کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی عەززە بیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەی لەهەمبەر ئێراندا بکات

18:22 - 16 سەرماوەز 2723

شەڕی عەززە بیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەی لەهەمبەر ئێراندا بکات

 

ئاتلانتیک کاونسڵ- شوکریە برادۆست

و لە ئینلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

تاقمە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ٧ی ئۆکتۆبر بەولاوە، لە عێراق و سووریە هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان. بەڵام، وڵاتە یەکگرتووەکان تەنیا بە چەند هێرش بۆ سەر تاقمە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریە وەڵامی داونەتەوە. ئەو هێرشانە لە کاتێکی هەستیاردا، کە شەڕی غەززە و ئەگەری داڕشتنەوەی داینامیکی دەسەڵات لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ئارادایە، دەکرێن.

سەرەڕای هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی جۆ بایدن بۆ پێشگرتن بە قووڵتربوونەوە و تەشەنەکردنی شەڕی ئیسڕائیل-حەماس لە ناوچەکەدا، تاقمە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، سووریە و یەمەن درێژە بە دروستکردنی ئالنگاری بۆ هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەدەن. ئەوە بەتایبەتی لە عێراق ڕوون و ئاشکرایە، شوێنێک کە تاران خاوەنی کۆنتڕۆڵی بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتی دوای هاتنەسەرکاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە کە ئێران پشتیوانیەتی. ئەو شەڕە ناڕاستەوخۆیە لە هەشتاکانی زایینی و دوای دامەزراندنی حیزبوڵڵا لە لوبنان دەستی پێ کرد، کە ئێران پێی باش بوو خۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل ببوێرێ، بە تایبەتی دوای دەستپێکی شەڕی غەززە. لە کاتێکدا کە ئێران بە سەرکەوتوویی ئەو سیاسەتەی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ جێبەجێ کردوە، ڕەنگبێ پێشهاتە نوێیەکانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئەو دۆخە بگۆڕن.

بێتوو ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان ناچار بێ وەڵام بداتەوە. ئەو ئاڵوگۆڕە ڕەنگبێ یان بەرەوڕووی تاقمە میلیشیاکان لەنێو عێراق بکرێتەوە، یان ڕاستەوخۆ داوێنی ئێران بگرێتەوە. وەڵامێکی دیکە لەوانەیە چۆلکردنی باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەغدا و بردنە دەروەی ئەو ٢٥٠٠ کەسە لە هێزەکانی ئەمریکا بگرێتەوە. بێتوو ئەوە ڕوو بدا، دەبێتە نموونەیەک بۆ وڵاتانی دیکە کە ڕەچاوی هەمان کردەوە بکەن. لێرەیە کە عێراق بەرەوڕووی قەیرانی ئەمنیەتی و سیاسی دەبێتەوە، بەو ئەگەرە کە ڕەنگبێ ببێتە هۆی شەڕی نێوخۆ لە نێوان تاقمە شیعە ڕکابەرەکان: حەشدی شەعبی و هاوپەیمانانی؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و؛ مەلای شیعە موقتەدا سەدر. بێجگە لەوە، تاقمە تێرۆریستەکانی دیکە، وەکوو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، دەتوانێ کەلک لە دەرفەت وەرگرێ و دیسان دەسەڵات بەدەستەوە بگرێتەوە. کاردانەوەکانی ئەو دۆخە دەتوانێ وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە، بەو ئەگەرە کە لە دوای شەڕی حەماس، سەرجەم ناوچەکە ناسەقامگیر بکات.

شەڕی غەزە کاتێک دەستی پێ کرد کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ کۆتایی‌هێنان بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک بۆ ڕووسیە (بۆ کەلک لێ‌وەرگرتنیان دژی ئوکراین) و وەستاندنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بوو. ئەو دەستپێشخەرییە دوای جێبەجێکردنی یەکەم ڕێککەوتن، کە ئازادکردنی چەند بارمتەی ئەمریکایی لە بری گواستنەوەی ٦ میلیارد دۆڵار لە دراوی سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی کۆرەی باشوورەوە، دەستی پێ کرد. هەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەتی ئێران کە پشتگیریی لە تاقمە بەکرێگیراوەکان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵات لە ئێران دەگرێتەوە، لە سەرەوەی لیستەی پێشترییەتییەکانی وڵاتە یەکرتووەکان و ئورووپا لەو ساڵانەی دواییدا نەبوو. ئەو سیاسەتە کورتبینانەی کۆشکی سپی تەنانەت بۆتە هۆی زەخت ‌خستنەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان، وەکوو عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی. بەڵام، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبر، سەرنجی جیهانی بۆ لای پشتگیریی ئێران لە تاقمە بەکرێگیراوەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ڕاکێشا. ئەو بووە هۆی پەرەگرتنی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری تەشەنەکردنی قەیرانەکە بەگوێرەی لێکدانەوەکانی تاران.

