کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەیەک لە بناری زاگڕۆسەوە بۆ منداڵانی غەززە

23:22 - 4 سەرماوەز 2723

ڕەسووڵ سوڵتانی

منداڵە ئازیزەکانی غەززە!

سڵاو!

دەزانم ئێوە من ناناسن. ھەر ناویشتان نەبیستوومە. بەڵام لەوە دڵنیا بن، ئەمن ئێوە باش دەناسم. ئێوە من ناناسن، چونکە کەس نەبووە باسی من بۆ ئێوە بکات و بەسەرھاتە تاڵەکانی ئەمن بۆ ئێوەی ئازیز بگێڕێتەوە. بۆیە ھیچ خەتایەکتان نییە لەوەیکە نازانن لێرەیش کە ناوی کوردستانە، کەسانێک ھەن ئازارەکانیان لە ئازارەکانی ئێوە دەچێ و برینەکانیشیان ھەر بەو جۆرە خوێنیان لێ دەچۆڕێت کە برینی ئێوە خوێنی لەبەر دەڕوات. ئێوە ناوی منتان نەبیستوە. لەبەر ئەوەی مامۆستاکانتان لە قوتابخانە و مامۆستایانی ئایینیتان لە مزگەوتان تەنیا ئەو شێعرانەتان بۆ شی دەکەنەوە و ڕاڤەیان دەکەن کە خوێنی برینەکانی ئێوەیان لێ دەچۆڕێت. ئەوان لە ڕەگەزی خۆتانن و ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئازارەکانتانا دەژین. ئەوان خەمەکانی ئێوە بۆ خەڵکی دنیا شی دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ گرمەی ھەر تۆپ و بۆمبایەك وەک ئێوە تەزوویان بە لەشدا دێت و لە پرسەی ھەموو چۆلەکەیەک و لە ماتەمینیی ھەموو مەل و باڵندەیەکی ئەوێدا بەشدار دەبن. مەلاکانی لای ئێوە نیشتمانی خۆیانیان خۆش دەوێ. ئەوان نیشتمان قیبلەگایانە. ئەوان خوێنی ڕەسەنی نەتەوەکەی خۆیانیان بە لەشدا دەگەڕێت، بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری مەلای لای ئێمە، كە شینی هەموو شوێنێك دەگێڕن جگە لە نیشتمانی خۆیان. جا تۆ نازانی ئێمە لە كوردەواریدا بۆ ئەوانە مەسەلێكمان هەیە، پێیان دەڵێین "گای بنە"، گای بنە سەرەی خەڵك دەكا، بنەی خۆی ناكا.

لەلایەکی دیکەیشەوە لەگەڵ دەنگی گرمەی ھەر تۆپێک و ھاشوھووشی ھەر فڕۆکەیەکدا چی کامێرا و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ئەم دنیایە، دەبنە زمانی ھاوارەکانتان و لانیکەم ھیچ نەبێ ناھێڵن وەک ئێمە لە تەنیایی و بێ‌ناویدا سەر بنێنەوە.

