خەباتی پێشمەرگانە و بەرگریی چەکداری
(بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز)
ئەلبورز ڕۆئین تەن
ئاماژە
لە ساڵی ڕابردوو باسی چەکی پێشمەرگە و هێزەکانی ئوپزسیۆنی کوردی باسێکی گەرمی ڕۆژەڤی سیاسی بووە بە جۆرێک تەنیا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیە کە هەوڵی داماڵینی چەک لە ئۆپسزیۆنی کوردی دەدات، بەڵکوو بەشێكی ئۆپۆسزیۆنی فارسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش وەک کۆماری ئیسلامی لە بواری چەک و هێزی پێشمەرگە بیر دەکاتەوە. لەو وتارەدا هەوڵ دەدەین بە تێروانینک لە بۆچوونی ئاکادامیستی بواری ناسیونالیستی و شەری ئیتنیکی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئەوە دەوڵەتی ناوەندییە بەرپرسە لە دۆخی شەڕ و چەک نەک هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد کە ڕووبەڕووی ژنوساید و سەرکوتی بێ وێنەیە. شایانی باسە کە باس لە چەک و هێزی پێشمەرگە دەکەین نابێ بەو مانایە بێ کە پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە تەنیا وەک هێزێکی چەکدار سەیر بکرێ، بەڵکوو کاتێک ئێمە باس لە هێزی پێشمەرگە دەکەین مەبەستمان ئەو خەباتکارە ئازایە و ڕۆشنبیرەیە کە لە چوارچێوەی کردەیەکی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر بێ دادی و ستەم و نەبوونی ئازادی هەڵوێستی گرتووەو بە هەموو شێوەیەکی مومکین و ڕەوا هەوڵ دەدات کە ئازادی بۆ گەل و نیشتمانەکی بەدی بێنێت هەتا مەترسی لە ژنوساید و لە نێوبردن و نەهێشتنی کەلتوری ناسنامەی ڕزگاری بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو خەباتە پێوستیشی بە چەک و شەڕ لە گەڵ دوژمنەکەی هەبێت.
ڕوانگەی تیئوریسیەنەکانی بواری شەڕ و ئاڵۆزی ئیتنیکی
میشل براون کە باس لە هۆکارەکانی ئاڵۆزی و شەری ئتنیکەکان دەکات دەڵێ بە پێچەوانەی بۆچوونی بەشێکی ڕۆژنامەنووسان کە پێیان وایە دۆزینەوەی هۆکاری شەڕ و توندتیژی ئیتنیکی ئاسانە و بۆ ڕقی کۆن دەگەرێتەوە، لێکۆلینەوە لە هۆکارە چیاوازەکانی شەڕ و ئاڵۆزی ئیتنیکی هەر وا ئاسان نیە، بەڵکو بە گوێرەی لێکۆلینەو ئاکادمیکەکان ئەو ئاڵۆزی و ناکۆکیانە کە هەندێک جار توند وتیژی زۆر توندی لێدەکەوێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری وەک ستراکتوری یا سیاسی دەگەڕێتەوە. لە هۆکاری سیاسیەکان کە دەبنە هۆی شەڕ و ئاڵۆزی هەبوونی حکومەتێکی ئۆتۆریتەر کە ویستەکانی تتنیکێک پەراوێز بخات بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروست بوونی ئاڵۆزی دەزانێت. واتە بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن تەنیا ڕق دەبێتە هۆی ئەو شەڕ و ئالۆزیانە زۆر هۆکارگەلی دیکە هەن کە بەشێکی بەرچاوی ئەو هۆکارگەلانە بۆ حکومەتی دەسهەڵات بەدەستەوە دەگەڕێتەوە، وا دەکات کە شەڕ و توندو تیژی دروست بێت.
