کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرددانەوەیەكی شۆڕشی ژینا و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی

11:48 - 18 سەرماوەز 2723

ناسر ساڵحی ئەسڵ

شۆڕشی ژینا لە باری فورم و شكڵ و نێوەڕۆکەوە لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەی گەلانی ئێران زۆر گشتگیرتر و جیاوازتر بوو. ڕاپەرینی ژینا كە ئاخێزگەلەی کوردستان بوو، دروشمەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشمی هەموو نەتەوە و گەلانی ئێران و تەنانەت دروشمی خوپێشاندانە بەرینەكانی دیاسپوڕاش. ژینا ئەمینی لەلایەك بوو بە سیما و سیمبوڵی شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران و لەلایەكی دیكەوە شۆڕشەکەش شکڵ و قەوارەی بزوتنەوەیەکی سەرانسەریی لەسەر بنەمای دژایەتی کردن لە گەڵ کۆی دەسەڵاتی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بە خۆوە گرت. كەوابوو شۆڕشی ژینا وێڕای ئەوەیکە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ کۆی ناڕەزایەتیەکانی پێشوو هەبوو، بەڵام خاوەندی ھێندێک تایبەتمەندی دیكە بوو کە جێی ئاماژە و باس کردنن.

١- بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە ناڕەزایەتی و ڕاپەرینەکانی پێشوو کە لە ساڵەکانی دەیەی حەفتا بەولاوە لە لە ئاستی گەورەدا وەڕێ خراوون و زیاتر لە بازنەی چاكسازی لە دەسەڵات و باشکردنی بژیوی ژیان و داوا سینفییەکاندا و لە چوارچێوەی ڕێفۆرمخوازیددا خولاونەتەوە، ئەمجارەیان کەڵکەڵەی گەلانی ئێران بەھاکانی ڕێفۆڕمخوازیی نەبوون، بەڵکوو تێپەڕین لە تەواوەتیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بوو. هەر بۆیە شۆڕشی ژینا تەواوكەری ئەو ناڕەزایەتییە بەربەرینانەش بوو کە لە ساڵی ١٣٩٦ەوە دەستی پێ کرد و لە ساڵەكانی ١٣٩٧ و ١٣٩٨دا گەشەی کرد و فۆڕمی شۆڕشی سەراسەریی گەلانی ئێرانی وەخۆ گرت.

٢- هەرچەند شۆڕشی ژینا لە بەردەوامیی شۆڕش و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران و، بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و حکوومەتێکی وەڵامدەر و یاساپارێزە و هەروەها درێژەدەری بزوتنەوەی دێموكراسیخوازیی گەلانی ئێرانە، بەڵام لە ئێرانی فرەنەتەوە و ئیتنیك و ئاینینزای جۆراوجۆردا سەرەڕای بزوتنەوەی دێموكراسیخوازی، بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلانی ئێرانیش لە ئارادایە و لە بزوتنەوەی شۆڕشی ژینادا بوو بە پێشەنگی ناڕەزایەتییەكان لە ئاستی ئێراندا.

٣- لە باری پێکهاتەی چینایەتی لە شۆڕشی ژینادا  دەکرێ بڵێین غایبی سەرەکی، بە تایبەت لە پاریزگا ناوەندییەکانی ئێراندا، ئەمجارەش ھاوشێوەی ناڕەزایەتییەكانی دیكەی گەلانی ئیران، چینی مامناوەندی بوو. لە پێناسەی كۆمەڵناسیی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكاندا دەگوترێ كە چینی مامناوەندی چینی گۆڕانخوازی لەهەر کۆمەڵگەیەکە، کەچی چینی مامناوەندی ناوەندنیشین سەرەڕای ناڕەزیەتییان لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و لە پاش ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەکانی ٨٨ بە ئاکامی ڕاگەیەندراوی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارییەوە؛ لە ڕاپەرین و نارەزایەتییەكان ڕەنگێکی ئەوتۆیان نییە. بەپێچەوانەوە چینی مامناوەند لە كوردستان بە تایبەت و لە بلوچستان و هێندیك ناوچەی نەتەوەكانی ئێران هەمێشە هاوشانی چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكانی خەباتی شاردا بەشداریی چالاكانەی بووە". ئەوەش دەتوانێ چەند ھۆکاری ھەبێت:

