کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە (پێناسە و ئامانجەکانی)

15:33 - 30 سەرماوەز 2723

پژمان شەریعەتی

هەتا ناوی پێشمەرگە دێت لە زەینی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. بەڕاستی وێنای پێشمەرگە لە زەێنی تاکەکان، لەگەڵ کەسایەتیی خودی پێشمەرگە چ وەکوو سیما و چ وەکوو ئەندێشە و باوەڕی چەندە نیزیکن لە یەک؟ چۆن دەتوانین پێشمەرگە پێناسە بکەین؟ وەکوو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە ڕۆڵەیەکی شۆڕشگێڕە کە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. بەڵام ئایا ئەمە تەنیا پێناسەیەکە کە دەتوانین لە پێشمەرگەی بکەین؟ بێگومان نا.

پێشمەرگە هەم لە بواری وشە و هەم لە بواری کەسایەتییەوە، هەڵگری  فەلسەفەی تایبەت بە خۆیەتی کە لە هیچ نەتەوەیەکی دیکەی دونیا ناتوانین نموونەی بۆ بینین و لەڕاستیدا بەشێکی سەرەکی لە فەلسەفەی مێژوویی، فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانە و کەسایەتییەکە کە وەکوو تاک هەڵگری چەندین ڕەساڵەتە. لەڕاستیدا پێشمەرگە بۆخۆی کۆمەڵگەیەکە.

 ناوی پێشمەرگە بۆخۆی بەو واتایەیە کە تاکێک، مەرگی خۆی پێش مەرگی تاکێکی دیکە بکات، بۆ ئەوەی کە ئەو تاکە ناوی بمێنێتەوە. لە فەرهەنگی کوردەواریدا بۆ دەربڕینی خۆشەویستی دەگوترێت: "مەرگم وەپێش مەرگت کەوێ". ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەو تاکە ئاوات دەخوازێ زووتر لە خۆشەویستەکەی بمرێت هەتا مەرگی ئەو بە چاوی خۆی نەبینێت. هێندێک‌ جاریش باس لەوە دەکەن پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە بە پێشوازی مەرگ دەڕوات و لە مردن ناترسێت کە لەڕاستیدا ئەم واتایە لەگەڵ ماهییەت و فەلسەفەی پێشمەرگە ناگونجێت و ئەگەر بەو شێوازە پێشمەرگە پێناسە بکەین هەڵەمان کردوە. چونکە پێشمەرگە بە پێشوازی ژیان دەڕوات و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ مان و بەردەوامی ژیانە بە مانا فەلسەفی و بوونەکەی. پێشمەرگە ناوێکی کوردانە و هەڵقوڵاوی هەستێکی ئەویندارانەیە کە هەم واتا دەبەخشێت بە ژیان و هەم بایەخ، بە شێوازێک کە دەتوانین بڵێین پێشمەرگە یانی ژیان.

یەکێکی دی لە خاڵە سەرەکییەکان پێوەندیدار بە ناوی پێشمەرگە ئەوەیە کە، ئەم ناوە هەڵگری باری ڕەگەزی نییە. بەو واتایەی کە ناوی پێشمەرگە دێت، تەنیا یەک ڕەگەز وەکوو نێر یان مێ لە زەیندا وێنا ناکرێت، بەڵکوو کەسایەتییەک پیشان دەدات کە ئەندێشە و کرداری لە سەروەی هەموو پێناسەکاندا جیا لە هەر ڕەگەزێک بێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ بەدەر لە ناو، بچینە سەر ماهییەت و فەلسەفەی پێشمەرگە، بابەتەکە زۆر بەرینتر و پێویستی بە تێفکرینی زیاتر دەکات و واتاکردنی پێناسەی پێشمەرگە، هەموو بەشەکانی ژیانی نەتەوایەتی کورد لە خۆی دەگرێت.

لەو کاتەوە کە کوردستان داگیر کراوە، بە بەردەوامی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە لە تێکۆشاندان بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیان لە بندەستی ڕزگار بکەن و بەپێی جیهانبینی خۆیان وڵاتەکەیان ئیدارە بکەن و بەرەو پێش ببەن. لەم ڕەوتە قوربانی زۆر دراوە و بە هەزاران تاکی کورد لەو پێناوەدا گیانیان بەخشیوە و وەکوو پارێزەرانی وڵات بەردەوام بوون. بەڵام کاتێک کە ناوی پێشمەرگە دێت، تەنیا پارێزەرێکی وڵات نییە. بەو واتایە کە پێشمەرگە هێزێک نەبووە لە سەردەمی شەڕە کلاسیکەکان، وەکوو کەماندار یان نێزەدارێک بێت. یان وەکوو سەرباز، ئەرکی بەرگریکردن و لە کاتی شەڕ هێرشبەر و کاتی هێرشی هەبێت و شەڕ کۆتایی پێ بێت هیچ ئەرکێکی دیکەی نەبێت جیا لە خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕێکی دیکە. هەروەها لە سەردەمی مۆدێڕنیتەشدا، هێزێک نییە کە وەکوو ئەڕتەش تەنیا بۆ بەشێکی تایبەت لە هەر شەڕێکدا فێرکرابێت و ئەرکی ئەوە بێت لە کاتی ڕوودانی شەڕ بە دژی وڵاتەکەی یان هاوپەیمانانی وڵاتەکەی بێتە مەیدان و بە کەلک‌وەرگرتن لە کەرەستە سەربازییەکان و چەکوچوڵ، بەشدار بێت و لە ئەگەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی وڵاتەکەی ئەرکەکەی کۆتایی پێ بێت.

بەو پێناسەیە پێشمەرگە، نەک هێزێکی کلاسیکی شەڕ و نە سەربازیی ئەرتەشێکی مۆدێڕنە. لێرەدایە کە پێناسەکردنی پێشمەرگە ئەستەم دەبێت، چونکی باس لە هێزێکە لە هیچ‌کام لە پێناسەکانی هێزە وڵاتپارێزەکانی جیهاندا ناگونجێت. تەنانەت وەکوو چریک یان پارتیزان و شەڕڤان، میلیشیا و لەشکری نامونەزەم ناتوانین پێناسەی بکەین. چونکە پێناسەی ئەوان هێزێکی نافەرمی چەکدارە کە بە هێندێک تاکتیکی تایبەت لەپێناو وڵات، داگیرکاریی یان بەگژداچوونەوەی داگیرکەر، ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت و تەنانەت تێرۆر، لە شەڕدا بەشدار دەبن و هەمووی لە خانەی چەکداری شەڕکەر جێگیر دەبن.

لەم باسەدا پرسی وڵات ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، لەبەر ئەوەی ئەو نەتەوانەی  سەربەخۆن و خاون کیانی تایبەت بە خۆیانن و لە جیهانی ئەمڕۆش خاون هێزێکی سەربازی تایبەتن و لۆگۆ، پلە و پایە و ڕێکخستنی خۆیان هەیە و لەلایەن وڵاتەکانی دیکەشەوە بە فەرمی ناسراون، هەرچەند لەو وڵاتانەش هەوڵ دراوە و دەدرێت کە جیا لە ئەرتەش و سپای سەرەکی وڵات، هێزێکی تایبەتیش بوونی هەبێت. ئەو نەتەوانەش کە سەربەخۆ نین و بۆ کیانی تایبەت لە خەبات‌دان، هێندێک هێزیان هەیە وەکوو پارتیزان کە بۆ گوشارخستنەسەر دەسەڵات چالاکی سەربازی دەکەن. بەڵام پێشمەرگە، هیچ‌کام لەو هێزانە نییە، هەرچەند کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە بەڵام پێشمەرگە هیچ‌کات نەبووەتە تەنیا هێزێکی پارتیزانیی کە تەنیا بە چالاکی سەربازی لە مەیداندا بێت. مەیدانداری و پێشەنگایەتی پێشمەرگە هەڵدەگەڕێتەوە سەر بابەتی هزریی و ئەندێشەی ئەو تاکە و لێرەدایە کە دەتوانین پێناسەی بکەین. واتە دەبێت لە ڕووی هزری پێناسەی بکەین، ئەوەیش بەو واتایە نییە کە تەنیا وەکوو بیرمەندێک پێناسەی بکەین چۆن بابەتەکە هزرییە، بیرمەندبوونیش یەکێک لەو خاڵانەیە کە لە پێناسەی پێشمەرگە دەتوانین بیهێنین، بەڵام ناتوانێ وەکوو واتا یان پێناسەی یەکلاکەرەوە بێت. بۆ ڕوونترکردنەوەی بابەتەکە چەند نموونە لە هێزە سەربازییەکان و هێزە فکرییەکان دێنین و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین لەگەڵ پێشمەرگە و لە جیاوازییەکاندا پێشمەرگەمان باشتر بۆ پێناسە دەکرێت.

هەروەک ئاماژەمان پێ کرد، لە بەشێک لە نەتەوەکانی جیهان هێزی وڵاتپارێزیی وەکوو شوالیەکان، سامووراییەکان  و ... هتد ئەو جۆرە بیرکردنەوەیان بووە. بۆ نموونە شوالیەکان تەنیا بەشێک لە سوارەکانی هێز بوون کە زۆرینەیان لە کەسایەتییە فیۆداڵ، ئەشراف و مەزهەبییەکان بوون و دەبوو لەو کەسانە بن کە دارایی زۆریان هەبێت و لە منداڵییەوە دیاری کرابن بۆ ئەوەی بگەنە پلەی شوالییە و لەڕاستیدا چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئورووپا بوون. سامووراییەکانیش هەر بەو شێوازە لە فیۆداڵەکانی وڵاتی ژاپۆن بوون و چین و توێژەکانی دیکە بۆیان نەبووە کە ببنە ساموورایی، هەرچەند ئەمانیش وەکوو شوالیەکان شەڕڤانانی جێگای شانازی نەتەوەی خۆیان بوون و هەن. بەڵام لەنێو سامووراییەکاندا هێندێک یاسای تایبەت هەیە و لادان لەوانە مومکین نەبووە و گرێدراو بە ئیمپراتوور یان کەسایەتی و سەرۆک بوون.

لە هەڵسەنگاندنی ئەم دوو نموونە لەگەڵ پێشمەرگە و جیاوازییەکانیان لەگەڵ یەکتری بۆمان دەردەکەوێ کەسێک کە دەبێتە پێشمەرگە پێوست ناکات تەنیا لە چینی فیۆداڵ بێ و بەپێی سەرمایەی پلە و پایەی پێ بدەن و وەکوو پێشمەرگە ناودێر بکرێت. لە شەڕەکانیشدا تەنیا بەشێکی تایبەت لە هێزی شەڕ بێت. بۆ نموونە وەکوو سوارەکان، یان دیدبان و تەنانەت فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەدا لە فەرماندەی هەرە بەرزە تا بەشی لۆجێستیک هەموو پێشمەرگەن. یان وەکوو سامووراییەکان فەرمانبەری کەسایەتییەکی تایبەت نین، بەڵکوو پێشمەرگە خاک، ئاڵا، وڵات و بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆی لە سەرەوەی هەموو شتێکە. پێشمەرگە ڕێبەر و فەرماندەی هەیە و لە چالاکی سەربازی خۆیدا سانتڕالیزم لەبەرچاو دەگرێت. بەڵام فەرمانبەر و جێبەجێکاری ئەمر و ڕاسپاردەی بێ ئەوملاولای هیچ تاکێک نییە و تەنانەت یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی هێزی پێشمەرگە ئەوەیە ڕێبەرایەتی و فەرماندەکانیش خۆیان هەر پێشمەرگەن.

لە ڕووی هزریشەوە زۆربەی نەتەوەکانی جیهان، شووڕا، گرووپ، ڕێکخراو و حیزبی سیاسییان بووە و هەیە کە کاریان ئەوەیە بە خوێندنەوەی تایبەت و بۆ سەرکەوتنی نەتەوەکەیان پلان داڕێژن و وەکوو ئیدئۆلۆگ و ژووری هزری بۆ وڵاتیان چالاکی دەکەن. ئەم ڕێکخراوانە چ دەسەڵاتدار بن لە چوارچیوەی دەوڵەت چ وەکوو ڕێکخراوێکی خەڵکی یان وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی دژبەر بن، تەنیا کاریان داڕشتنی پلان، بەرنامە و پێڕەو و نەخشەڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بێ.