ئەو دۆخە هەستیارە لە ناوچەکەدا ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەرنامەی ناوکی نابێ تەنیا خاڵی نیگەرانی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران بێ. تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێران توانایی قووڵترکردنەوەی قەیرانی هاوشێوەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیلیان هەیە و هەروەها دەتوانێ ببێتە هۆی ئالنگاری بۆ سەر ئەمنیەتی وزە، قەیرانی کۆچبەران و کارەساتی مرۆیی. بێجگە لەوە، شەڕی غەززە یەکەم تاقیکردنەوەی جیددی ئێران پاش سەردەمی قاسم سولەیمانییە. فەرماندە کوژراوەکەی سوپای قودس لایەنێکی سەرەکیی دامەزرێنەر، کۆنتڕۆڵکار و ڕێکخەری تاقمە میلیشیاییەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و گەشەپێدەری دەسەڵاتی ئێران بە هۆی ئەو بەکرێگیراوانە لە ناوچەدا بوو. سیاسەتی هەنووکەیی ئێران لەمەڕ حاشا کردن لە بەشداریی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هەروەها هەوڵەکانی بۆ پێشگرتن بە تەشەنەکردنی شەڕ بۆ ئێران، بۆتە هۆی پێشکەش‌کردنی پشتگیریی لە حەماس تەنیا بە قسە، کە یەکێک لە باڵە فەلەستینییەکانی شەڕەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلە و ئەوەش مەترسی لەکیس چوونی ڕەوایی و دەستڕۆیشووییەکەی لە ناوچەدا هەیە.

شکستی حیزبوڵڵای لوبنان لە یارمەتیدان بە حەماس و پێشگرتن بە دۆڕاندنی دەسەڵاتەکەی لە غەززە، دەتوانێ زیانی زیاتر بە متمانەی ڕایەڵەی بەکرێگیراوان بە ئێران و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەیەنێ. لە کاتی وتاردانەکەی لە ٣ی نۆڤەمبەر، حەسەن نەسڕوڵڵا، لایەنگەرەکانی نائومێد کرد کە بە حەزەوە چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی شەڕ دژی ئیسڕائیل بوون. لە جیاتان، ئەو گوتی ئەوان لە ٨ی ئۆکتۆبرەوە لە دۆخی شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل دان و نیشانی دا کە ستراتێژیی هەنووکەیی حیزبوڵڵا درێژەدان بە هێرشی جاروبارەیە نەوەک قووڵترکردنەوەی قەیرانەکە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە حیزبوڵڵا تاقمێکی دەستکردی ئێرانە کە فەرمانەکان لە ئێرانەوە ئاراستەی دەکرێن، خۆ پاراستنی حیزبوڵڵا لە وەڵامدانەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوە سیاسەتی دەسەڵاتی مەلایانە لە ئێستادا.

بێجگە لەوە، شکستی ئێران لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی جەماوەریی بۆ پشگیریی لە فەلەستینییەکان لە نێوخۆی وڵات، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی هەرە بەرچاوی حەشیمەتە ٨٠ میلیۆنییەکەی موسڵمانن، بۆتە هۆی پرسیار. وەزیری کاروباری دەرەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وێنەیەکی لە خۆپیشاندان لە ئەندۆنێزی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا لە ئێران خۆپیشاندانی لەو ئاستەدا نەبینرا. ئەوە دەکرێ دوو هۆی سەرەکی هەبن:

 یەکەم، ڕەنگبێ ڕێژیم لە ورووژاندنی ئاپۆڕای جەماوەر بۆ خۆپیشاندان بە مەبەستی پشتگیریی لە غەززە تووشی ئالنگاری بێ و،

دووهەم، ڕەنگبێ ڕێژیم لە کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو و گۆڕانی ئاراستەکە بەرەو دەربڕێنی ناڕەزایەتی دژی خۆی و لەکیس‌دانی کۆنتڕۆڵەکەی، بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ٢٠٢٢، نیگەران بێ.

ئێرانییەکان بەردەوام دەرفەتی دەبڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی پشتگیریی لە تاقمە فەلەستینییەکان لەدژی ئیسڕائیڵ، بە کەلک‌وەرگرتن لە سامانەکانی ئێرانیان قۆستۆتەوە. دروشمی، "نە غەززە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران"، لە خۆپیشاندانێکی حکوومەتی لە ڕۆژی قودس لە ساڵی ٢٠٠٩، لە وەڵامی خۆپیشاندانی حکوومەتی بۆ پشتگیریی لە فەلەستین، درا. ئەو هەڵوێستە لە ناڕەزایەتییەکانی دواتر لە ٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٣-٢٠٢٢ درێژەی هەبوو و بەردەوام لە سەرانسەری ئێران دەنگ دەداتەوە. دۆخی هەنووکەیی شەڕی غەززە، لەگەڵ نادڵنیایی لە بڕیارەکانی ئێران و فەرمانەکانی بە تاقمە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەدا، پێویستیی پێداچوونەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران پشتڕاست دەکاتەوە. دانپێدانان و چارەسەر کردنی دەستڕۆیشتوویی پەرەئەستێنی تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێران، کە بە پشتیوانیی تاران بواری بۆ  دەڕەخسێ، فرە گرینگە. یەکەم هەنگاوی یەکلاکەرەوە ئامادە کردنی ستراتێژی پێویست بۆ بڕینی پەیوەندیی نێوان دابینکردنی پشگیریی ئێران و دابینکردنی سامانی تاقمە بەکرێگیراوەکان و لەو ڕێیەوە داڕشتنەوەی داینامیکە ژیۆپۆلیتیکییەکان و پێشگرتن بە قەیرانی ناوچەییە.