کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی لە ڕیزی سێدارە؛ ڕەهەندە ڕەگەزییەکانی سزای مەرگ لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا

13:43 - 15 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمارکردنی لانیکەم ٦١ دۆسییەی لەسێدارەدانی ژنان لە یەک ساڵدا، هێشتا لە سەرووی پێڕستی ئەو وڵاتانەدایە کە سزای مەرگ بەسەر ژناندا دەسەپێنن؛ ئامارێک کە پتر لە ٩٠٪ی بە شێوەی نهێنی جێبەجێ دەکرێت.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرپرسایەتیی ٨٠٪ی گشت لەسێدارەدانەکانی جیهانی لەئەستۆ بووە کە لە دوای ساڵی ١٩٨١ەوە بەرزترین ڕێژەیە و ئەم ڕەوتە لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بە خێرایی بەردەوامە.

دوو تۆمەتی سەرەکیی کوشتنی هاوسەر و ماددەی هۆشبەر لە دۆسییەی ژناندا دەبینرێت و لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە زۆربەی ئەم تاوانانە دەرئەنجامی زنجیرەیەک لە توندوتیژیی پێکهاتەیی و یاسایین وەک منداڵ هاوسەری، توندوتیژیی نێوبنەماڵە و بێبەشبوون لە مافی تەڵاق، بەڵام دەزگای دادوەریی ڕێژیم بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایە، سزای سێدارە جێبەجێ دەکات.

ژنان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لەژێر ئەشکەنجەی ڕەگەزیدا دەبن و لە دادگاکانیشدا لەجیاتی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە، لەسەر بنەمای کلیشەی ئەخلاقی وەک "ژنی خراپ" حوکم دەدرێن.

جگە لەمە، ڕێژیم سێدارە وەک ئامرازێکی سیاسی دژی ژنانی نەیاری خۆی بەکار دەهێنێت و لە ئێستادا چالاکانی وەک "پەخشان عەزیزی"، "وریشە مورادی" و "شەریفە محەممەدی" لەژێر حوکمی سێدارەدان؛ هاوکات چەندین ژن و کچ لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ بە تۆمەتی وەک "موحاربە" لەژێر مەترسیی توندی ئەم سزایەدان.