ئیزنم بدەن تۆزێک کوڵی دڵی پڕم لای ئێوە ھەڵڕێژم. ئەمن زۆر زۆر بەر لە ئێوە جەستەی خاک و نیشتمانم بریندارە و قەل و داڵم تێ ھاڵاون. باس لە گورگە برسییەکانی عوسمانی و کەمتیارەکانی سەفەوی ناکەم کە چۆن لەسەر زگی من شمشێرەکانی غەزایان لێک دەوەشاند. باسی زۆر دوورت بۆ ناکەم. باسی زریکە و قیژەی منداڵانی قەڵای دمدمت بۆ ناکەم. کوردقڕانی شاروێران و موکریانیش ھەر ئەتۆ خۆش و لێی گەڕێ. باسی دوێنێمت بۆ دەکەم. دوێنێ ھاوڕێم، ھەر دوێنێ بوو، ھەناسەی ئاسمانی شارەکەمیان پڕ کرد لە گازی سیانید و جەستەی زاماری شارێکمیان ھەڵوەراند و لە شەپۆلی ئەنفالێکدا ھاوڕێکانیان بەكۆمەڵ زیندەبەچاڵ کردم. ئەوکات ھاوڕێم، لەو بەری بۆنی سیانیدەکەوە، بڕوات بێ ھەر تۆزێک لەوبەرەوە زۆریش دوور نا، چیی موسوڵمانی خوا ھەبوون پەنجەی شادە و دۆشاومژەی موبارەکیان نایە نێو کونی گوێچکەیان و ھیچیان نەبیست. ھیچیان نەدی. کەس ئاوڕێکی نەدایەوە و فاتیحایەکیشیان بۆ ئێمە نەنارد. ھیچ کەس دڵی ڕانەچڵەکا. ھیچ کەس بڕواشی پێم نەکرد. زۆر سەیر بوو. ھەر ئەوکاتە، لەو کاتەدا کە ھاوڕێ ئازیزەکانم و منداڵانی دراوسێمانیان بەرەو خەرەندەکانی بیابان ڕاپێچ دەکرد و لەگەڵ خوێندنەوەی ئەڵڵاهوئەكبەڕ و ئایەتەكانی سووڕەتی ئەنفال وەبن گڵیان دەدان، بەڵێ ڕێک ئەوکاتەی چاوەکانیان بە زیندوویی دەخرانە بن بارستەی خۆڵ، ڕێک ئەو کاتەی خۆڵ و خاکی بیانان قیژە و ناڵەی کپ دەکردین، ڕێک ئەودەمەی بۆنی سیانید ئاسمانی ئێمەی دەخنکاند، بڵندگۆی مزگەوتەکانی شارەکەم باسی ئێوەیان بۆم دەکرد. باسی خەمەکانی ئێوە. باسی برینەکانی ئێوە و ئەو زوڵم و زۆر و زۆردارییەی لەسەرتانە. ئەوکات ئەمن ئێوەم دەناسی. دەمزانی کەسانێک ھەن لەم دنیایە و برینەکانیان لە برینەکانی من دەچێ. کەسانێک ھەن کە وەکوو من بەر لەفڕین چۆلەکەی ھاوارەکانیان دەکوژرێن. بەڵام ئێوە قەت ئاگاتان لە من نەبوو. ئاخر مەلاكانی وڵاتی من، بڕوا بە ژانی من ناکەن. ئەوان بۆ تاقە جارێکیش سەیری برینی من ناکەن. ئەوەتا، دوای ئەنفال و دوای ھەڵەبجەش، ئەوان ھەر وا لەسەر ھێلکەی بێدەنگییان کڕ کەوتوون و جووڵە ناکەن. دەمیان بووەتە تەڵەی تەقیو. چەند ساڵێکە ھەموو ڕۆژێ، جەستەی سەوزی ڕەز و باخمان دەئەنجنن و بە ڕۆژ و شەو گرمەی تۆپی دراوسێکان خەو لە چاومان دەتۆرێنن. ساڵانێکە ناوەناوە خەونەکانی بەیانیان و ڕوانینەکانی ئێوارەی منداڵانمان دەدرێنە بەر ڕەھێڵەی تۆپ و ئاگری بۆمب. بەڵام دیسان مەلاکانمان -نیشتمانپەروەکانیان لێ دەرچێ، ئەوانیدی- کڕ و کپن. ھەر ئەوانەی کاتێ لەوێ لە لای ئێوە چۆلەکەیەک ھێلانەکەی لێ دەشێوێ، لێرە شمشێرەکانی زمانیان لە کالانان دەترازێنن و لەسەر ئێوە بەجواب دێن و پشتیوانیتان لێ دەکەن. بەڵام ھەر ئەو موسوڵمانە بەدینانە، ھەر ئەوانەی کە ڕۆژ و شەو لەبەر خەمی منداڵانی موسوڵمانی وڵاتانی دوور، خەو لە چاوانیان ناکەوێ، جارێک نەھاتن و نەیانگوت: منداڵانی کوردستانیش موسوڵمانن، یا نەخێر ئینسانن. ئێمە لەپێش چاوی ئەوان ئاوارەین و خێوەتێکیش شک نابەین تێیدا وەحەسێین، لەبەرچاوی جیهانبینیان ھاوڕێکانی من گیان دەدەن، منداڵانی بناری کوێستانی قەندیل لە برسانا، لە تینوانا ھەڵدەچۆقێن، کەچی ئەوان شەربەتی بێدەنگی مەست و مەنگی کردوون. لەو ڕۆژانەدا ھەموو ھەینوان گوێ ھەڵدەخەم بەشکم لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە مەلایەک، بەشکم لە ھێڵی ڕادوێیەکەوە فەقێیەک، کۆلکە مەلایەک بە تەفسیرێک، بە ئایەتێک، ڕەوایەتێک، بە حەدیسێک، بە کەلامێک پشتم بگرێت، ھەتا ئێستاش نەمبیستووە. زۆر جار دڵخۆشیی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم، لەوانەیە ئەوان زۆر بە دوای ئایەت و حەدیساندا گەڕابێن و لە ھیچ شوێنێک شتێکی وایان دەست نەکەوتبێ بە تەفسیر و لێکدانەوەش منداڵی کورد بگرێتەوە و بۆ بەرگری و دیفاع لە منداڵانی کورد بیخوێننەوە. لەوانەشە ھەر وا بێت و تەنیا بەشی ئێمەی منداڵانی ئەم کوردستانە غەریبە لە ئایەت و حەدیس و ڕەوایەتان تەنیا و تەنیا ھەر ئەنفال و پەچە و ڕووبەند و چارشێو و سەنگەسار بێ و ھیچی دیکە.