ئا. چونكە زۆربەی ڕاپەرین و ناڕەزایەتیەكان لە ئاستی ئێران و بە تایبەت لە ناوەندی ئێراندا بە ھۆکاری ئابووری شکڵی گرتوە و، ئەگەرچی چینی مامناوەندیش وێڕای ھەموو چینەکانی دیكەی گەلانی ئێران تووشی قەیرانی ئابووریە، بەڵام ئەم چینە بەپێی تایبەتمەندی چینایەتیی خۆی هەستیاریی کەمتری بەم کێشەیە ھەیە و کێشە و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر چینی مامناوەند دەبزوێنێت. ئەگەرچی ئێران لە سێبەری ڕەشی كۆماری ئیسلامیدا دەستەویەخەی ھەموو ئەو قەیران‌گەلەشە، بەڵام چونكە بیانووی شکڵگرتنی ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكان ئابووری بوون، زیاتر چینی دەستكورت و هەژاری کۆمەڵگە لە گۆڕەپانەکەدا بوون.

ب) چینی مامناوەند ئەگەرچی لە ساڵەکانی کۆتایی دەوڵەتەكانی ڕەفسەنجانی و خاتەمی‌دا وردە وردە قەوارەی خۆی  دەگرتەوە و گەورە بۆوە، بەڵام لە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا بە ھۆی جۆری بەرنامە ئابووری و فەرھەنگییەکانی کەوتە ژێر گوشارەوە و لاواز و لاوازتر بوو. هەروەها بەھۆی ھەڵاوسان و چونەسەری قیمەتەكان و بێ‌بەهابوونی دراوی نیشتمانی و زیادکردنی باج و ماڵیات و........ هتد، چینی مامناوەند، واتە موچەخۆرەکانی بەستراوە بە دەوڵەت و چینی بازار و نابەستراوە بە دەوڵەت زیاتر لاواز كرا و لە ئیستای كۆمەڵگای ئێراندا چینیكی زۆر دەوڵەمەند و ڕانتخور هەیە و چینەكەی دیكە كە زۆربەی گەلانی ئێران پێكدەهێنی لەژێر هێڵی هەژاری‌دان. هەر بۆیە لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكاندا ئەم مووچەخورانی دەوڵەت وەک بەشێک لە چینی مامناوەندی ڕەفتاری سیاسییان جیاوازە لە بەشەکەی دیکەی چینی مامناوەندی کە بەشی بازار و نابەستراوە بە دەوڵەتە. چینی مووچەخۆرانی دەوڵەت، پتر لە سندوقەکانی دەنگدان بۆ ناڕەزایەتی و دەربڕینی سیاسی کەڵک وەردەگرن، بەڵام چینی مامناوەندی بازار و نابەستراوە بە دەوڵەت لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكانی سەر شەقامدا بەشداریی چالاكانە دەكات. هەر بۆیە چینی مامناوەندی نەتەوەكانی ئێران و بەتایبەتی چینی مامناوەندی نەتەوەی كورد، واتا چینی بازار و نابەستراوە بە حكوومەت هەمیشە لە جوغرافیایی نەتەوەكانی ئێراندا كە پراویزخراوە لە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردا، شان بە شانی چین و توێژەكانی دیكەی نەتەوەكانی ئێران بەشداریی چالاكانەی لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكاندا هەبووە. لەو سۆنگەیەشەوە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەمیشە هەوڵیان داوە چینی مامناوەندی بازار و نابەستراوە لە ئاستی ئێران و بە تایبەتی لە جوغرافیای سیاسیی نەتەوەكانی ئێراندا بە ھۆی ڕکودی ئابووری، دابەزینی بازار و مایەپووچ‌بوون و لەكارخستنی پیشەسازی نەتوانی پشت ڕاست بكاتەوە و لاوازتریان بكا هەتا نەتوانی وەک بەشێکی کاریگەری و كارتێكەر لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكاندا حوزووری چالاكیان ھەبێت.