رنە دنورز لە وتارەکەی سەبارەت بە پەیونەدی دێمکراتیزاسیون و شەڕو ئاڵۆزی هۆکاری هەبوونی شەڕەکە بۆ دوو بابەتی هەبوونی چەندین ئیتنیکی جیاواز لە چوارچێوەی دەوڵەتێک و هەروەها هەڵاواردن یا هەر جۆرە پەراوێزخستنی یەکێک لە ئتنیکەکان لە لایەن ئیتنیکی باڵادەستەوە بە هۆکاری دروست بوونی شەرو ئاڵۆزی دەزانێ، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەوت و ئاستی بەرەوپێشچوونی دێمکراتیزاسیون هەوڵی کەم بوونەوەی شەڕ و ئاڵۆزی دەدات بە پێجەوانەوە دەوڵەتی ئوتوریتەر بە هۆکاری دروست بوونی شەڕ دەزانێت.
ستیوارت کافمان کە ناوێکی ئاشنای دونیای ئاکادمی بواری شەڕ و ئاڵۆزی ئیتنیکیە هۆکارە جیاوازەکانی دروست بوونی شەڕی ئیتنیکی لە دو پۆلی تیئوریەکانی بکەر و پێکهاتەدا (
theories of agency and of structure) ڕێکدەخات، ڕوانگەی سایکلۆجیستەکان و هەروەها ئینسترومێنتالیستەکان لە دەکەونە چوارچێوەی تیئوری بکەرەو هەروەها ڕوانگەی ستراکترلیستەکان، تیئوری جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی وتیئوری ریئالیسمی پەیوندیە نێودەوڵەتیەکان دەکەونە چوارچێوەی تیئوری پێکهاتە. هەر یەک لەو ڕوانگانە شرۆڤەی جۆیان بۆ هۆکاری دروست بوونی شەڕی نەتەوەی هەیە، بۆ نمونە بە گوێرەی ریئالیسمی پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکان هەر کاتێک گرۆپێکی ئەتنیکی هەڕەشەی لێبکرێ لە لایەن گرۆپێکی ئەتنیکی دیکەوە ئەوە دەبێتە هۆی دروست بوونی شەڕی ئیتنیکی. کافمان لەو باوەڕەدایە کە ئەگەر هەڕەشە لە سەر ویست، نرخەکان یا ناسنامەی گروپێک هەبێ بێ گومان لەوێ شەڕی ئیتنیکی هەیە.
لە ئینسکلۆپێدیای ململانێدا لە دوای شەڕی جیهانی دووەمدا ئاماژە بە پرسی کوردەکان دەکان وەک یەکێک لەو پرسانەی کە شەڕو ئاڵۆزی لێکەوتۆتەوە لە ناوچەی ڕؤژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لێدەکات و هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی پوتانسیلی گوتاری سەربەخۆی کوردەکان لە وڵاتانی تورکیە ئێران وعێراق و سوریە دەگەرێنتەوە مەترسی ئەو گوتارە بۆ سەر دەوڵەتانی ناوەندی دەگەرێنتەوە.
ئەوە تەنیا هۆکارەکانی دروست بوونی شەڕ لە نێوان گروپی ئیتنیکی دەوڵەتی ناوەندییە نیە کە نیشان دەدات کە دەوڵەتە ناوەندییەکان لە رێگای جیاوازەوە بەرپرسن لە دروست بوونی ئەو شەڕە بەڵکوو لە هەمان کاتدا، کاتێک سەیری چۆنیەتی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتایهێنان لەو شەڕانە دەکەین بەو ئاکامە دەگەین کە دەوڵەتی ناوەندی ڕۆلی سەرەکی لەو بوارەدا دەگێڕێ، چونکە هەر کاتێک دەوڵەتی ناوەندی گۆڕانکاری جیدی لە سیاسەتی خۆی بۆ کۆتایهێنان بە سەرکوت و پەراوێز خستن هێنابێ و هەروەها ڕێگەی نوێی دێموکراتیکی گرتبێتە بەر، ئەوە کۆتایی بە شەڕ و نائارامی هاتووە. تەنانەت دەوڵەتی ناوەندی بە رێز گرتن لە مافی نەتەوەکان یا کەمایەتییەکان تا ڕادەیەک کە ئەوان چارەنووسی خۆیان دیار بکەن ئاکامی زۆر باشی بەدەستهێناوە لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە پسری ئیرلەندی باکور یا سکۆتلەند بکەین کە لە هەموو توندو تیژیەک دورکەووتونەتەوە.