ھاوڕێیانم!

دڵگران مەبن. ئەمن ناڵێم لەسەر ئێوە بەجواب نەیەن. ئەمن دەڵێم، دەردی من و ژانی ئێوە ھەر یەک ژانە. ئەمن ناڵێم ئەوان باسی ئێوە نەکەن. ئەمن دەڵێم: بۆچی ئەوانەی قولانجێک لەو لای خۆمەوە، ئەوەندە نزیک کە بۆنی پیاز و سیرەکەی زاری دەگاتە من، ھەر بە زمانی خۆیشم دەدوێ و ھەموو ڕۆژێ سێ چوار جاریش دێت و بەربینگم پێ دەگرێ کە بۆچی و لەبەر چییە تەرکەنوێژم. ئەو کابرایەی ھەموو حەوتووان باوکم ھان دەدا و پێی دەڵێ: ئەگەر عەولادەکەت نوێژی نەکرد، لێی دە، دەری بکە و ڕای مەگرە، ھەر ئەو کابرایەی چاوەکانی بوونەتە ڕووباری خوێن بۆ منداڵانی غەززە، کەچی ئەمن لە پێش چاوی لەت‌لەت دەبم، داناچڵەکێ، ڕاناچەنێ، مێشێکی لێ میوان نییە و گرمەی تۆپەکانی ئێرانیشی پێ خۆشترین موسیقایە.

نا نا ھاوڕێم، لەوەیاندا کە پشتیوانیتان لێ دەکەن، ئەمنیش وەک خۆم دەستخۆشانەیان پێ دەڵێم. بەڵام ئاخر ھەقمە پرسیاریشیان لێ بکەم بزانم بۆچی چاوی لای خۆمانیان کوێرە و گوێچکەی لای خۆمانیان کەڕە.

منداڵە خەمبارەکانی غەززە!

دڵتان خۆش بێ، ئێوە وەک ئێمە تەنیا نین. ھەر ھیچ نەبێ مەرگی ئێوە زۆر زۆر لە ھی مە جیاوازە. ئێمە دەمرین، جەستەی ناسک و تاو نەدیومان لە پڕ ئەنجن‌ئەنجن دەبێ، کەچی ھیچ کەس گوێ لە ناڵە و نووزانەوەی ئێمە ناگرێ. ئێمە تەنانەت ئەو کاتەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیشا مەمکەمژەکانی سەر لێومان دەدۆزنەوە، جیا لە دایکمان کەس لیچێک ھەڵناقرچێنێ بۆ خەممان. ئێوە چی کامێرا و تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و منارە و میحراب و مزگەوتە لەگەڵتانن. بەڵام کامێرای لای ئێمە ھەموو کوێرن. مزگەوتەکانیش ھیچکامیان ئایەتێکیان ھەتا ئێستا دەست نەکەوتوە کە بتوانن بۆ بەرگری لە ئێمەی کورد بیخوێننەوە. ھەرچی ھەیە ھەر بۆنی ئەنفالی لێ دێ. ئێرە بناری زاگڕۆسە. ئێرە شوێنێکە خۆمان پێی دەڵێین کوردستان و جیا لە خۆمان کەس نایەوێ بەو ناوەوە بانگمان بکات.

بە ھیوای ئەو ڕۆژەی ھیچ منداڵێک بووکەڵکەکەی نەکەوێتە بن داروپەردووی ماڵەکەیان و بە گرمەی تۆپ خەوی بەیانیانی نەزڕێ.

ھاوڕێ و ھاوخەمتان منداڵێكی کوردستان

١١/٨/٢٠١٥