کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆتەکەی بێ‌ئاوی و نەبوونی کارەبا لە وەرزی گەرمادا

13:46 - 15 جۆزەردان 2726

کەم‌ئاوی و کارەبای کەم ئەویش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.
ئێران، وەکوو تورکیە و عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ناوچە بۆ وڵامدانەوەی پێویستییەکانی بەکارهێنان حەوجێی بە هەڵدانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەتا ٥ هەتا ٧ لە ساڵدا هەیە. بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی وزە، ئێران توانای گەشەپێدانی یەک لە سێی ئەو بڕە کارەبایەی نییە. لەو نێوەدا وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامی لەبری وەبەرهێنانی پتر و چارەسەری ئەو قەیرانە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن بێتوو لەو بڕە لانیکەمەی بۆ بەکارهێنانی مانگانە دیاری کراوە بترازێن؛ سەرەتا جەریمە دەکرێن و دواتر کارەبایان لێ دەبڕن.
وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دابوو هەتا بەهاری ئەمساڵ بەرهەمهێنانی کارەبا هەتا ١١ هەزار مێگاوات زیاد بکات، بەڵام کارناسان دەڵێن دەسکەوتی وەزارەتی وزە لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیادکردنی تەنیا هەزار مێگاوات بووە و ئەوەندە بڕە یەک لە شەشی بەرهەمهێنانی عەڕەبستان و یەک لە هەشتی بەرهەمهێنانی تورکیەیە.
هەڕەشەی وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامی لە خەڵک بۆ بڕینی بڕقەکانیان لە کاتێکدایە کە سەرانەی بەکارهێنانی بڕقی ماڵان لە ساڵدا ١١٠٠ کیلۆوات سەعاتە، کە ناکاتە نیوەی بەرکارهێنانی کارەبای ماڵان لە یەکیەتیی ئورووپا و تورکیە و تەنانەت یەک لە چواری بەرکارهێنانی خەڵکی عەڕەبستانن و وڵاتانی دیکەی عەرەبیی کەنداوە. لە لایەکی دیکەشەوە سەتا ١٣ی هەر هەموو بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران کە دەکاتە نیزیک بە نیوەی کارەبای ماڵان لە ڕایەڵەی گواستنەوەی سواو و پەڕتوکاودا بەفیڕۆ دەڕوات؛ کەچی بەرپرسانی ڕێژیم دەرەقەتی بووژاندنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕایەڵەی گواستنەوەیان نایەن و هەروەها توانای بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتریان نییە؛ تاوانی کەمیی کارەبا لە وڵات دەخەنە پاڵ خەڵک و هەڕەشەی بڕینیان لێ دەکەن.
ئەو قەیرانە لە تەنیشت قەیرانی کەم‌ئاوی کە ئەویش هەر بەرهەمی سیاسەتەکانی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامییە، ژیانیان لە خەڵکانی ئێران تاڵ کردووە.