لە کاتێکدا زانکۆکان بەهۆی دۆخی شەڕەوە سێ مانگە داخراون، بەرپرسانی ڕێژیم ئەم دەرفەتەیان بۆ دۆسییەسازی و دەرکردنی حوکمی قورس دژی خوێندکاران قۆستووەتەوە.
تەنیا لە زانکۆی شەریف، ٣٠ خوێندکار لەلایەن کۆمیتەی ئینزیباتییەوە مەحکوم کراون کە حوکمی ٦ کەسیان دەرکردنی یەکجاری و پێنج ساڵ بێبەشبوون لە خوێندنە.
تۆمەتەکان زیاتر بەستراونەتەوە بە چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، کە لە دانیشتنەکاندا وەک "پشکنینی بیروباوەڕ" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
٥٣ ڕێکخراوی خوێندکاریی زانکۆی شەریف لە نامەیەکی هاوبەشدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم حوکمە نایاساییانەیان کردووە.
لە زانکۆی تارانیش پڕۆسەی هاوشێوە بە شێوەی نایاسایی و تلفۆنی دەستی پێکردووە و خوێندکاران بە بەشداربوون لە کوژرانی هاووڵاتییان لە شەڕدا تۆمەتبار کراون.
هاوكات لە زانکۆی عێلم و سەنعەت بۆ پتر لە ١٠٠ خوێندکار دۆسییە پێکهاتووە و حوکمەکان بەبێ ئامادەبوونی ئەوان و تەنیا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە دەرچوون.
لە زانکۆی بووعەلیی هەمەدانیش، هێزە ئەمنییەتییەکان بە نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر خەوتنگەکان و کەلوپەلی خوێندکارانیان تاڵان کردووە.
بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیم، لەوانە ئەحمەدرەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیس، داکۆکییان لەم سەرکوتە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس لەژێر ناوی "سیخوڕ و نیشتمانفرۆش" دەستبەسەر کراون و دەستبەسەرکردنی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی ڕابردووش بەردەوامە.