لە یەکەم نیگادا لەوانەیە وا ببینرێت کە ئەوە گروپی ئیتنیکی جیاوازن کە شەڕ دەکەن لە بەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی، بەڵام بە لێکدانەوەی هۆکارەکان دەردەکەوێ ئەوە سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندیە لە بەرانبەر ئەو گروپە ئتنیکە جیاوازانە کە وا دەکات شەڕ دروست بێت، ئەویش لە ڕەچاو کردنی سەرکوت و نەهێشتنی ناسنامە و گرتنە بەری سیاسەتی ئەمنیەتی لەو ناوچانەی کە ئەو ئتنیکانە لێی دەژین و خۆ بواردن لە هەر جۆرە دابەشکردنی دەسهەڵات و پەراوێز خستنی ویستی نەتەوەکان کە لە سەر بنەمای فاکتی جیاواز دروست بوون. لە پەنای لێکۆلینەوەی ئاکادمیستەکان لەوانەیە باشترین نمونەی زیندوو پرسی کورد و هێزی پێشمەرگە بێت چونکە بە شیکردنەوەی سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی و هەروەها هۆکاری دەست بۆ چەک بردنی هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد ئەو ڕاستیە زیادتر ڕوون دەبێتەوە.
هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ناوەندی و بەرگری گەلی کورد
گەلی کورد، وەک گەلێکی خاوەن زمان، کەلتور، مێژوو، جوغرافیای تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە بەرەبەیانی مێژووی کەونارەوە هەبوون، هەبوونی چەندین شارستانیەتی جیاواز لە ناوچەی نیشتەجێی کوردەکان هەروەها هەبوونی ئیمپراتۆریەتی ماد لە ٧٧٠ پێش زایینەوە تا بە ئەمڕۆ بەردەوام باس لە هەبوونی ئەو نەتەوەیە لە خاکە دەکرێت. تەنانەت بە گوێرەی ویل دورانت ئەوە شارستانیەتی پارسەکان بوون کە زۆر شت لە مادەکان فێر بوون و توانیان بە داگیرکردنی دەوڵەتی ماد حکومەتی خۆیان بسەپێنێن. لە ساڵی ٥٥٠ پێش زایین کە حکومەتی مادی بە دەستی فارسەکان ڕووخاو و کوردستان داگیرکرا تا بە ئێستا لە گەڵ هەبوونی دەیان حکومەتی ناوچەی و هەروەها گەورەتر کە کوردەکان لە ناوچەی کە پێ دەگوترێ کوردستان دایانمەزراندووە، کە کەوتوونەتە بەر هێرشی دەوڵەتانی جیرانەوە بەتایبەتی فارسەکانەوە، هەر کاتێکیش کە دەسهەڵاتی کوردەکان نەمابێ ئەوا خەبات بۆ بە دەستهێنانی ئەو حوکمڕانیە و ئازادی دەستی پێکردۆتەوە، بە جۆرێک سەرتاسەری مێژووی کورد تابلۆی خەبات بۆ بە دەست هێنانی ئازادیە. ئەوەی بەرچاوە لە بەر ئەو تایبەتمەندییەی کورد کە بەردەوام خەباتی بۆ بە دەستهێنانی ئازادی کردوە بۆتە ئامانجی هێرشی هەمە جۆرەی دەوڵەتە جیاوازەکان و بەتایبەتی دەوڵەتی فارسی کە نەک لە ئاستی فیزیکی بەڵکوو لە نەهێشتنی کەلتورو زمان وتەنانەت ڕاگواستنی بە هەزاران کورد بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران هەوڵی نەهێشتنی خەبات بۆ ئازادی کورد بە نەهێشتنی واتایی کورد داوە. بە سەدان نمونەی ئەو تابلۆیەی سەرێ تا سەدەی ڕابردوو لە کوردستان هەن. لە سەدەی بیستەم کاتێک کە وڵاتی نوێ بە دەست تیووەردانی زلهێزانی ناوچە لە ڕۆژهەڵتی