بەڕێز سەرۆک!
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ پێشوازی دەکات لە ڕاپۆرتەکانی کومیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و خاتوو مەی ساتۆ لە سەر ئێران.
سەرەتا داواکارین هەموو لایەنەکانی دەرگیری شەڕ ڕەچاوی یاسا نێونەتەوەییەکانی شەڕ بکەن.
لە پێوەندی لە گەڵ ڕەوشی کوردستانی ئێران، ئێمە نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین لە سەر ئەو ڕاپۆرتانەی ئاماژە بەوە دەکەن سپای پاسداران کەلک لە شوێنە گشتییەکان وەک مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانەکان و هۆڵی بۆنەکان، وەک سپەریی مرۆیی دەکەن کە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.
ئێمە بە توندی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران و میلیشیا شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران دژی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور، مەحکووم دەکەین. هەرەها، ئێمە بە توندی نیگەرانی وتار و قسە توند و دژە کوردی ڕێبەرانی ئێرانین کە خەلکی کورد تاوانبار دەکەن. ئەو جۆرە وتارە توند تیژانە فرە جار مەترسیی کوشتاری بەکۆمەڵی بە دوادا دێ.
لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە هەر بڕیارنامە و سیاسەت و ئیستراتیژییان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا دەبێ پرسی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ڕەچاو بکەن. لە بەرچاو نەگرتنی ئەم پرسە، دەتوانێ مەترسیی قەیرانی ئیتنیکی و شەڕی نێوخۆ و کوشتاری بەکۆمەڵ زیاد بکات، وەک ئەوەی لە یوگسلاڤیی پێشوو و ڕواندا بینیمان.
سوپاس
تەیموور ئەلیاسی
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