عەلی بداغی
"ئێمه كه به دڵمانا نهدههات خاوهنی چاپخانه و ئینتیشارات بین؛ ئهوا به یارمهتیی خودا نامهی "كوردستان" داندرا و ههوهڵ ژمارهی بڵاو كراوه. ئهم نامهیه له لایهن حیزبی دێموكراتی كوردستانهوه بڵاو دهبێتهوه. دهیهوێ قهڵایهكی ئاسنین له ئیتیحاد و برایهتی بێنێته بهرههم كه بناغهكهی به زانست و هونهر و لهشساغی داندرابێ و بتوانێ دهگهڵ سێڵاوی دوبهرهكی و بێدینی و ههمو جۆره ڕهوشتێك كه بۆ سهربهستی زهرهر بێت بهربهرهكانی بكا، هیوامان وایه ئهم قهڵایهی كه خهریكین قایمی بكهین؛ وهها قایم و بههێز بێت كه هیچ هێزێك نهتوانێ بهربهرهكانی له گهڵا بكا."
(سەید محەممەد حەمیدی، یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان، بەفرانباری ١٣٢٤)
٢٠ی بەفرانباری ئەم مانگە ٧٨ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕادەبرێ. ڕۆژنامەیەک کە دوو حەوتوو دواتری بوو بە زمانحاڵی کۆماری کوردستان و لەوساوە هەتا ئێستا زمانحاڵی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بووە.
دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤دا و بە بڵاوکردنەوەی "کوردستان" ڕیسالەتێکیان بۆ ئەو ڕۆژنامەیە دیاری کرد، ئەو ئەرک و ڕیسالەتەش پارێزگاری له زمان، شوناسی نهتهوهیی كوردی و سەنگەری قەڵەم لە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ڕیسالەتێک کە لەو کاتەوە بەڕێوەبەرانی "کوردستان" نەوە دوای نەوەی وەک بایەخێکی نەگۆڕ پاراستوویانە و سەرەڕای هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان لەپێناویدا بەبەردەوامی تێکۆشاون.
ئەم کورتە نووسینە کە لە یادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی "کوردستان"دا بڵاو دەبێتەوە، باس لە چەند تایبەتمەندییەکی ئەم ڕۆژنامەیە لە قۆناغ و بڕگە جیاوازە زەمەنییەکانی دەرچوونی دەکا:
"كوردستان" لەگەڵ ئەوەی زمانحاڵی حیزبی دێموكرات بووە، بەڵام لە قۆناغی جۆراوجۆر و فرەڕەهەندی خەباتی سیاسیی کورد لە ئێراندا نەخشی زۆر بەرفراوانتر و گەورەتری، سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی بە ئەستۆ بووە. "کوردستان" ڕێوشوێنەکانی خۆڕاگری، مێتۆدەکانی خەبات و هەستی شۆڕشگێڕی بە بنەمای تێکۆشان بۆ ڕزگاریی کورد لە ئێران داناوە و کاری بۆ گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی لە هەموو کوردستان کردوە و هەوڵی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و لە ئاستی نیشتمانی کوردستانی گەورەدا داوە و بەحەق خاوەن وێژمانی کوردی بووە و پرسی نەتەوەیی بردووەتە نێو زەین و دڵی تاکی کورد. لە هەموو ئەو ماوەیەدا "کوردستان" تایبەتیتر لەنێوان ویستە نەتەوایەتییەكانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ڕۆژنامەی "كوردستان"دا هەمیشە پەیوەندییەكی کارلێک و ڕاستەوخۆ بووە. ستراتیژیی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوە بووە کە "کوردستان" بە پێی ئیمكانات و ڕەوشی خەبات لە هەر بارودۆخێکدا ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بێت. هاوکات ئەوەندە جێمتمانە و موعتەبەر بێت کە لە زۆر لێكۆڵینەوەی زانستی و ئەكادیمیدا وەك بەڵگەنامە كەڵكی لێوەربگیردرێ و باوەڕی پێ بکرێت.
