ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، تاوتوێی پڕۆژەیەک دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارک کە لە ئەگەری نەکرانەوەی ئەو دوورگەیە دەکرێ جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی پێیان وایە کۆنترۆڵکردنی هەناردەی نەوت لە خارکەوە دەتوانێت گوشارێکی ئابووریی زۆر گەورە بخاتە سەر ئێران، چونکە ئەم دوورگەیە یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ترامپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نەداوە و هەر هەنگاوێکی ئەگەرەیی، پێویستی بە ئامادەبوونی مەیدانیی هێزەکانی ئەمریکا دەبێت.
هاوکات، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ ڕووداوێکی نوێ تۆمار نەکراوە، بەڵام مەترسییەکان لە گەرووی هۆرمۆز هێشتا بەردەوامن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە سێ حەفتەی ڕابردوودا تاوەکوو ئێستا، لانیکەم ٢٠ کەشتی لە سنووری کەنداو، گەرووی هۆرمۆز و دەریای عومان کراونەتە ئامانج.
گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی وزە لە جیهاندایە و ٢٠ لەسەدی وزەی جیهان و ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی بەکارهێنراوی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.