زۆرەملی و مافە مرۆڤییەکانیان، خەباتی بەرچاوی ژنانی ئێرانی دژی توندوتیژیی ڕەگەزی لە ئێراندا کە بەشێوەیەکی سیستماتیک و قەوارەیی بەرێوە دەچێت. ئەم سێ دیاردەیە مژاری سەرەکیی بەشێکی زۆر لە ڕاگەیەنە گشتییەکان، تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، سمینار و کۆنفڕانسی جۆراوجۆر لەلایەن چالاکانی کورد، ئێرانی و نێونەتەوەیی بووە. ئێستا ئێمە بینەری دیاردەیەکین لەسەر ئاستی گشتی کە باس لە کاریگەری و پەیوەندیی گەشەسەندنی یەکسانیی ڕەگەزی دەکات لە سەقامگیری و ئارامی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیدا.
کۆمەڵگەی ماندوو، پرتووکاو و شەڕخوازی پیاوسالار چی دیکە ناتوانێت گەشە بە جیهان بدات و داهاتوویەکی گەش بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم بێنێت. پیاوسالاری بووەتە هۆی شەڕ و وێرانکاری و لەدەستدانی هیواکان و سەدان ساڵە میلیۆنان مرۆڤی لە جیهاندا کردۆتە قوربانی. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە پەرەپێدانی قوتابخانەیەکی نوێ هەیە. قوتابخانەیەک کە ئامانجی پەرەپێدانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یەکسانی لە نێوان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بێت.
بۆ ئازادیخوازان و خەباتکارانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، دەبێ جێی پرسیار بێت کە بۆچی ئاستی ژیان و خۆشبژێوی لەو کۆمەڵگەیانەدا کە یەکسانیی ڕەگەزی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری چەسپاوە، بەرزە؟ توێژینەوەکان لە وڵاتانی پێشكەوتوو لەوانە وڵاتانی سکاندیناڤی و ژاپۆن، دەریدەخەن لەو کۆمەڵگەیانەی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بڕیاری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەرییە، مرۆڤ دڵخۆشترە، تەندروستیی گشتی باشترە، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی زیاترە و متمانەی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکاندا پترە. لەو وڵاتانەدا ویستی گشتی و هاوبەش هەیە بۆ بەڕەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو جۆرە لێگەر و تەنگژەیەکی کۆمەڵایەتی. لە توێژینەوەکانی پێوەندیدار بە پەیوەندیی نێوان یەکسانی ڕەگەزی و تەندروستی و باشتربوونی دۆخی کۆمەڵایەتیدا، تێبینی دەکرێت تا ئاستی یەکسانیی ڕەگەزی بەرزتر بێت، ئاستی تەندروستیی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیی ئەندامانی کۆمەڵ بەرزتر دەبێتەوە. بۆ نەتەوەیەک کە لەپێناو ڕزگاری نیشتمانیدا خەبات دەکات، پەرەپێدانی یەکسانی و تەندروستیی کۆمەڵایەتی بە واتای بەهێزکردنی هێزە خەباتکارەکان و زیادکردنی هێزی بەرگەگرتن لەدژی دیکتاتۆرییە.
لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانیدا، چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دیاسپۆرا، زۆر کەس تەندروستی کەسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بە جۆری داهاتەوە دەبەستنەوە. بەڵام لەڕاستیدا ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕێژەیی لەگەڵ ئاستی داهات و پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەو کۆمەڵگەیانەی لەسەر بنەمای پێوەندی کۆی گشتیی سفر دامەزراون، ناتوانن پێگە و ئاستی کۆمەڵایەتیی خۆیان باشتر بکەن.
پرسی یەکسانی ڕەگەزی تەنها پەیوەست نییە بە ڕێگەدان بە ژنان بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە سیاسییەکان بە بەدەستهێنانی چەند کورسییەک لەنێو پیاوان، بەڵکوا ئەم بابەتە پێشمەرجێکە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەسەر هەموو ئاستەکان و پەرەپێدانی کوالیتیی ژیانی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە لەگەڵ پیاوان. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی پێشکەوتوو شاهیدی باشتربوونی ئاستی ژیان و بەختەوەریی کۆمەڵایەتی بوون بەهۆی هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یەکسانیی ڕەگەزی. ئەمڕۆ شاهیدی ئەو ڕاستییەین کە تەنانەت کاریگەریی گەرمبوونی گۆی زەوی نەیتوانیوە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە بوەستێنێت و ئەم وڵاتانە لێبڕاوانەتر لە پێشوو بۆ بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکانی بەرێوەبەری و ڕێبەریی کۆمەڵگەدا هەوڵ دەدەن.
هۆکاری سێیەمیش پێوەندی هەیە بە پرسە ئابووری و بازرگانییەکانەوە: کۆمەڵگەیەک کە یەکسانی بەرەوپێش ببات و پەرەی پێ بدات، خوڵقێنەری دەرفەتی ئابووریی زیاترە. ژمارەی ئەو دۆزینەوە و داهێنانانەی لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و یەکسانەکاندا تۆمارکراون زۆر زیاترە لە کۆمەڵگە ناپێشکەوتوو و نایەکسانەکان. تەنانەت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی پیاوانیشەوە پەرەپێدانی یەکسانیی ڕەگەزی لەبەر ئەم سێ هۆکارەی خوارەوە پێویستە:
یەکەم: نایەکسانی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ماتریالیزم و لەدەستدانی بەها ڕۆحی و مرۆڤییەکان.
دوو: کۆمەڵگە یەکسانەکان هەستێکی هاوبەشیان هەیە بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکان. ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە خۆبەخشانە چارەسەری کێشە و لێگەرە هاوبەشەکان بکات.
سێ: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن لەو کۆمەڵگەیانەی ڕێز لە یەکسانیی ڕەگەزی دەگیرێت، سەرکردەکانیان زیاتر گرنگی بە پرسی ژینگە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەدەن.
لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە، زۆر باس و بابەت لەبارەی پێویستی گۆڕینی پارادایمی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا دەکرێن. زۆر قسەی جوان و سەرنجڕاکێش لە زمان ڕێبەرانی سیاسییەوە لەبارەی پاڵپشتیکردنیان بۆ یەکسانیی ڕەگەزی گوتراون؛ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەبێ گەشەپێدانی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو و ئامانجدار بۆ یەکسانییەکی ڕەگەزی بەواتای تەواوی وشە، گەشەسەندنی خەباتی نەتەوەیی تا هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا مسۆگەر نابێت. پەرەپێدانی یەکسانی تەنیا بە ژمارەی ئەندامانی ژنان لە دەستەی ڕێبەریی ڕێکخراوەکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستیی بە ڕاهێنان و بەرەنگاربوونەوە و بەتاوانناساندنی هەر جۆرە توندوتیژییەکی ڕەگەزی لە ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە. ئێمە زۆر بە دەگمەن دیالۆگێکمان بینیوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان گەشەپێدان و یەکسانی ڕەگەزی. داننان بەم پەیوەندییە بەردی بناغەی گۆڕینی پارادایمی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هەموو لایەنەکانی ژنان لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و خێراکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە.
***
ژێدەر:
Equality, Sustainability and the Quality of Life. BMJ2010;341:c5816