کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتن بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەخی ژیان

10:05 - 9 بەفرانبار 2723

عەلی بداغی

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کاتێک زۆرترین کەلکی لە کێشە و ئارێشە ناوچەیی و جیهانییەکان بۆ پووش‌بەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵات وەرگرتوە کە خۆکوژی یەک لەوانە. بەڵام ئەوەی ڕۆژانە خەڵکی وڵات لە تەنیشت هەواڵە هەمیشەییەکانی گەندەڵی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و گرانی و بێ‌کیفایەتییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم دەیبیستن، هەواڵی خۆکوشتن و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ خۆڕزگارکردن لەو ژیانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە.

ئاماری ڕاستەقینەی خۆکوژی نهێنییە و بە زەحمەت دزە دەکاتە دەرێ. پزیشکی داد ڕێک ١٠ ساڵە بە بیانووی ئەوەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوژییەکان نەبێتە هۆی بێهیوایی و دۆشداماویی زیاتر لە کۆمەڵگەدا خۆ لە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان دەبوێرێ، بەڵام ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، هیندێک ڕێکخراوی حکوومەتی و ناوەندە توێژینەوەیی و ئاکادیمییەکان بە ڕاپۆرت و فورمولی زانستی کار لەسەر ئەو ئامارە دەکەن. یەک لەو ڕێکخراوانە کۆمەڵەی زانستیی پێشگرتن لە خۆکوژی لە ئێرانە کە  لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ناوی ١٢٠ هەزار کەس لە ئێران کە بەهۆی خۆکوژییەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، لە سسیتمی وەزارەتی بێهداشتدا تۆمار کراون. ژمارەی ئەو کەسانەش کە هەوڵی خۆکوژییان داوە -چ سەرکەوتوو و چ ناسەرکەوتوو- و بە هۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی نەگەیەندراونەتە نەخۆشخانەش لەولا بوەستێ.

بەپێی ئەو زانیارییانە خۆکوژییەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای شاردنەوەی ئامارە ڕاستەقینەکان زیاتر لە سەتا ٤٠ زیادیان کردوە تا ئەو ڕادەیە کە ئاماری خۆکوژییەکان دوو هیندەی کوشتنەکان لە وڵات بێت. هەروەها ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستان، بەتایبەت لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان دوو هیندەی نێونجی وڵاتە. لە کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا لەو سەدان کەسەی بە هۆکاری جۆراوجۆر هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، ١٢٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە کە ٦٣ کەسیان ژن و ٣٠ کەسیان منداڵ و خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

داتا و زانیارییەکان چ لە کوردستان و چ لە ئاستی ئێراندا پێمان دەڵێن حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان بووە و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتییش ڕایان وایە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی سەرکوتکراودا خۆکوژی بۆ زۆر کەس دەتوانێ وەک کرانەوە و ڕەهابوون وابێت. بە واتایەکی دی بێ‌مافی، کەشی زاڵکراوی سەرکوت و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و سەختبوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری دابینکردنی بژیوی ژیان، ڕۆڵی سەرەکی و ڕاستەوخۆی لە هەڵکشانی مەیل بۆ کۆتایی‌هێنان بە ژیان لە کەسانی تەمابڕاودا هەیە. کاتێک بێکاری تەنگی بە زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس هەڵچنیوە، کاتێک کرێکارێک ئەگەر هەموو ماوەی تەمەنی و هەتا مردنی کار بکا و تاق تمەنێک لە مز و حەقدەستەکەشی خەرج نەکا هێشتا ناتوانێ ببێتە خاوەن ماڵیکی هەرە بچووک و، کاتێک توانای کڕینی خەڵک ئەوەندە دابەزیوە کە ناچار بوون خواردنە سەرەکییەکان بە قیست بێننەوە ماڵێ، کاتێک دایک‌وباوک توانای دابینکردنی هەرەلانیکەمی پێداویستییەکانی منداڵەکانیان نییە، سروشتییە گوشاری ڕوحی و دەروونی و خەمۆکی وەک پاڵنەرێکی بەهێز کەسەکان بەرەو خۆکوشتن هان بدات. هەر لەوسۆنگەیەوە خۆکوژییەکان لەلایەک دەربڕی کۆتایی هیوا بە ژیان بۆ توێژی داماو و هیوابڕاوی کۆمەڵ و، هاوکات هاوار و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە بارودۆخ و هەلومەرجێکە کە کۆمەڵگە تێی کەوتوە.

خاڵێکی جیی سەرنج لە ئامار و زانیارییەکان ئەوە لە تەنیشت هۆکارەکانی خۆکوژی کە بەشی هەرەزۆری بۆ هەژاری و بێ‌ئەنوایی دەگەڕێتەوە ئەوەیە، کە ژنان لە ئێران دوو هیندەی پیاوان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن. سروشتییە لە کۆمەڵگە کراوەکان بە ستانداردە بەرزەکانی ژیان و خۆشبژیوی و ئاست‌بەرزییەکانی یەکسانیی ژن و پیاو دیسانەکەش خۆکوژییەکان بەهۆی گرژی و قەیرانە ڕوحی و دەروونییەکان ڕوو دەدەن. بەڵام ئەوەی لە ئێران بۆ ژنان ڕوو دەدا ڕاستەوخۆ گرێدراوی کولتووری پیاوسالاری و یاساکانی دژی ژنی کۆماری ئیسلامییە. بۆ نموونە فرەژنی، بەزۆربەشوودان، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، جیاوازیدانان و هەڵاواردن، سووکایەتی و بە کەمگرتن، بێ‌مافی و چەوسانەوە بەشێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوڵی خۆکوشتنی ژنان لە ئێرانە. بۆیەشە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم خۆکوژیی ژنان و خۆسوتاندنی ژنان لە ئێران پلەی یەکەمی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە.

بێگومان خۆکوژی وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانە ئابووری، کولتووری، ئایینی و کۆمەمەڵایەتییەکاندا داکوتاوە، بەڵام لە ئێرانی ژێر حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵات نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ خەسارناسی، چارەسەر و دابەزاندنی خۆکوژییەکان ناکا، بەڵکوو بۆخۆی بەئەنقەست بە پەرەپیدان بە کوشتوبڕ و توندوتیژی دەیەوێ ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگە ڕەگ و ڕیشەی پتر دابکوتێ. هەر بەڕاست بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆخۆی ڕۆژانە خەڵک دەکوژێ و گیان لە خەڵکی دەستێنی، لەکوێ و لەبەرچی گرینگە لە خۆکوشتنی خەڵک بکۆڵێتەوە و پێشی پێ بگرێت؟

قەیرانی خۆکوژی وەک هەموو خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە و دانانی خاڵی کۆتایی بۆ ئەو کارەساتە کۆمەڵایەتییەش گرێدراوی کۆتایی‌هێنان بە حوکمڕانیی دیکتاتۆری و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە.