کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێروبێری شەڕی غەززە بۆ کۆماری ئیسلامی

19:27 - 19 خەزەڵوەر 2723

عەلی بداغی

قسەیەکی بەناوبانگی خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەیگوت شەڕ نێعمەتە و خێروبێرەکەی بۆ نیزام زۆرە، لە هەموو ماوەی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا یەک لە ستراتێژییەکانیان بووە.

شەڕ لەگەڵ عێڕاق لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کە بە بڕیاری خومەینی بۆ ماوەی ٨ ساڵ درێژ کرایەوە، دەرفەتی بۆ ڕێژیم  ڕخساند ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهـ و جۆری نیزامیی سیاسیی خۆیان سەقامگیر بکەن، لە سۆنگەی ئەم شەڕەوە پاساو بۆ قەڵتوبڕ و کوشتاری ڕخنەگران و نەیارانی سیاسیی خۆیان دابتاشن، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سنووردار و پێشێل بکەن و دەیان هەزار بەندیی سیاسی لە زیندانەکاندا لەسێدارە بدەن. ئێران لەو شەڕەدا شکستی خوارد، بەڵام ڕێبەرانی ڕێژیم کە دەسەڵاتەکەیان سەقامگرتوو کردبوو، خۆیان بە براوە دەزانی و هیچ بۆیان گرینگ نەبوو ٢٢٦ هەزار کەس لە خەڵکی ئێرانیان بە کوشت داوە، ٥٧٥ هەزار کەس بریندار و نقوستان بوون، ٦٢٧ میلیارد دۆلار لەو شەڕەدا لە سامانی گشتیی وڵات خەج کراوە و ٦٤٥ میلیارد دۆلاریش زیان و خەسار لە کەرتە گشتییەکانی وڵات دراوە.

دوای خواردنەوەی جامی ژارەکە و شکست لە هەموو بەرەکانی شەڕ، چ لە بەرەی شەڕی مەیدانی و چ لە بەرەی شەڕی وێژمانی کە دەیانگوت "ڕێگای قودس بە کەربەلادا تێ‌دەپەڕێ"؛ مافیای شەڕ، واتە بەیتی ڕێبەری و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی "سازەندەگی"دا بوونە مافیایەکی ئابوورییش و دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئابووری و سامانی گشتیی وڵاتدا داگرت. مافیای شەڕ لە کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەشدا پاوانکردنی ئابووریی وڵاتی خستە خزمەتی سیاسەتی میلیشیاسازی لە عێراق، یەمەن، سووریە، لوبنان و فەلەستین؛ بۆوەی هەم شەڕی نیابەتیی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیان پێ بکا، هەم لە شەڕی ساردی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا کە دەیان و سەدان جۆر سزا و گەمارۆی لەدژیم رێژیم بەدوودا هات، قازانجی ئابووریی تایبەت بە خۆیانیان هەبێ.

شەڕی غەززەش کە لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەرەوە بە هاندان و بارهێنانی هێزەکانی حەماس لە ئێران و فەلەستین و، بە هێرشی ئەم میلیشیا نیابەتییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل دەستی پێ کردوە، قازانجی بۆ ڕێژیم زۆر بووە کە گرینگترینیان ڕاگرتنی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتانی ناوچە بەتایبەت عەڕەبستان لەگەڵ ئیسڕائیلە. هەروەها کاردانەوەی توندی ئیسڕائیل و ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ لە کەرتی غەززەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین و بەوپێیە دروستبوونی کۆدەنگییەکی دی لەدژی ئێسرائیل لەنێو وڵاتانی ناوچە و جیهان دەسکەوتێکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ. جیا لەو دەسکەوتە سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و لەدواجاردا ئابوورییە مەزنە بۆ کۆماری ئیسلامی، قەیرانی دروستبوو لە دڵی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە کە کەلێن و کەلەبەری ژیئوپۆلۆتیکیی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ چین و ڕوسیەی ئەوەندەی دیکەش گەورە کردەوە؛ قازانج و خێروبێرەکەی هەر کۆماری ئیسلامی هەڵی‌دەگرێتەوە. خۆ لێرەشدا گرینگ نییە کە چەند دە هەزار کەسی بێتاوان لە هەردوو بەرەی فەلەستینی و ئیسڕائیلی دەکوژرێن و چەند دە میلیارد دۆلاری دیکە زیانی ئابووری بەر کەرتی غەززە دەکەوێ کە ڕیژیم سینگی خۆی بەدرۆ بۆ دادەڕێ؛ گرینگ ئەوەیە ئیدئۆلۆژی و هەژمۆنیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەیان باڵادەست و بەهێز هێشتۆتەوە!

شەڕ لە غەززە هەتا ئێستاش دوو قازانجی دیکەی بۆ کۆماری ئیسلامی بووە:

یەکەم، ئەو شەڕە لە سۆنگەی کارەساتە مرۆییەکانی کە هەردوو لایەنی شەڕ تێیدا تاوانبارن سەرنجی مێدیاکان و کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانی لەسەر خۆی کۆ کردۆتەوە و ئەمەش ئەو دەرفەتەی بە کۆماری ئیسلامی داوە سووکباڵ و ئارخەیانتر لە جینایەتەکانی لە نێوخۆی وڵاتدا بەردەوام بێت. وەک چۆن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئێعدامەکان لە سەرانسەری وڵات، کۆڵبەرکوژییەکان لە کوردستان و بەلوچستان، گرتن و بەندکردن و گوشارە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر خەڵک چەند قات زیادیان کردوە، بێ‌ئەوەی بارگرانییەکی ئەوتۆی تووشی ڕێژیم کردبێ.

دووهەم، لایەنێکی دیکەی خێروبێری ئەو شەڕە بۆ ڕێژیم پووشبەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکانی وڵات لە دۆخێ ئیستادایە. ئامارە ڕەسمییەکانی ڕێژیم خۆیان دەڵێن کورتیهێنانی بودجە هەتا ئیستا خۆی لە ٥٠٠ هەزار میلیارد تمەن داوە، هەڵێنجان و هەناردەی نەوت وەک سەرەکیترین داهاتی ریژیم هەر هاتوە و لە کەمیی داوە، توانای کڕینی خەڵک ئەمساڵ بەنیسبەت ساڵانی رابردوو سەتا ٤٠ دابەزیوە، لە هەر سێ کەس لە ئێران یەکیان لەژێر هێڵی هەژاری‌دان، سەروو سەتا ٣٠ی خەڵک لە کاولەکۆن و پەراوێزی شارەکاندا دەژین، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن -سەرەرای ئەوەی بە گەورەترین بۆنگای بانگەشەی تەبلیغاتی-ئیدۆلۆژییەکانی ڕێژیم دادەنرێ- دەیان هەزار پۆلی خوێندنی بەبێ مامۆستای وانەبێژ ماوەتەوە، قەیرانەکانی ڕووداوەکانی کار و هاتوچۆ و خۆکوژی کە لە ٧ مانگی ڕابردوودا گیانی لە زیاتر لە ٥ هەزار کەس ئەستاندوە. ئەمانە و دەیان قەیرانی دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران کە ڕێژیم لەژێر سێبەری شەڕی غەززەدا شاردوونیەوە.

شەڕ و نائارامی چ لە نێوان ڕووسیە و ئۆکڕاین، چ لە غەززە و چ لە ناوچەدا هەتا ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی ئاکامی دڵخوازی بووە، چونکی هەم قەیرانە نێوخۆییەکانی خۆی پێ داپۆشیوە، هەم لە نێو پێک‌دژیی بەرژەوەندیی وڵاتان و زلهێزەکانی جیهاندا دەرفەتی بژیو و بەردەوامیی بۆ خۆی ڕەخساندوە. ڕوون و ئاشکراشە کە هەتا ئەو ڕێژیمەش مابێ، شەڕ و قەیران لە وڵاتانی ناوچەدا تەواو و بنەبڕ نابن و ڕەوتی ئەمنییەت، سەقامگیری و بەرەو دێموکراسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر نابێ. وەک چۆن هەتا ئێستا لە سۆنگەی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەیرانی سیاسی لە وڵاتانی یەمەن، سووریە، لوبنان، فەلەستین، عیڕاق و ئەفغانستان بەوپەڕی خۆی گەیشتووە و خەڵکی ئەو وڵاتانە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئێرانەوە تووشی کوشتار، خوێنڕشتن و ماڵوێرانیی بەردەوام هاتوون.