کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان

10:12 - 27 سەرماوەز 2723

سێمینارێک سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، بەڕێوەچوو.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانەوە سێمینارێک بۆ بەڕێز سمایل شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهات و تێیدا باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا کرا.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەڕێز موختار سۆهرابی، بەرپرسی فێرگەی ناوەندی پێشمەرگەی کوردستان، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزەی لە ئامادەبووان و گشت پێشمەرگەکانی کوردستان کرد.

سمایل شەرەفی لە بڕگەی سەرەکیی سێمینارەکەدا، ئاوڕێکی لە بزووتنەوەکانی کورد لە مێژووی هاوچەرخ و ئاکام و چارەنووسی بزووتنەوەکان و هەروەها بارودۆخی کوردستان لە ڕەوتی هەر دوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم‌ دایەوە و پاشان باسی لە هێما و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان، بەتایبەت هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی سوپای میللیی کوردستان کرد.

بەڕێز شەرەفی لەم پێوەندییەدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان و خودی سەرۆککۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد لە پێکهێنانی ئەم دەسکەوتانە و هەروەها شوێنەوارە عەینی و زەینییەکانی هەڵکردنی ئاڵا و پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و تاکی کورد کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە ئەرک و ڕەساڵەتی پێشمەرگە وەک پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هێرش و سیاسەتە دژیگەلییەکانی نیزامەکانی دەسەڵاتدار لە تاران، باسی لە ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێستا و داهاتووی بزووتنەوەی کوردستاندا کرد.

لە دوایین بڕگەی سێمینارەکەدا، ئامادەبووان تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان خستە بەر باس و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵامیان درایەوە.