لە دوای توندبوونی گرژییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، سەرچاوە ناوچەیی و دیپڵۆماتیکەکان ڕایانگەیاندووە کە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو گوشارەکانیان بۆ سەر ئەمریکا زیاد کردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی توانای نیزامی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات.
بە وتەی سێ سەرچاوەی کەنداو، ئەم وڵاتانە خوازیاری شەڕ لەگەڵ ئێران نین، بەڵام داوا لە واشنگتۆن دەکەن کە گوشارەکانی سەر تاران کەم نەکاتەوە.
هاوکات، پێنج دیپلۆماتی ڕۆژاوایی و عەرەبی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات پشتگیریی ناوچەیی بۆ ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکەی خۆی و ئیسرائیل بەدەست بهێنێت.
عەبدولعەزیز ساغەر، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کەنداو، وتی ئێران تەواوی هێڵە سوورەکانی لە وڵاتانی کەنداو بەزاندووە و سەرەڕای دژایەتی ئێمە لەگەڵ ئەو شەڕە، ئێران هێرشی کردە سەر ئێمە و لەو کاتەوە بوون بە دوژمن.
ناوبراو ئاماژەی بە گۆڕانی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە کرد و وتی هێرشی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکان، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و دامەزراوە نەوتییەکان، وای کردووە ئەم وڵاتانە ئێران وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ ببینن.
بە وتەی ئەو، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ وڵامێکی یەکلاکەرەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی تاران بوێرتر بێت لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ڕێڕەوە گرنگەکانی وزە.
ڕێژیمی ئێران لە حەفتەکانی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی مووشەک و دڕۆن، هێرشی کردووەتە سەر ئامانجگەلێک لە چەند وڵاتێکی کەنداو و هاوکات ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دروست کردووە.
لەکاتێکدا شەڕەکە چووەتە حەفتەی سێیەمی خۆی، هەندێک سەرچاوەی ناوچەیی جەخت دەکەنەوە کە بژاردەی دڵخوازی سەرکردەکانی کەنداو، لاوازکردنی توانای نیزامیی ئێرانە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت و ئێران کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئەمنییەتی درێژخایەنی وزەی جیهانی و سەقامگیریی ئابووریی ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جیددی دەبنەوە.