ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر تاران، ناوەندێکی کردووەتە ئامانج و تێکی شکاندووە کە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی هێرشکردنە سەر ماهوارەکان بەکار دەهات.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم ناوەندە لە چوارچێوەی بەرنامەی ''فەزایی نیزامی'' کۆماری ئیسلامییدا کاری کردووە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی توانای هێرشبەری دژی ماهوارەکانی تێدا جێبەجێ کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو تواناییە هەڕەشەیەک بۆ ماهوارەکانی ئیسرائیل و هەروەها دارایی فەزایی وڵاتانی دیکە لە جیهان دێتە ئەژمار.
ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە لەو ناوەندەی کراوەتە ئامانج، پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ''فەزایی نیزامی'' ئێران پەرەیان پێ دراوە و وەک نموونەیەکیش ئاماژە بە ماهوارەی "چەمرانی ١" کراوە.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ماهوارەی "چەمرانی ١" لەلایەن پیشەسازییە ئێلیکترۆنییەکانی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران دروست کراوە و لە خەرمانانی ١٤٠٣ لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە.