کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبایەتی، ئەرێ یان نا؟

12:19 - 12 جۆزەردان 2726

ئیبراهیم لاجانی

بەداخەوە لە نێو ئێمەدا بیرۆکەیەک خەریکە پەرە دەگرێ کە لایەنگری ئەوەیە خەڵک لە کاری سیاسی و حیزبایەتی دووری بکەن. کاکڵی ئەو بۆچوونە ئەوەیە کە دەڵێ حیزبایەتی و کاری سیاسی و تەشکیلاتی لە نێو کورداندا، بەدەستی هەندێک کەسەوە، یا بەدەستی هەموومانەوە، گەندەڵ بووە و بووەتە مەیدانی کەڵەک و درۆ و ڕیا و تەزویر. بۆیە وا باشە لە پێشدا کاری کلتووری بکەین تا نەتەوەکەمان بۆ حیزبایەتی و کاری سیاسی ئامادە دەبێ.

پێویستە بگوترێ کە پێوەندییەکی زۆر نزیک و دیالێکتیکی لە نێوان کلتوور و سیاسەتدا هەیە. کلتوور و فەرهەنگ شوێن لەسەر سیاسەت دادەنێن و سیاسەتیش هەر بەو جۆرە کاریگەری و شوێن لەسەر کلتوور دادەنێ. ئاڵوگۆڕە فەرهەنگییەکان لە کۆمەڵگەدا زۆر لەسەرەخۆ دەچنە پێش، هەر بۆیە بۆ گۆڕینی کلتوور و فەرهەنگیش، وا باشترە سیاسەت و کاری سیاسی بکەین. بەو حاڵەش منیش لەگەڵ ئەوەم کە پێویستە تێکۆشین سیاسەتی خۆمان سالمتر بکەین. چونکە ئەگەر بەتەمای پێکهاتنی ئاڵوگۆڕە فەرهەنگی و کلتوورییەکان ڕاوەستین و هەروا دەست لەسەر دەست دانێین، پێم وایە قەت ناتوانین بگەینە ئاستی نەتەوەکانی ئازاد و بەختەوەری دونیا.

بەڵام هەر لەو کاتەشدا نابێ سەبارەت بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کلتووری لە خۆماندا، کەمتەرخەم بین. چونکە پێشکەوتنی کلتووری و فەرهەنگی، وزەی تازە و پێویست بۆ هەڵسوڕانی ماتۆڕی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکەن.

بەشداری لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا، چالاکبوون و هەڵسوڕان لە کاروباری گشتیدا، یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و لە زۆربەی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا، بە فەرمی ناسراوە. لەوەش زیاتر ئێستا بە جۆرێک پێی دەگوترێ ئیتاعەت و خوداپەرستیی سەردەم. کەواتە سیاسەتکردن و کاری سیاسی، بریتییە لە بەشداری و هەڵسووڕان لە کاروباری گشتی و کۆمەڵایەتیدا. سیاسەت بە زانستی "بەڕێوەبردنی کۆمەڵ" پێناسە دەکرێ. هەر بۆیە پێوەندیی بە "دەسەڵات" و "هێز"ەوە هەیە. لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین کە تەنانەت بیرکردنەوەی سیاسیش، دەکەوێتە ژێر شوێنەوار و کاریگەریی سیاسەت.

بەداخەوە ئێستاش لە نێو ئێمەدا، تێگەیشتنمان بۆ سیاسەت هەر ئەو تێگەیشتنەیە کە لە نێو خەڵکی ئاساییدا هەیە. ئەو تێگەیشتنەی کە دەڵێ سیاسەت درۆیە. سیاسەت بەر و پشتی نییە. سیاسەت فێڵە. سیاسەت دایک و باوکی نییە. سیاسەت کڵاوبازییە.

ڕاستە ئێستاش لە زۆر جێ درۆ و کەڵەک و فێڵ و تەزویر لە سیاسەتدا وەبەرچاو دەکەون و لە سیاسەتی کوردیشدا ئەوە هەر وایە. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لە داهاتووشدا شتی وا هەر ڕوو دەدات. بەڵام ئەگەر بە چاوێکی پڕ لە ئینسافەوە بڕوانینە سیاسەتی کوردی بەگشتی، دەبینین کە سیاسەتی ئێمە لە مێژە ئەو قۆناغەی بەجێهێشتووە. ئەو هەموو فیداکاری و شێلگیرییەی لە سیاسەتی کوردیدا دەبینرێ، (سەیریکە خوێناویە ڕابردوومان)، پێمان دەڵێ کە ئەو دیاردە نەرێنییانە، لە سیاسەتی کوردیدا، جەوهەر و نێوەرۆک نین، ئەگەر بەرچاویش بکەون، ئەوە بە نەخۆشیی سیاسەت دادەنرێن نەک خودی سیاسەت.

لە نێو ئێمەشدا ئەو نەخۆشییانە سەرهەڵدەدەن، بەتایبەت بەهۆی ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەوە کە بزووتنەوەی کوردی پێدا تێدەپەڕێ، زەمینەی سەرهەڵدانی ئەو دیاردە دزێوانە لەبارترە. بۆیە نابێ چاوەڕوان بین کە بەو زووانە دووڕوویی سیاسی، زمانهەراشی بۆ شاردنەوەی بێباوەڕیی، دەسەریەکخستنەوەی دەستەواژە بێناوەرۆکەکان بۆ حەشاردانی بێنەوایی فکری و هەروەها شانۆسازی بۆ بازاڕگەرمی ئەجێندا تایبەتییەکان، دەست لە یەخەی سیاسەت و حیزبایەتیی ئێمە بەردەن.

بەڵام هەموومان دەزانین کە ئەو جۆرە کردارانە، لە دەرەوەی "مەحفەل"ە خۆدییەکاندا، لە دەرەوەی ئەڵقەی تەنگی دەوروبەری کەسەکاندا، لە نێو بیروڕای گشتیی نەتەوەکەماندا، لە نێو گۆڕەپان و مەیدانی ئەسڵیی بزووتنەوەی نەتەوەییدا، لە نێو کۆمەڵانی بەرینی نەتەوەی کورددا، کڕیاریان نییە. هەر ئەوە بۆ خۆی پێشکەوتنێکی گەورەی سیاسەتی ئێمەیە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە نێو کوردانیشدا سیاسەت خەریکە بەرەبەرە بایەخ و گرنگیی خۆی پەیدا دەکا. دەبێ بگوترێ کە لە نێو هەموو چالاکی و کار و کردەوە ئینسانییەکاندا، سیاسەت و کاری سیاسی لە هەمووان بە جیدی‌تر دادەنرێن. دەبێ بگوترێ کە ئەگەر بۆ کەس سیاسەتکردن پێویست نەبێ، لەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەدا و لەو دونیای گڵۆباڵەدا، سیاسەت و حیزبایەتی بۆ کورد نەک هەر پێویستن بەڵکوو واجب و فەرزیشن.