بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، شەپۆلێکی توندی هێرشی ئاسمانی بنکە و مۆڵگەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی لە چەندین شار و ناوچەی جیاوازی ئێران گرتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بارەگای سپای پاسداران لە شارستانی سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە بۆردومان کرا و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە بیسترانی دەنگی تەقینەوە لە کرماشان کردووە.
بنکە سەربازییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی تەورێز و بناو لەگەڵ پایگای هێزی دەریایی لە بەندەر ئەنزەلی کراونەتە ئامانج. هەروەها لە "چەمستان"ی پارێزگای مازەندەران تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویداوە.
هێرشەکان پایگای هێزی ئاسمانی لە بەندەر عەباس، هێزی دەریایی لە خوڕەمشار، شارۆچکەی "سەدرا" لە شیراز و شاری ئوز لە پارێزگای فارس و هەروەها بەندەری ستراتیژیی چابەهاریان گرتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان فڕۆکە شەڕکەرەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئاسمانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای کرماشان بینراون.
ئەم هێرشانە کە لە تەورێزەوە تا چابەهار بەربڵاو بوون، بە یەکێک لە قورسترین هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.
تا ئێستا بەرپرسانی فەرمیی ڕێژیم و میدیا دەوڵەتییەکان هیچ زانیارییەکی وردیان لەسەر قەبارەی زیانە گیانی و ماڵییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.