نێوەڕاست بە تایبەتی لەو ناوچەی کە کوردی لێیە دروست بوون کە سنورەکانیان بە دابەش کردنی خاکی کوردستان دیاری کران. دەوڵەتانی نوێش وەک ئەوەی گوێڕایەلی زلهێزان بوون بۆ ئەوەی کوردەکان بە تەواوی پەراوێز بخەن و لە درێژەی سیاسەتی نەهێشتنی فیزیکی و ئاسمیلە کردن و لە نێوبردنی ناسنامەی کوردەکان سیاسەتی سەرکوتی کورد بە لە بەرچاونەگرتنی ویستەکانیەن گرتە بەر. نمونەی رزا خان کە بە دامەزرێنەری ئێرانی نوێ دادەنرێ لە دروستکردنی نەتەوەیەکی ساختە بە ناوی ئێرانی کە خاوەنی یەک زمان ویەک کەلتور و یەک ناسنامە بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکەی کە لە ئێران دەژیان بە تایبەتی بە دژی کورد کە بەردەوام خەبات بۆ ئازادی و لابردنی ئەو ستەمە هەبوو نمونەیەکی زیندووی ئەو سیاسەت بوو. تەنانەت کەڵک وەرگرتن لە چەکی ئایین و فەتوا کە کوشتنی نەتەوەیەکی وەک کوردی حەڵال دەکرد لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نمونەیەکی دیکەی ئەو هەڵسوکەوتەیە. شایانی باسە هەزاران نمونەی ئەو هەڵسوکەوتانە هەن.
لە بەرانبەر ئەو هەڵسوکەوتەی دەوڵەتی ناوەندی کە هەڵسوکەوتێکی دیکتاتورانەو، توتالیتەرانەو ئۆتۆریتەرانە، تەنانەت لە زۆر بواردا فاشیستانەیە، نەتەوەی کورد بۆ مانەوەی فیزیکی و هەروەها زیندوو ڕاگرتنی ناسنامەی خۆی خەباتی خۆی لە چوارجێوەی خەباتی کەلتوری و مەدەنی و چەکداری گرتە بەر. لە تەواوی مێژووی زیادتر لە سەد ساڵی ڕابردوو بۆ یەکجار یەک نمونە نیە، کە کوردەکان داوای ئاشتیخوازی یا دانوستاندن یا هەوڵ بۆ چارەسەری لە ڕێگەی دیالۆگەوە ڕەتیان کردبێتەوە، لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی کوردەکان کە ئامادەی ئاشتی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ بوون دەوڵەتی ناوەندی کەڵکئاژووی لەو سیاسەتەی کوردی وەرگرتووە بە ناوی ئاشتی و دانوستاندن یا لە ڕێگەی تیرۆر جنایەت ڕێبەرانی کوردی کوشتوە. واتە لە لایەک کورد داوای ئاشتی دەکات، لە لەیەکی دیکە دەوڵەتی ناووەندی لە ئاشتی کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی کورد بکوژێ، سەڕەرای ئەوەی کە کوردەکان بەردەوام بەو شێوەیە بوونە ئامانجی ڕێژیمەکانی ناوەندی لە ئێران تا بە ئێستاش ئامادە نین دانوستاندن یا دیالۆگ لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی ڕەت بکەنەوەو تەنانەت هەمیشە ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستاندنی ئاشتیانە دەربڕیوە، کە ئێستا ئەو سیاسەتەی کورد جێگای ڕەخنەی جیلی نوێیە. ئێستا کۆماری ئیسلامی واتە دەوڵتی ناوەندی ئێران بە هەزاران کورد بە بیانووی جیاواز زیندانی دەکات، ئەشکەنجە دەکات، لە سێدارەدەدات، بە موشەک هێڕش دەکاتە سەر ئەو هێزەی کە داوای دانوستاندن بۆ ئاشتی دەکات، تەنانەت تا ڕادەیەک کە منداڵی یەک ڕۆژە دەوکەنە بەر ئەو هێرشە و گیان لە دەست دەدەن.