ج) ئەگەرچی بەپێی پێناسەی كۆمەڵناسی چینی مامناوەندی چینێکی گۆڕانکاریخوازە، بەڵام ئەم چینە بەپێچەوانەی چینی هەژار و دەستكورت، چینیكی خۆپارێزیشە. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییش هەمیشە لەو خاڵە لاوازەی چینی مامناوەندی ناوەند بۆ سەركوتی شۆڕش و ڕاپەرینەكانی گەلانی ئێران كەڵكیان وەرگرتوە. هەر بۆیە ڕێژیمی ئیران هەمێشە هەوڵی داوە ڕاپەرین و نارەزایەتییەكانی گەلانی ئێران، ھەر لە سەرەتاوە بەرەو توندوتیژی ببات و بە سڵکردن و ترساندن ئیزن نەدا چینی مامناوەندی موچەخوور و بازار لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتیەكاندا تێوەگلین.

د) چینی مامناوەند بە ئاگایی و زانیارییەوە خۆ لە قەرەی ھەر جۆرە ڕەفتارێکی سیاسی دەدات. گرینگترین ھۆکار کە دەتوانێ چینی مامناوەند ببزوێنێ، ھەبوونی دوورەدێمەنێكی ڕوون لە داھاتوو و ئاڵتێرناتیو و جێگرەوەیەك بۆ دەسەڵات و حكوومەتە. ئاڵتێرناتیو دەتوانێ ورە و توانا بیبەخشێ بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگە تا چینی مامناوەند ڕیسک بکا و تێکەڵی شەپۆلی شۆڕش و نارەزایەتییەكانی ڕووخێنەرەکان (بەرەنداز) بن.

٤- یەكیك لە خاڵە بەهێزەكانی بزوتنەوەی ژینا پێکهاتەی تەمەنیی بەشداربووانی شۆڕشەکە بوو. بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین بەشداربووانی شۆڕشی ژینا بازنەت تەمەنییان ژێر بیست ساڵ و پاشان بیست تا بیست و پێنج ساڵ بوو، و ئەو نەوەیە لە کۆمەڵگەی ئێران بە شێوەیەکی جەوھەری دوورن لە بەھاکانی کۆماری ئیسلامی و لەژێر کاریگەریی ڕاگەیاندن و کلتورە جیهانییەکانن. هەروەها بەشێکی زۆر لەو نەوەیە كە دەچنە زانکۆ یا زانکۆیان تەواو دەکەن و دەبنە بەشێك لە خێڵی بێکاران، سروشتییە کە دەبێ چاوەڕوانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسییان بین تا لەدژی نۆرم و بەهاکانی دەسەڵات دەنگ هەڵبڕن و تێكەڵ بە شۆڕش ببن.

٥- لە شۆڕشی ژینادا بەپێچەوانەی ڕاپەرینەكانی دیكە، گەلانی ڕاپەریوی ئێران لە دروشمی ڕێفۆرمخوازەکانی حكوومەتی تێپەڕین و گوتیان ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییان لە تەواوەتیی خۆیدا ناوێت. هەر بۆیە ڕاپەرینی ئەمجارەی گەلانی ئێران لە ڕاپەرینەکانی پێشوو بەهێزتر و یەكگرتووتر و هاوئاهەنگتر بوو.  وەک چۆن دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ناوچەیەكی پەراویزخراوە بوو بە دروشمی سەرەكیی ناوەندیش و كوردستان بوو بە چاو و چرای ئێران و هەروەها شۆڕشی ژینا بوو بە سەرمایەی کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێران.

