مەنسوور مروەتی
"ئێمە دروشمێک نادەین کە بۆمان جێبەجێ نەکرێ"
د. قاسملوو
ڕەنگە زۆر جار گوێمان لێ بووبێ کە لە وەسفی دوکتور قاسملوودا گوترابێ و دەگوترێ، "قاسملوو ڕێبەرێک بۆ هەموو وەرزەکان"، هەروەک ئەوەی جاری واهەیە بۆ ڕێبەرێکی دیکەش یان لە وەسفی کەسایەتییەکی ئەدەبی یان شاعیرێکیش ڕەنگە وا بگوترێ.
ئەگەر لە هەرکام لەوانە ورد بینەوە یان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، دەبینین قسەکە کاتێک دروستە، لەو لێکۆڵینەوەیەدا ڕیئالیزم یان واقعگەرایی ڕەگەزێکی بنەڕەتیی لێکۆڵینەوەکە بێت. بە واتایەکی دیکە ئەدیبێک تا کاتێک لەگەڵ کێشە و ئازارە چارەسەرنەکراوەکانی گەلەکەیدا دەڕوا، ئەوا ئەوەی دەینووسێ هەر تازەیە و لەلایەن خەڵکەوە وەردەگیرێ و دەبێتە وێردی سەر زمانان. بێگومان گرینگتر لە بابەتێکی ئەدەبی واقعبینیی سیاسییە کە ئەمەیان زۆر جار پێوەندیی بە چارەنووسی نەتەوە یان گەلێک لە وڵاتێکدا هەیە. لە دنیای پڕئاڵۆزی شۆڕشی کورد و پرسە چارەسەرنەکراوەکەیدا ئەگەر ڵێکۆڵینەوە یان تەنانەت چاوێکی خێراش بە هەڵسوکەوت و بڕیار و وتارەکانی دوکتور قاسملوودا دەخشێنی، بەدەگمەن دەبینی وتار و ڕەفتارێکی سیاسیی دوکتور دوور لە واقعبینیی سیاسی بێت. بە واتایەکی دی دکتور قاسملوو لە دنیای سیاسەتدا جیاواز لە خەون و خەیاڵات و ئاواتەکانی سەبارەت بە چارەنووسی گەلەکەی هەمیشە لاقی لە سەر عەرز بووە و واقعبینیی سیاسی لە ڕەفتار و بڕیارەکانیدا کۆڵەکەیەکی گرینگ و کاریگەر بووە. بۆیە تا کاتێک کە سیستمی سیاسی لە ئێراندا هەروا بە داخراوی و عەقڵییەتێکی دیکتاتۆری بە سەر وڵاتدا زاڵ بێ، هەروەها پرسی کورد هەروا بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، ڕوانگە ڕێئاڵەکانی دوکتور قاسملوو هەر نوێن و لەو سۆنگەوە دەکرێ بگوترێ قاسملوو ڕێبەرێک بۆ هەموو وەرزەکان.
ئەگەر هەر شۆڕشی ژینا و ڕووداوە سیاسییەکانی چەند مانگی سەرەتای پاش هەڵگیرسانی ئەم شۆڕشە بە نموونە بگرین و لە سەر ئەو ڕووداوانەی کە هاتنە پێش هەڵوێستەیەک بکەین، چەندین نموونەی تێدایە کە دوکتور قاسملوو لانیکەم زیاتر لە ٣٥ ساڵ لەوەپێش قسەی لەسەر کردوون، لە حاڵێکدا ئێستاش پاش ئەو هەموو ساڵە ڕوانگەکانی هەر نرخ و بایەخی خۆیان هەیە و هەر دەڵێی بۆ ئێستا قسەی کردوە. بۆ نموونە، دوکتور قاسملوو لە وتووێژێکدا لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی عەلی لیمونادی لە پاریس، بەوردی باس لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات بەدژی کۆماری ئیسلامی، لە کات و شوێنێ جیاواز و لە ناوچە جیاوازەکان دەکا و هەموویان بە کاریگەر و شوێندانەر دەزانێ و بە پێی هەلومەرج هەر هەموو شێوازەکان لە خەباتی فەرهەنگیەوە تا خەباتی مەدەنی، سیاسی و چەکداری بە پێویست دەزانێ و تەنانەت لە بەشێک لە قسەکانیدا باس لە خەباتی ژنان بەدژی حیجابی زۆرەملێ دەکا کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەریاندا سەپێنراوە دەکا و ئەوەش بە خەبات دەزانێ. وەکوو باس کرا کە گوێ لە وتووێژەکە دەگری، هێندە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ئێران دێتەوە کە بیسەر وا هەست دەکا دوکتور قاسملوو ئەو قسانەی بۆ ئێستا کردووە و باسی ئێستای ئێرانت بۆ دەکات. نموونەیەکی دیکە کە لەم شۆڕشەی ژینادا دەرکەوت، هەوڵی پاشماوەکانی پاشایەتی لە ئێران بۆ بەئالتێرناتیڤکردنی کوڕی شای پێشووی ئێران و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی بۆ ئێرانی داهاتوو بوو، کە دوکتور قاسملوو پێشتر لەو بابەتەشەوە قسەی کردووە و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی لەو بارەوە خستووتە ڕوو. ئەم بابەتەش لەبەر واقبینییەکەی لەم شۆڕشەشدا بوو بە سیاسەتی نەگۆڕی حیزبی دێموکرات و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، تا جێگایەک کە توانی پاشەکشە بەو فکرە بکات.