لێرەیشدا ناتوانین بڵێین پێشمەرگە تەنیا ئەندامی ڕێکخراوێکە و تەنیا بە چالاکیی سیاسی و مەدەنی بیناسین و وەکوو ئیدئۆلۆگ پێناسەی بکەین و چاوەڕوانی ئەوە بین کە پلانداڕێژ بێت. پێشمەرگە کە تەنیا ببێتە پلانداڕێژ، ئەدی جێبەجێکار و هێزی بەڕێوەبردن و بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەو پلانانە دەبێ کێ بێت؟ لەو چەشنە چالاکی هزریانە لە چوارچیوەی سیاسی و مەدەنی چەندین کەسایەتی و پلەبەندی یاسایی وەکوو، ڕۆژنامەنووس، هەواڵنێر، ڕاوێژکار، پاڕلمانتار، شرۆڤەکار و ...هتد دیاری کراون، پێشمەرگە دەتوانێت هەموو ئەوانە بێت، بەڵام ناتوانین پێشمەرگە تەنیا وەکوو شرۆڤەکارێکی سیاسی یان ڕۆژنامەڤان پێناسە بکەین و وەکوو تاکێکی تەنیا مەدەنی یان سیاسی بیناسین. لەلایەکی دیکەوە جیا لەم چین و توێژانە و پلەبەندی کۆمەڵایەتییان، بە هیچ شێوازێک پێشمەرگە لە چینی گشتی (عام)ی کۆمەلگە نییە، بەڵکوو چینێکی هەرە تایبەت یان بڵێین بێ‌وێنەی کۆمەڵگەی کوردستانە. بەو واتایە کە پێشمەرگە دەتوانێت کاری ڕۆژنامەڤانی بکات، بەڵام هەموو ڕۆژنامەڤانێک ناتوانێت ببێتە پێشمەرگە.

 خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە هەموو کەسێک ئەو تواناییەی نییە کە ببێتە پێشمەرگە، توانایی بەو واتایە کە لە ڕووی هزری، جەستەیی، دەروونی، ڕەفتاری و کرداری بتوانێت هەڵگری کەسایەتیی پێشمەرگە بێت. ئاماژەمان بەوەش کرد تایبەت بە قشرێکی نێو کۆمەلگە نییە، هەموو چین و توێژەکان دەتوانن ببن بە پێشمەرگە. کرێکار، مامۆستا، ئەندازیار، پزیشک و پاڕلمانتار، خوێندەوار و نەخوێندەوار و ...هتد دەتوانن بە ڕێزەکانی پێشمەرگە پەێوەست بن. واتە پێشمەرگایەتی گرێ نەدراوە بەو پلەبەندییانە کە کۆمەڵناسان یان خودی کۆمەڵگە باسیان دەکات. هەموویان بەبێ جیاوازی خاوەنی یەک کەسایەتی یاسایی و فەرهەنگی دەبن بەناوی پێشمەرگە، ڕەنگە لە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەڕیوەبردنی کارەکان، پلە و پایە و ئەرکی جیاواز وەرگرن، بەڵام لە بواری کەسایەتی وەکوو پێشمەرگە دەیانناسن و مافی بەرامبەریان هەیە. واتە ئەگەر ئەم کەسایەتی پێشەمەند و توێژانە، هەڵگری پێوەرەکانی پێشمەرگەبوون بن کە لە سەرەوەی هەموویان پێوەرە هزرییەکانە، دەتوانن ببنە پێشمەرگە. بەڵام دووپاتی دەکەمەوە هەموو کەسێک توانایی پێشمەرگەبوونی نییە و پێوەندیی بە بنەماڵە، عەشیرە، سینف و هیچ پلەبەندییەکی نییە.