کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆنیەتیی بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد

13:57 - 13 جۆزەردان 2726

ئارێز محەممەدی

کاتێک کە باس لە «بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد» دەکەین، بە باوەڕی من هاوکات دوو لێکدانەوە کە بەشێکی زۆری نادروستە، باس دەکرێت. لە لایەکەوە، هەندێک کەس پێیان وایە کێشەکە تەنیا بۆ لاوازیی ڕاگەیاندن یان دیپلۆماسیی کوردەکان دەگەڕێتەوە و لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدرێت پرسی کورد تەنیا لە قاڵبێکی مافی مرۆیی یان کولتووریدا ڕوون بکرێتەوە و پێناسە بکرێت؛ وەک ئەوە وابێت ئەم کێشەیە تەنیا داواکردنی چەند مافێکی مەدەنیی بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا.

بە بڕوای من، هەردوو ڕوانگەکە ناتەواون. پرسی کورد پێش هەر شتێک، کێشەیەکی سیاسی و نەتەوەییە، کێشەی نەتەوەیەکە کە لە پرۆسەی چوارچێوەی نەزمی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش کرا و لە نێوان چەند دەوڵەتێکدا دابەش کرا. بەڵام ڕێک لەم خاڵەوەیە کە ئاڵۆزیی کێشەکە دەست پێ دەکات. چونکە لە سیاسەتی ئەمرۆییدا بەتایبەت سیاسەتی جیهانی، تەنیا «مافی هەبوون» بۆ بوون بە پرسێکی نێودەوڵەتی بەس نییە. چونکە نەزمی جیهانی بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک جار دەبینردريت، تەنیا لەسەر بناخەی بنەما ئەخلاقییەکان بەڕێوە ناچێت بەڵکوو لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز، بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان و تەنانەت مەشرووعیەتی سیاسی دەجووڵێ. بەم هۆیەشەوە، پرسی کورد لەگەڵ بوونی سەدەیەک بەرخودان، هێشتا نەیتوانیوە پێگەیەکی گونجاو لەگەڵ قووڵایی مێژوویی و سیاسیی خۆی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بدۆزێتەوە.

ئێمە دەبێت قبووڵی بکەین کە پرسی کورد لە مێژووی خەباتی خۆیدا تەنیا قوربانیی سەرکوتی دەوڵەتانی ناوچەکە نییە، بەڵکوو دەکرێت بگوترێت کە قوربانیی جۆرێک لە ناسەقامگیری لە پێناسەی سیاسیی خۆیشیدا بووە. کوردەکان لە درێژەی مێژووی هاوچەرخدا، زۆرجار یان لە قاڵبی «کێشەیەکی ئەمنییەتی»دا بینراون یان لە قاڵبی «هێزێکی کاتی» لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا. ئەمەش واتە چاوی جیهان، کوردەکانی زیاتر لە چرکەساتی قەیراندا بە ڕەسمی ناسیوە تا وەک سوژەیەکی سیاسیی جێگیر. بە باوەڕی من، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە ئەمە بێت کە سیاسەتی کورد هێشتا نەیتوانیوە لە نێوان «ئاگایی نەتەوەیی» و «زمانی سیاسەتی جیهانی»دا هاوسەنگی دروست بکات. ئێمە یان زیاتر لە ڕادە لە زمانی هەست و سۆزی نەتەوەییدا ماوینەتەوە، یان هەندێک جار ئەوەندە هەوڵمان داوە خۆمان لەگەڵ ئەدەبیاتی باوی جیهانی هاوسەنگ بکەین کە خودی کێشەی نەتەوەیی کورد کەمڕەنگ بووەتەوە. لە حاڵێکدا ئەگەر نەتەوەیەک نەتوانێت کێشەی نەتەوەیی خۆی بە زمانێکی مۆدێرن، دروست و شیاوی تێگەیشتن بۆ جیهان ڕوون بکاتەوە، درەنگ یان زوو بەرەو پەراوێز بوون دەچێت. ئەمن خۆم باوەڕم وایە کە بەدیهاتنی مافە مێژووەییەکانی کورد وەک نەتەوەیەک، خەونێکی ڕۆمانتیک نیە بەڵکوو بەشێکە لە پرۆسەی سروشتیی مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ناتوانرێت نەتەوەیەک بەم هێزە لە مێژووی خۆی، زمان، جوگرافیا، فەرهەنگ و ئاگایی سیاسی،..هتد بۆ هەمیشە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا ڕابگیردرێت. هەروەها هاوکاتیش لەسەر ئەم باوەڕەم کە وەدیهاتنی مافە مێژووەییەکانی نەتەوەی کورد پێویستی بە بەرهەمهێنانی مشروعیەتی مێژوویی و سیاسی هەیە کە کورد لەمە بێبەش نیە هەر وەک باسم کرد.

بەڵام بەشەکەی تری بابەتەکە گرێدانی ئەم پرسانەیە بە نێودەوڵەتی بوون کە لێرەدا ڕەنگە یەک بابەت دەبێت ڕوون بێتەوە، کە کێشەی سەرەکیی کورد ئەوە نییە کە بەردەوام ڕوونی بکاتەوە ئاخۆ کوردەکان مافیان هەیە یان نا، مەسەلەکە ئەوەیە کە ئایا کورد توانیویە ئەم مافە بە زمانێک باس بکات کە لە جیهانی ئەمڕۆدا هێز بەرهەم بهێنێت؟ بۆیە، من بیر دەکەمەوە پرسی کورد دەبێت لە ئاستی «دۆسیەیەکی ئەمنییەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» دەرچێت و وەک بەشێک لە قەیرانی نەزمی سیاسیی ناوچەکە باس بخرێتە ڕوو.

سەد ساڵ سیاسەتی حاشاکردن و سڕینەوە، ئاسیمیلاسیۆن و سەرکوت نەک هەر کێشە ی کوردی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو خودی دەوڵەتانی ناوچەکەیشی خستووەتە نێو قەیرانی درێژخایەنی ناسەقامگیری. بەڵام لە عەینی حاڵدا، ئێمە دەبێت لە هەڵەیەکی تریش دەست بپارێزین، ئەمەی کە پێمان وابێت گوێی کۆمەڵگەی جیهانیی تەنیا چاوەڕێی بیستنی گێڕانەوەی کوردەکانە. ڕاستییەکە ئەمەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تەنیا ئەو نەتەوانە دەبیندرێن ودەنگیان دەبیسرێن کە بتوانن خۆیان بکەنە بەشێک لە گفتوگۆی گەورەی جیهانی. ئەمڕۆ ئەگەر کوردەکان دەیانەوێت پرسی کوردستان گەشە پێ بدەن، دەبێت بتوانن ئەمە گرێ بدەن بە پرسیارگەلێکی وەک دیمۆکراسی، مافی نەتەوەکان، کۆچبەری و ئایندەی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە ئەم کێشانە کە ساڵانێکە کوردەکان پێوەی تێوەگلاون و تەجروبەیان کردووە، لەسەر ئایندەی ناوچەکەش کاریگەری دەبێت.

بابەتێکی تر کە هاوکات زۆر گرنگیشە و هاوکات کێشەیەکی جیددیشە لە نێو خودی سیاسەتی کورددا، پەرتبوونە! لە لایەکەوە بوونی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە جیاوازەکان لە کوردستان نیشانەی قووڵایی بیرکردنەوە و ڕوانینی جیاوازە کە ئەمە بە نۆبەی خۆی لە پرۆسەی گەشەی فکریی کۆمەڵگەدا یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەم هۆیەشەوە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ئاستێکدا لە سەرووی ڕکابەرییە حیزبی و ئایدۆلۆژییەکانەوە، ئاسۆیەکی نەتەوەیی هاوبەش بەرهەم بهێنین. هەرچەندە لەگەڵ بوونی چەندین جار هەوڵدان لەم بارەیەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی تەواو و شیاوی سەرنج کە ئایندەی ئەم خەباتە بگرێتەوە. کۆمەڵگەی جیهانی بە گشتی لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا دەچێتە ناو پەیوەندیی ستراتیژییەوە کە بتوانن لانیکەمێک لە یەکگرتوویی سیاسی و ئامانجی هاوبەشدا، دروست بکەن.

لە کۆتاییدا دەتوانم بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم کە داهاتووی پرسی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر بە پرسی بەدامەزراوەیی کردنی جیهانییەوە بەستراوەتەوە. لە پاڵ پشت بەستن بە گەشەی سیاسی تاک و کۆی خەڵکی کورد لە ناخۆی خودی کوردستاندا، بەڵام ئێمە هێشتا پێویستمان بە ئامادەیی و گەشەی بەردەوام هەیە لە زانکۆکان، سەنتەرەکانی توێژینەوە، میدیا نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوە یاسایییەکان و ژوورەکانی بیرکردنەوەی جیهانییدا. پێویستە نیشانی بدەین کە خاوەنی چ پرۆژە و پلانێکین بۆ داهاتوو. بۆیە تا ئەو کاتەی کە تەنها ئەوانی تری بێجگە کورد لەسەر کوردستان زانیاری و باس بەرهەم بهێنن، گێڕانەوەی پرسی کوردستان هەر لە دەرەوە پێناسە دەکرێت و ئەگەری هەیە لەسەر واقع و ڕاستیش نەبێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە، ئامادەیی کورد لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا، لە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەدا، لە میدیا جیهانییەکاندا و لە دامەزراوە یاسایییە نێودەوڵەتییەکاندا، یان جیا لەمانەش هەر ڕێگەیەکی تر کە بتوانرێت گێڕانەوەی تێدا دروست بکرێت و بەشداری تێدا بکرێت لەمەڕ پرسی کورد ڕوو بە دەرەوە، بەشێکە لە خەباتی سیاسیی مۆدێرن و پێویستیی ئەمڕۆ.