جیاواز لەو باسانە، لەم شۆڕەشدا وەک پێشوو ناوەندگەرا و پانئیرانیستەکان وەکوو پیشەی هەمیشەییان لە هەوڵی پەراوێزخستنی گەلانی دیکەی ئێران و ناوبردنیان بە قەوم و قەبیلە و شتی لەو بابەتە بوون و ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامییان بەو جۆرە کە خۆیان دەیانهەویست وێنا دەکرد. ئەوان لە خەیاڵی خۆیاندا جگە لە فارس، دان بە نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی جوغرافیای ئێراندا نانێن. ئەم بابەتە چلوسێ ساڵ لەوەپێشیش لەلایەن دوکتور قاسملووەوە بەرپەرچی دراوەتەوە و جیا لە باسی واقعبینیی سیاسی نیشانەی توانایی ڕێبەری لێوەشاوەی کورد لە باسە تیۆریک و زانستییەکانە، و ئێستا و لەم شۆڕشەی ژیناشدا کوردێک نابینی کە ئاگاداری ئەو باسە نەبێ و وەکوو میللەت باس لە مافەکانی کورد نەکا.
نموونەیەکی دیکە بۆ واقعبینیی سیاسی دوایین قسەکانی دوکتور قاسملووە لە دوایین دانیشتنی لەگەڵ ئەو تێرۆریستانەی کە بەڕواڵەت بۆ دانیشتن و وتووێژ لە ڤییەن دوکتوریان شەهید کرد. لەودا دوکتور قاسملوو زۆر بەڕوونی باسی بەرپرسایەتیی ئێستای ئەوان و چارسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران لە چوارچێوەی خوموختاریدا دەکا و دەڵێ ئێمە ئێستا باسی خودموختاری دەکەین بەڵام زەمانەتی ئەوە ناکەین نەسلی دوای ئێمە داوای سەربەخۆیی نەکەن. ڕێک ئێستا و لەم سەردەمەدا نەسڵێک هاتوونەتە پێش کە خوازیاری سەربەخۆیین و، ڕێک ئەوەی دوکتور پێشبینیی دەکرد ئێستا هاتووەتە دی.
ئەم چەند نموونەیەی باس کرا، مشتێک لە خەرمانێک بوو، دەنا باسکردن و نموونەهێنانەوە لە واقعبینیی سیاسی لە ڕەفتار و ڕوانگە سیاسییەکانی دوکتور قاسملوودا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر وردتر و بەربڵاوترە کە لەم کورتە وتارەدا جێگای نابێتەوە.
لەگەڵ واقعبینیی سیاسیدا یەکێک لەو بابەتانەی کە دوکتور قاسملوو هەوڵی بۆ دەدا، بەنێودەوڵەتیکردنی خەباتی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیەتی. دیارە بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد خۆی لە خۆیدا نیشانەی واقعبینیی سیاسییە؛ ئەگەر هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی هەوڵی بۆ بدات. چونکە هەم گەلانی ژێردەستە و هەم ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان تا کاتێک کە سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ لای پرس و خەباتەکەیان ڕانەکێشن، شانسی سەرکەوتنیان کەمە. چونکە ئەو دەوڵەتانەی گەلانی ژێردەستیان داوای مافی خۆیان دەکەن وەکوو یاغی و سەرەڕۆ چاویان لێدەکەن و بەپێی یاسای نێوخۆیی خۆیان لەگەڵیان دەجووڵێنەوە، بەڵام ئەگەر گەلان و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان بتوانن پرسی خۆیان بەنێودەوڵەتی بکەن و سەرنجی دنیای دەرەوە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ئەوا یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پشتیوانییان لێدەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی شەرعیەتدانێکی نێودەوڵەتی بە خەباتەکەیان و لەو سۆنگەوە کۆمەڵێک مافیان بۆ دەستەبەر دەبێ. یەک لەو مافانە مافی چارەی خۆنووسینە کە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەندین بڕیارنامەدا پشتیوانیی لێکردوە، تا ئەو جێگایەی کە جەختی لەسەر شەرعیبوونی خەباتی چەکدارانەی گەلانی ژێردەستە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کراوەتەوە.
بێگومان ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور قاسملوو بە تێگەیشتن لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەباشی ئاگاداری گرینگیی ئەم بابەتە بووە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە پرسی کورد لە پرسێکی نێوخۆییەوە بکاتە پرسێکی نێودەوڵەتی و لە دنیادا پشتیوان و دۆست و پارتنەر بۆ پرسی کورد پەیدا بکا.
ئەگەرچی پرسی کورد بە گشتی و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستاش بە چەند هۆکارێک شانسی ئەوەی نەبووە لە پرسێکی نێوخۆیی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستانەوە بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن ڕێبەرانی کوردەوە هەوڵی زۆری بۆ دراوە و لەو نێوەدا بەتایبەتی جێی دەست و هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو لەم بوارەدا دیار و بەرچاوە.
لەنێو دەوڵەتاندا بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە پێوەندیی دەوڵەتی فەڕانسە و کەسایەتییە سیاسییەکانی فەڕانسەوی بە بزووتنەوەی کوردەوە بکەین کە بناغەدانەرەکەی دوکتور قاسملوو و هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەو بووە. هەروەها ڕاکێشانی سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دوکتور قاسملوویە، کە بەشی زۆریان هەتا ئێستاش هەر پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان و ڕێبەرانی کوردەوە هەیە.
مەبەست لەو چەند نموونەیە، ئاماژەیەکی کورت بوو بە گرینگیی بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد و هەوڵەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە و هەوڵدان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو پرس و خەباتە.