واتە کاتێک باس لە هۆکاری چەک و شەڕ لە کوردستان دەکرێت دەبێ بۆ هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ناوەندی بگەڕێینەوە کەو بەو شێوەیە بە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستان سیاسەتەکانی خۆی دادەڕێژێ و ئەو بە
هۆکاری سەرەکی بزانین.
کۆتا وتە
هەروەک لە تێڕوانینی ئاکادمیستەکان دەرکەوت کە هۆکاری شەڕی گروپەکانی ئیتنیکی هەڵسوکەوتی دەوڵتی ناوەندیە، لە بابەتی ئێرانیش دەبینین تا بە ئێستا نەک دەوڵەتی ناوەندی گوێی لە داخوازی نەتەوەکان و بە تایبەتی کورد نەگرتووە بەڵکوو تەنیا هەوڵی داوە کە سەرکوتی بکات، تەنانەت زۆرترین گورزی لە کاتی دانیشتن لە سەر مێزی دانوستاندن لە کوردی داوە، کە واتە لە دۆخێکی وەها هۆکاری شەڕ دەوڵەتی ناوەندییەو ئەوەی کە کورد لە چوارچێوەی شەڕ و چەکداری دەکات تەنیا هەوڵێکە بۆ مانەوەی خۆی. تەنانەت ئەو شەڕە کە کورد دەیکات بۆتە هۆکارێک کە ڕێگە لە دەوڵەتی ناوەندی بگیرێت بۆ ئەوەی نەتەوەیەک لە نێو نەبات کە ئەوەش بە هەمان ئەندازەو تەنانەت زیادتر لە خەباتی جوەکان بۆ ڕزگاری لە دەستی هیتلێر، شەڕی وڵاتانی هاوپەیمان دژی فاشیسمی هیتلر و موسولینی، شەڕی کۆنگرەی نەتەوەی ئەفریقا بۆ لابردنی ئاپارتاید، خەباتی گاندی بۆ سەربەخۆی هیندوستان، خەباتی گەلی ئەلجەزایرە هی دیکە بۆ نەهێشتنی کلۆنیالیسم، خەباتی ڕەشپێستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، شەڕی هاوپەیمانان دژی تیرۆریسم و داعش ڕەوایە، زیادتر لە ڕەوا بوونیشی پێویست و کردەیەکی مرۆڤایەتیە.
هەر بۆیەش بەر لە باسکردن چەک کردنی پێشمەرگە، دەبێ باس لە گۆڕینی تێڕوانینی دەسهەڵاتی ناوەندی و ڕێزگرتن لە هەموو مافەکانی نەتەوەی کورد بکرێ ئەگەر نا خەبات بە هەموو شێوەیەکی مومکین بەردەوام دەبێت.
Brown, M.E., Cote Jr, O.R., Lynn-Jones, S.M. and Miller, S.E. eds., 2001. Nationalism and ethnic conflict. MIT Press.
De Nevers, R., 1993. Democratization and ethnic conflict. Survival, 35(2), pp.31-48.
Senehi, J. (Ed.). (2023). Routledge handbook of peacebuilding and ethnic conflict (First.). Routledge.
Ciment, James., Hill, K. L., MacMichael, David., & Skutsch, Carl. (1999). Encyclopedia of conflicts since World War II. Sharpe Reference. https://doi.org/10.4324/9780203058664