شارەداریی شاری "ساحێب" بە هاوکاریی چالاکوانانی ئەنجومەنی زمانی کوردیی ئەو شارە، تابلۆکانی سەر شەقامە سەرەکییەکانی بە زمانی کوردی ڕازاندەوە.
بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو شارەدا، تابلۆ و هێما ڕێنوێنەکانی هاتوچۆ لەسەر شەقام و چوارڕێیانە سەرەکییەکاندا، شانبەشانی زمانەکانی دیکە، بە زمانی کوردیش نووسراونەتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای بەدواداچوون و هاوکاریی مەیدانیی چالاکوانانی ئەنجومەنی زمانی کوردی لەو شارەدا هاتووە، کە ئامانج لێی گرنگیدان بە زمانی دایک و نیشاندانی ناسنامەی کولتووریی ناوچەکەیە لە شوێنە گشتییەکاندا.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و هێما فەرمییەکانی سەر شەقام و دامەزراوەکاندا هەمیشە قەدەغە بووە و ڕێگەی پێ نهدراوە.
لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی ناوەندی بە شێوازێکی سیستماتیک ڕێگریی لە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان و شوێنە گشتییەکاندا کردووە، بۆیە جێگیرکردنی زمانی کوردی لەسەر ئەم تابلۆیانە بە هەوڵ و گوشاری بەردەوامی چالاکوانانی مەدەنی و ئەنجومەنە خۆجێییەکان دێتە ئەژمار کە دژی ئەو سیاسەتە قەدەغەکارییە وەستاونەتەوە.