٦- لە شۆڕشی ژینادا كوردستان بوو بە باسکێکێ بەھێزی بزووتنەوەی دێموكراسیخوازیی سەراسەری و بزوتنەوەی نەتەوەخوازیی گەلانی ئێران. هەروەها شۆڕشی ژینا نیشانی دا كە مەرج نییە شۆڕشەكان هەر لە ناوەندەوە دەست پێ بكەن بەڵكوو هەرێمە پەراویزخراوەكانی نەتەوەكانی ئێرانیش دەتوانن ببنە مەكۆی ڕاپەرین لە ئێرانی فرەنەتەوەدا. هەربۆیە ڕێژیم كە بەو مەترسییەی زانی و دیتی كوردستان پێشەنگی شۆڕشی ژینایە، ویستی بە زەقکردنەوەی ویستی جیاییخوازیی خەڵكی كوردستان هەم شۆڕشی ژینا سەركوت بكا و هەم ناوەندی ئێران بە کورد چاوترسێن بكات. دواتریش بە شێوەیەکی بێرەحمانە ڕاپەرینەکەی لە کوردستان سەركوت كرد و بنكە و بارەگای حیزب و ڕێكخراوە كوردییەکانی ئێرانی لە باشووری كوردستان موشەك‌باران کرد.

٧- هەم لە شۆڕشی ژینا و هەم لە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكانی دیكە لە كوردستان دەرکەوت کە بابەتەکە جیاوازە لە گەل و ناوەند و بەشەكانی دیكەی ئێران. چونكە لە کوردستان بەدیل و ئاڵتێرناتیو ھەیە. خەڵكی كورد خاوەن حیزب و ڕیكخراوە و كۆمەڵگەی مەدەنیی بەهێزی خۆیەتی. هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە حیزب و ڕێكخراوەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی كوردی هەم چالاکە و هەم ئەزموونی پەیدا کردوە و پشتیوانیەکی گشتگیری جەماوەریشی لەگەڵە. بۆیە كۆمەڵگەی كوردی بەو ناوەندە بەهێزانەی كە هەیەتی دەتوانێ شکڵ و قەوارش بە ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەكان بدات. ئەوەی لە کوردستان زۆر جێی سەرنجە ئەو شێوە خەباتەیە کە لانیکەم توانیویەتی بە شێوەیەکی باش فەزای کوردستان و تەنانەت ئێرانیش بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ھەستی نەتەوایەتیی کوردی زیندوو ڕابگرێ و خەباتی جەماوەر شار و شاخ  پێکەوە گرێ بدات. وێنەی باشی ئەم یەکگرتووییە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بۆنەکاندا بە شێوەی مانگرتنی بازار، نیشانەی وشیاری و دەروەست‌بوونی خەڵكی کوردستانە. سەرەڕای ئەوانە بەشداریی چینێکی نوێ لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسییە کە ھەم خوێندەوارن ھەمیش وشیار و ھەستیار و ڕۆژانە خەریکن بە شێوەیەکی نەرم پاشەکشێ بە ھێڵەسوورەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان دەکەن.

لە کۆتاییدا مخابن گرینگترین شتی نادیار لە شۆڕشی ژینادا بە تایبەت لە ناوەندی ئێراندا بێ شکڵ و بێ‌سەربوونی شۆڕش بوو کە ھەر لە ڕۆژەكانی سەرەتای شۆڕشەکەوە پێوەی دیار بوو. بۆیە بێگومان کاتێک بەدیلێک و ئاڵتێرناتیویكی بەھێز ساز بێ و بتوانی دوورەدێمەنێكی ڕوون لە داھاتوو بە گەلانی ئێران بدات، بەدڵنیاییەوە وردەوردە جەغز و بازنەی ڕاپەرین و نارەزایەتییەكان گەورە دەبنەوە و چینە نوستووەکانی وەک خۆڵەمێشی و مامناوەندی بە ھەموو جۆرەکانیەوەی تێوەدەگلێ و ئەم ڕاپەرین و ناڕەزایەتیانە ھەم شکڵ و قەوارە دەگرێ و ھەم سەر پەیدا دەکات. هەروەها ئەم ئاڵتێرناتیوە دەتوانی وردە وردە ڕێكخراوە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئاکامی ئەم گۆڕانکاریانەدا هەڵوەشێنی و ھەرەس بە تەواوەتیی ڕێژیم بێنێت.