کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە مەهاباد

10:44 - 2 بەفرانبار 2723

شەوی هەینی، یەکی بەفرانبار، کاک حەسەن عەبدوڵاپوور، باوکی شەهیدێکی کوردستان، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە ئاوایی مڕانەی سەر بە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی کاک حەسەن بە ناوی عەزیز عەبدوڵاپوور، لەپێناو ئامانجەکانی گەل، شەهید بووە و چووەتە ڕیزی کاروانی هەرگیز نەمرانی گەلەوە.

کاک حەسەن عەبدوڵاپوور ساڵی ١٣٠٨ هەتاوی لە مڕانەی سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە. ناوبراو بە شێوەی بەردەوام بە هۆی کوڕە پێشمەرگەکەیەوە کە بەداخەوە دواتر شەهید بوو، لەژێر گوشار و چاوەدێریی دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ناوچەکە و مەهاباد بووە، بەو حاڵەش بە بەردەوامی لە کاتی چالاکییەکانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبدا زۆر بوێرانە هاوکاریی کردوون و هەموو کات ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بووە.

کاک حەسەن کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، شانازیی بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدانەوە دەکرد.

کچێکی کاک حەسەن بە ناوی ئامینە عەبدوڵاپوور لە ڕیزی ئەندامانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە کە لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێیە.

تەرمی کاک حەسەن لە ئاوایی مڕانە و لەنێو ئاپۆڕای نیشتماندۆستاندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت .