ئاسۆ مینبەری
هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی پرتەقاڵی کە لە ٢٥ی نۆڤامبرەوە دەست پێ دەکات و هەتا ١٠ی دێسامبر درێژە دەکێشێ، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کە بتوانین زیاتر فۆکۆس بخەینە سەر جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژیی دژی ژنان و هەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان چڕ بکەینەوە، بۆیە بە کەلکوەرگرتن لەم دەرفەتە، ئاوڕێک لە توندوتیژییە سیستماتیکەکانی ڕێژیم دژی ژنان لە ئێران بدەینەوە.
ڕەنگە زۆر جار کە باس لە توندوتیژیی دژی ژنان دەکرێ، ژنێک بە سەر و دەستێکی شکاو و کۆمەڵێک برینی سەر جەستەیەوە وێنا بکەین بەڵام لە ڕاستیدا توندوتیژی لایەنی زۆر جیاواز و لە هەمان کاتیشدا بەربڵاوی هەیە. لە توندوتیژیی زارەکی، خێزانی، ئابووری، ڕەگەزی و دەروونییەوە بگرە هەتا توندوتیژیی سیستماتیک کە ڕەنگە کەمتر قسەی لەسەر کرابێ.
توندوتیژیی سیستماتیک جۆرێک لە توندوتیژییە کە بەپێچەوانەی زۆرینەی جۆرەکانی توندوتیژی لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە ئەنجام نادرێت، بکەری ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە ڕاستیدا، سیستم، پێکهاتە یان ناوەندێکی دەسەڵاتە. نموونەی ئەم جۆرە لە پێکهاتەی توندوتیژ کە بە شێوەی سیستماتیک توندوتیژی دەنوێنێ، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.
پرسی توندوتیژیی سیستماتیک، پرسێکی تازە نییە، بەڵام بە کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە تاران، زیاتر کەوتە بەر باس. خودی توندوتیژیی سیستماتیک لەسەر هەڵاواردنەکان دامەزراوە. کاتێک لە سیستمێکدا هەڵاواردنەکان بناغەی پێوەندییەکان و گرینگترین بڕیار و پێشهاتەکانی کۆمەڵگە بن، کەوابوو توندوتیژیش بەشێوەی بەربڵاو پەرە دەستێنێ. ئەم جۆرە لە توندوتیژی زیاتر لە جوغرافیای ژێردەسەڵاتی، وڵاتە دیکتاتۆر/ تۆتالیتەرەکاندا دەبینرێت و ئامانجی سەرەکی لەم جۆرە لە توندوتیژی، سەپاندنی ئیدئۆلۆژی بەسەر کۆمەڵگەدایە. بۆیە دەسەڵاتی تۆتالیتەر/دیکتاتۆر هەوڵ ئەدات کەلک لە هەموو ئامرازەکانی بەردەستی خۆی وەکوو میدیا، کەرتی پەروەردە، ئایین و گرینگتر لە هەموویان دابونەریت و یاساکان وەربگرێت.
سسیتمەتی تۆتالیتەر/دیکتاتۆر لە پەرەدان بە هەڵاواردنەکاندا، ڕووبەڕووی کاردانەوەی کۆمەڵگە دەبێتەوە و ناچارە بۆ سەپاندنی هێژموونیی خۆی، کەلک لە ئامرازەکانی سەرکوتیش وەربگرێ. نموونەی ئاشکراشی هاتنەسەرکاری ڕێژیم لە ڕێبەندانی ٥٧ و گوشارەکان بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بوو، ئەم هەڵاواردنە ڕەگەزییە، وای کرد کە ژنان بێنە مەیدان و لە ٨ی مارسی هەمان ساڵدا دژی ئەم بڕیارە بوەستنەوە، کەوابوو ڕێژیم ناچار بوو سەرکوتکارییەکە زیاتر بکات، وەک دەبینین پرسی حیجاب لەو کاتەوە و بە گەلاڵەی حیجابی زۆرەملێ لە ئیدارەکان دەستی پێ کرد و گەیشتە کوژرانی ژینا و ئارمیتا!
یەکێک لە گرینگترین ڕێگاکانی بەردەستی دەسەڵات بۆ سەپاندنی هێژموونی، کەلکوەرگرتن لە یاساکانە، هەر ئەو بابەتەی کە لەم چەند دێڕەدا وەکوو توندوتیژیی سیستماتیک ناوی لێ دەبەین. کاتێک دەسەڵات توانای کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەی نامێنێ، بە داڕشتنی یاسا و بە سیستماتیککردنەوە هەوڵ بۆ سەپاندنی خۆی دەدات.
یەکێک لەو توێژانەی کۆمەڵگە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، بە هۆی کاردانەوە بە هەڵاواردنەکان بەرەوڕووی توندوتیژیی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بووەتەوە، توێژی ژنانە. هەر بۆیە ئەم دەسەڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توێژی ژنان، بە داڕشتنی یاسا، ئەویش یاساگەلێکی تەواو توندوتیژ، هەوڵی سەرکوتی زیاتری ئەم توێژەی داوە. یاساکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بە هۆی باری مەعنەوی و پاڵپشتیی دەسەڵات، بە چاک و خراپ دەبێ جێبەجێ بکرێن و بێگومان بۆ دەسەڵاتگەلی دیکتاتۆر/تۆتالیتەر، گرینگ نییە کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە تا چ ڕادەیەک دەتوانێ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکان هەبێت.
ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنان لە بیاڤی خێزانیدا ژنانی لە مافەکانی بێبەش کردوە، بەپێی یاسا ئیزنی جیابوونەوە بە ژنان نییە، ژنان مافی سەرپەرستی منداڵەکانیان پێ نادرێت، دەبێ نیوەی پیاوان میرات وەربگرن، بۆ پرسە گرینگەکان شاهێدیی ئەوان نیوەی پیاوانە، بە پشتیوانیی ڕێژیم و لە ڕێگەی گرووپە مافیاییەکانەوە قاچاخ دەکرێن، سانسۆر دەکرێن و پۆستی باڵای حکوومەتدارییان پێ نادرێت، مافی دایکایەتیشیان بەپێی سیاسەتەکانی ڕێژیم بڕیاری بۆ دەدرێت، لە خوێندن و کارکردندا تووشی هەڵاواردن دەبن، دەکوژرێن و بکوژەکانیشیان سزا نادرێن، بە بیانووی ڕچاونەکردنی حیجابەوە کچان دەکوژێت و ژنانی ناڕازی دەخاتە زیندانەوە و دەستدرێژی دەکاتە سەریان و مافەکانیان پێشێل دەکات. ئەمانە تەنیا نموونەگەلێکی سادە لەو جۆرە توندوتیژییانەن کە دەچنە چوارچێوەی توندوتیژی سیستماتیکەوە، پاڵپشتی سەرەکییان یاسایە و پەروەردەی سیستماتیک و ئیدئۆلۆژیکیش وای کردوە کە زۆر جار لەلایەن کۆمەڵگەوە نابینرێن یان خودی تاکەکانیش ئەبن بە بکەری سەرەکییان!
مەرگی ژینا و ئارمیتا، دوو نموونەی بەرچاوی ئەم جۆرە لە توندوتیژییەن کە ڕێک بە پاڵپشتی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕەچاوکردنی حیجاب و دواتریش بە پارێزراوبوونی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و حیجاببانان لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕوویان دا. پاش مەرگی ژینا، توندوتیژییە سیستماتیکەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە پەرەی زیاتریان ئەستاند و جگە لە ژنان، پیاوانیش بوون بە بەشێک لە قوربانییانی ئەم جۆرە لە توندوتیژی.
لە ڕاستیدا توندوتیژیی سیستماتیک لە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتیش کوردستاندا کە هەمیشە بە شێوەی جیاواز و بە خوێندنەوەی سیاسی بەرەنگاری دەسەڵات بووەتەوە، بنبڕ نابێ، مەگەر ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتە بڕووخێت و یاساکان سەرلەنوێ بنووسرێنەوە. بێگومان دەسەڵاتی تۆتالیتەر/ دیکتاتۆر بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێچکەی خۆی، پەرە بە هەڵاواردنەکان و سەرکوتکارییەکان دەدات، بەڵام گرینگ هەبوونی ئیرادەیەکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژییەکانەوە، وەک ئەوەی کە لە پاش مەرگی ژینا کرا و ناوی لێ نرا شۆڕشی ژینا!