کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهەشتی زەهرا، ئاوێنەی کارەساتی دوو دەسەڵات!

14:15 - 4 سەرماوەز 2723

زانیار حوسێنی

بەهەشتی زەهرا ناوێکی ئاشنا و لە هەمان کاتدا جوان، ئارامکەرەوە و فریودەرە؛ ناوێکە لە مێشکدا، وێنای خەیاڵی لە کەشێکی خەون‌ئاساوە ساز دەکا و ڕەنگدانەوەی بەهەشتی بەڵێنی‌پێدراو لە نێوەرۆکی بەڵگە ئایینی و ئایینزایی لەنێو بیروڕای گشتی دروست دەکا. بەڵام بەڕاستی بەهەشتی زەهرا هەر ئەو مینای ڕووناک و دەرەوشاوەیەیە؟ ئایا مانا و چەمکی ئەو وشەیە لەگەڵ ڕاستییەکانی ئەو شوێنە یەکن؟

بەهەشتی زەهرا! گەورەترین گۆڕستانی ئێران لە باشوری تارانە کە لە ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی بە ناشتنی کەسێک بە ناوی محەممەد تەقی خەیاڵ (لە بنەماڵەیەکی ئەرتەشی و دەستڕۆیشتوو) لە بەشی یەک، ڕیزی یەک، ژمارەی یەک چالاکییەکەی دەست پێ کرا؛ لە ئێستادا بەهەشتی زەهرا بە ڕووبەرێکی نیزیک بە ٧٥٠ هێکتار نیزیکەی یەک میلیۆن و حەوسەد هەزار گۆڕی تێدایە.

ئەو گۆڕستانە بە شێوەی پارچە پارچە جیا کراوەتەوە بەڵام مەجاڵی سەردانی خەڵک بۆ هەموو پارچە یان بەشەکانی نییە؛ هێندێک لەو بەشانە بە کامێرای چاوەدێری-ئەمنی و بوونی گەشتی مەئموورە ئەمنییەکان زیاتر وەک زیندانێکی ژێر چاوەدێری چڕ و کۆنترۆڵکراو دەچێ تا گۆڕستانی مردووەکان!

لە بەهەشتی زەهرا جگە لە بەشە ئاساییەکان، بەشی بەناوبانگیش هەیە. هەروەک بەشی هەشتا و هەشت یان بەشی هونەرمەندان، بەشی چل و چوار یان بەشی شەهیدی نەناسراو، بەشی بیست وچوار کە زیاتر تایبەت بە بەرپرسان، کەسانی پایەبەرزی نیزامی و کەسانی ناسراو و بەرچاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە؛ گۆڕی کوژراو و تێرۆرکراوەکانی حیزبی جمهوریی ئیسلامی و دەیەی شەستی هەتاوییش هەر لەو بەشەدایە. میرحوسێن مووسەوی، کۆتا سەرۆک‌وەزیری ئێران و لە کاندیداکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٨٨، دیزاینەر و تەلارسازی ئەو بەشە بووە. بەشی بیست و نۆی ئەو گۆڕستانەش ئی دیپڵۆماتکاران و کەسایەتییە ناسراوە سیاسی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهە.

ئەوانە تەنیا بەشە ئاساییەکانی ئەو گۆڕستانەیە وەک هەموو گۆڕستانەکانی جیهان. بەڵام بەهەشتی زەهرا بەشی قەدەغە و ئەمنیەتیشی هەیە و هەر وەک داستانە تاڵ و بەئازارەکان، باس لە مێژووی ئاڵوگۆڕی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە و سروشتی ڕژیمەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران دەکەن.

یەكێک لەو بەشانە، بەشی بەناوبانگی سی و سێیە کە ل سێدارەدراوەکانی پێش شۆڕشی ٥٧ (لە کاتی دەسەڵاتی پەهلەویدا) لەوێ نێژاون. ئەو گۆڕی ئەندامانی حیزبی توودە، چریکەکانی فیدایی خەلق و سازمانی موجاهیدینی خەلقی تێدا کە؛ لە سەردەمی پاشایەتیدا دەوری ئەو بەشەیان بە دیوارێکی بێتۆنی گرتبوو و لە دوای شۆڕشی ٥٧ تەنیا بە کامێرای چاوەدێری لەژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵ گیراوە و دەکرێ بڵێین ئەو بەشە وەک پێشوو بە چڕی کۆنترۆڵ ناکرێ. ئەو کامێرایانە تەنیا بە هۆی لەژێر چاوەدێری گرتن و ناسینی ئەو کەسانەیە کە هاتووچۆی سەر گۆڕی مارکسیستەکان و مارکسیسته-موسوڵمانەکان دەکەن.

لەنێو بەشە قەدەغە و ئەمنیەتییەکانی بەهەشتی زەهرا یان هەمان مینای ڕووناک، بەشەکانی چل و یەک، و نەوەد و سێ لە هەموویان بەناوبانگترن.

بەشی چل و یەک میوانی بەشێکی زۆر لەو کەسانەیە کە لەسێدارە دراون یان تیرباران کراون؛ ئەو بەشە بە حەفدە کامێرای چاوەدێری، گەشتە بەردەوامەکانی مەئموورە ئەمنییەتییەکان و ئەندامانی ئەمنییەتی حەرەم و پۆستەکانی دێژبانیی ئەرتش کۆنترۆڵ دەکرێ؛ پێویست بە ئاماژەیە لە ئێستادا پاراستنی بەهەشتی زەهرا لە دێژبانیی ئەرتەش وەرگیراوەتەوە و دراوە بە یەکەی فاتحینی سوپای پاسداران.

لە ماڵپەڕی "ڕاست‌یاد"دا بە تەسەلی باسی ئەو بەشە لە بەهەشتی زەهرا کراوە؛ ڕووبەری ئێستای ئەو پارچەیە نیزیکەی یەک هێکتارە و مەزەندە دەکرێ نیزیک بە یازدە هەزار گۆڕی تێدا بێ. بەپێی بۆچوونی ڕۆژنامەنووسان و ئەوانەی سەردانی ئەو بەشەیان کردوە، زۆربەی بەردی سەر گۆڕەکان شکاون و لە هێندێک جێدا ئێسک و پروسکی مردووەکان سەریان لە خۆڵ هێناوەتە دەر و بەشێک لە گۆڕەکانیش تێک‌ڕووخاون. پێشتر بەشێک لەو پارچەیە جیا کراوەتەوە و پارکینگی لەسەر ساز کراوە و بە ژماردنی ئەو بەشە و لەبەرچاوگرتنی ڕای شارەزایان، دەکرێ بڵێین کە لەسەریەک نیزیکەی سێزدە هەزار کوژراو لەو پارچەیەدا نێژراوە. زۆربەی گۆڕەکانی ئەو پارچەیە یان ئەو بەشە بەزەحمەت دەناسرێنەوە، بە شێوەیەک کە ناسنامەی زۆرێک لەو نێژراوانە نادیارە. لەکارکەوتنی ئینتێرنێت و ئانتێنی تەلەفوون لەو خاڵە بەرچاوانەیە کە لەگەڵ چوونە ژوور بەو بەشە، هەستی پێ دەکرێ. تەرمی زۆرێک لە ئێعدامکراوەکانی نێوان ساڵەکانی ٥٧ تا ٦٠ی هەتاوی، ئەندامانی کۆدەتای نۆژە یان عەمەلیاتی نیقاب، ئەندامانی موجاهیدینی خەلق، کەسانی دەوڵەمەندی تاوانبار بە کۆکردنەوەی ماڵی حەرام! سزادراوان بە گەندەڵی لەسەر عەرز (افساد فی الارض)، ئەندامانی گروپی فۆرقان، بازاڕییەکانی نیزیک لە جەریانی دژ بە دەسەڵات، هێندێک لە فەرمانداران، نوێنەرانی پارلەمان، نیزامی و غەیرە نیزامییەکانی نیزیک لە دەسەڵاتی پەهلەوییش لەو پارچەیەدا نێژراون.

ئەو بەشە یان ئەو پارچەیە هەمان لەعنەتاوای بەناوبانگ یان پاژی سووتاوە کە ئیزنی چاککردنەوەی گۆڕەکان و پێڕاگەیشتنی بە بنەماڵە و کەسانی نیزیکی نێژراوەکان نادرێ؛ لە ڕاستیدا ئەو بەشە کراوەتە هێمایەک بۆ تۆقاندن و هەڕەشەیەک بۆ دژبەرانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ لە دەرەنجامی دژایەتیی ئەو دەسەڵاتە.

بەش یان پارچەی نەوەد و سێ، دووهەمین بەشی تایبەت بە زیندانییە سیاسییە ئێعدامکراوەکانە کە بە نۆ کامێرای چاوەدێری-ئەمنییەتی دەپارێزرێ. دەگوترێ تەرمی زۆربەی ئێعدامکراوەکانی ساڵی ٦٣ لەو بەشەدا نێژراوە. کەسانێک کە زیاتر لە ئەندامانی چریکی فیدایی خەلق و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بوون؛ زەویی ئەو بەشەش زیاتر لە بەشی چل و یەک دەچێ. گۆڕی بێ ناوونیشان و بەردی شکاوی سەر گۆڕەکان بەرچاون و هێندێکیشیان دیارە لەلایەن کەسوکاریانەوە دیسان گۆڕەکانیان نۆژەن کراوەتەوە. جگە لەو دوو بەشە، بەشی ئەمنییەتیی دیکەش لە بەهەشتی زەهرا هەیە، بۆ نموونە بەشەکانی نەوەد و یەک، و نەوەد و دووش پڕە لە تەرمی نێژراوی ئێعدامکراوانی سیاسی؛ بەشەکانی چل و دوو و هەشتا و پێنجیش لە بەشە ئەمنیەتییەکان لەقەڵەم دەدرێن کە پڕە لە گۆڕی بێ ناوونیشان لە دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە دۆخێکی ئەمنیەتیدا نێژراون.

یەک لەو گۆڕانەی بەشی هەشتا و پێنج کە سەرنجڕاکێشە و ناکرێ ڕووی لێ وەرسووڕێنی، گۆڕی میرمنداڵێک بە ناوی ئەمروڵڵا کوردی‌لوویە کە لە تەمەنی یازدە ساڵیدا ئێعدام کراوە. لە بەهەشتی زەهرا یان مینای ڕوناک و درەوشاوە، بەشێک بە ناوی بەشی سێسەد و دوو هەیە کە ئەویش پڕە لە گۆڕی بێ ناوونیشان؛ بە وتەی دژبەرانی ڕێژیم و تێکۆشەرانی مەدەنی، زۆربەی کوژراوی خۆپێشاندانەکانی ساڵەکانی ٨٨ و ٩٨ لەو بەشەدا نێژراون و هیچ داتایەکی ورد لە گۆڕە بێ ناوونیشانەکانی ئەو بەشە لەلایەن هیچ نیهادێکەوە بڵاو نەکراوەتەوە. لە ماڵپەڕی "کەلمە" لە دەی سەرماوەزی ٩٨ دا، هەواڵێک بڵاو کراوە و بەپێی ئەو هەواڵە تەرمی سەد و پەنجا و شەش کوژاروی خۆپێشاندانەکان لە خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بردراوەتە بەهەشتی زەهرا و هیچ زانیارییەک لەسەر گۆڕ و بەشێک کە ئەو کوژراوانەی لێ نێژراون نەزاندراوە.

لە دوای شۆڕشی ژیناش زۆربەی کوژراوەکان لە بەشە جیاوازەکانی ئەو گۆڕستانەدا نێژراون، وەک حەمیدڕەزا ڕوحی لە بەشی دووسەد و یازدە، مۆحسینی شکاری لە بەشی نەوەد و دوو و یەڵدا ئاغافەزڵی لە بەشی سی و شەش لە هەرە بە ناوبانگەکانن.

بیرۆکەی بەهەشتی زەهرا یان مینووی ڕوناک و درەوشاوە بۆ کۆکردنەوەی گۆڕستانی تاران لە یەک شوێنی ئەو شارە زەبەلەحە بوو بەڵام بە پێچەوانەوە بوو بە شوێنی ناشتنی قوربانییانی مرۆڤکوژی و جینایەتەکانی ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوی و ڕێژیمی شەکەتبووی کۆماری ئیسلامی.

گۆرستانێک کە میوانی تەرمە لەخوێن‌گەوزاوەکان، ئەشکەنجەدراوەکان، ئەوانەی پێش کوژران دەستدرێژی سێکیسیان کراوەتە سەر و هێندێک‌جار سووتێندراوەکانە؛ گۆڕستانێك کە لە مێژوودا وەک یەکێك لە بەڵگە هەرەزیندوو و حاشالێنەکراوەکانی جینایەتی دەسەڵاتدارانی تینووی خوێن، دەسەڵات، پارە و گەندەڵییە. گۆڕستانێک کە لە دوای مردنیش، ئیزنی ئارامی و حەسانەوە بە نووستوەکانی ژێر گڵ نادات و بۆتە گەورەترین میتینگی دژبەرانی ڕێژیمی پێشوو و ئێستا؛ میتینگێک بە بارتەقا و پانایی بێدەنگی!