"کوردستان" هەڵگری باوەڕ و پەیامی حیزبی دێموکراتە کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەی کورد هەیە. حیزبێک کە کۆماری کوردستانی دامەزراندووە و بە دژی دوو ڕێژیمی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر کە هیچ بایەخێکی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد دانەناوە خەباتی کردووە. بۆیە دەکرێ مێژووی خەباتی ئەو حیزبە کە هاوکات مێژووی خەباتی ئەو نەتەوەیەشە لە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژنامەیەدا بخوێندرێتەوە. هەروەها چارەنووسی "کوردستان"یش لە هەموو ماوەی تەمەنیدا بەشێک بووە لە چارەنووسی حیزبی دێموکرات کە زمانحاڵی ئەم حیزبە بووە. کاتێک ئەم حیزبە لە نێوخۆی وڵات حوکمی بەدەستە و کۆمار بەڕێوە دەبا، "کوردستان" بە ئیمکاناتی حکوومەت و بە ڕێکوپێکی و بە تایبەتمەندیی ڕۆژنامەیەک کە وەڵامدەری حەوجێیەکانی کۆمەڵە بڵاو دەبێتەوە. کاتێکیش حیزبەکەی لە مەتەرێزی شەڕی چەکداری و بەرگری لە مانی گەلەکەی دایە، دەبێتە چەک و دەنگی پێشمەرگە. کە حیزبەکەی تێکۆشانی ئاشکرای هەبووە، بە ئاشکرا دەرچووە و بڵاو بۆتەوە، ئەگەریش حیزب لە خەباتی سەختی پێشمەرگانەدا بووبێ، لە چیا و ئەشکەوت و بن گاشەبەردەکانەوە گەیوەتەوە شار و دەستی خوێنەرانی. ئەگەر ڕۆژێک چالاکی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە کزیی دابێ، ئەم لاوازییە لە ڕۆژنامەشدا ڕەنگی داوەتەوە و هەرکاتێکیش هەلومەرج لە بەرژەوەندیی حیزبدا چووبێتە پێش، ئەوا "کوردستان" سوودی لە بارودۆخەکە وەرگرتوە و گەشەونەشەی پێوە دیارە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی "کوردستان" ئەوەیە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژنامەیە توانیویانە بە تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ٨ دەیەی ڕابردوو لە سینگی خۆیاندا مەترسیی چەواشەکران و بیرچوونەوە لە ڕاستییە مێژووییەکانی ئەو ماوەیە بڕەوێنێتەوە و وەک ئەرشیڤێکی نەتەوەیی، گەنجینەیەک لە زانیاریی سیاسی و مێژوویی بۆ نەوەی نوێی کوردستان بپارێزێت. هەروەها قوتابخانەیەک بووە بۆ ئەدەبیاتیکی بەپڕەنسیپ، ڕاستگۆ و ڕاستبێژ، دوور لە سووکایەتی و بوختان هەڵبەستن و تەنانەت لە ئاست دوژمنانی نەتوەی کوردیشدا قەت لە چوارچێوەی ئەدەب و پڕەنسیپەکانی لای نەداوە. هاوکار "کوردستان" لەسەر دەستی مامۆستایانی خاوەنناو لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا لە ڕووی نووسین و ڕێنووس و پاراویی وشەکانی فێرگەیەک بووە بۆ ئەو کەسانەی ویستوویانە شارەزایی پتریان لەسەر زمانی کوردی هەبێت.
کوردستان لە ماوەی ژیانی خۆیدا زۆر قۆناغی بڕیوە. هەروەک گوترا سەردەمانێک ئەرکی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بڕیار و پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانی لە ئەستۆ بووە و لە قۆناغەکانی دواتری خەبات و تیکۆشانی حیزبدا شوێنی تۆماری حەماسەی پێشمەرگەکان و مێژووی خوێناویی ساڵە سەختەکانی خەباتی کورد بووە. لە هەموو ئەو ماوەیەشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە سانسۆڕ خراوەتە سەری و ڕاستییەکانی لێ چەواشە کراوە، "کوردستان" ئەو تیشک و ڕووناکاییە بووە دڕی بە شەوەزەنگی بێدادیی ڕێژیمەکانی پاسایەتی و کۆماری ئیسلامی داوە. سەرجەم ژمارە و لاپەڕەکانی "کوردستان" پڕن لە داستان و نەبەردیی نەتەوەیەک، ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگریی میللەتێک و پرۆژەی وشیاریی نەتەوەیی بۆ ڕابوون و هەستانەوەی گەلێک و بەردەوامیی لەخەبات بۆ ئامانجەکانی. هەروەها لەهەمبەر داسەپانی سیاسەتی سانسۆڕی دوو حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و پیلانە نەرمەکانی ئەم دوو ڕێژیمە بۆ دروستکردنی قەیرانی شوناس و تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەتەوەی باڵادەستدا، "کوردستان" قەڵای خۆڕاگری پارێزگاری لە پێناس و شوناس و هەویتیی کوردی بووە.
"کوردستان" لە هەموو ماوەی تەمەنیدا کۆمەڵە ئەرکێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی بۆ خۆی پێناسە کردووە کە بەشێکی بریتین لە: بانگەشە و بەدواداچوون بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەرجەستەکردنی بایەخمەندیی شۆڕشگێڕی و خەباتکاری و، هەروەها رێزگرتن لە مافی مرۆڤ وەك پڕنسیپێكی ئەخلاقی و ئینسانی و جیهانگیر. "کوردستان" لە هەر بارودۆخێکدا ئاوڕی لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، ژینگە و بەرگری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان داوەتەوە بە بایەخەوە بۆ پرسی ژنی ڕوانیوە و بەگژ هەڵاواردن و فەرق و جیاوازیدانان چۆتەوە، جا ئەمە چ سەرچاوەکەی کولتوور و نەریتی کۆمەڵ بووبێ یان ڕوانگە و سیاسەتی حکوومەتی زاڵ بەسەر کوردستاندا.
"کوردستان" باوەڕی بە بیروڕای ئازاد هەیە و لەگەڵ ئەوەدا کە بۆخۆی ئۆرگان و زمانحاڵی حیزبێکی سیاسییە، بەڵام سینگفراوانە و قەتی دەرگای ڕەخنە لە خۆی دانەخستووە. "کوردستان" لەگەڵ بایەخدانی بە لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیمەکانی ناوەندگەرای تاران، پرسەکانی شوناس و ڕۆشنگەری و زمان؛ پەروەردە و نووسین و ئەدەبیاتی منداڵانی پشتگوێ نەخستوە و بڵاوبوونەوەی پاشکۆ و گۆڤاری "دنیای منداڵان" بۆ ماوەی نیزیک بە ١٥ ساڵ یەکێکی دی لە ڕیسالەت و کارە بەبایەخ و بەبەرهەمەکانی "کوردستان" بووە. ڕۆژنامەی "کوردستان" هەروەها لە ڕەوتی بەردەوامی کار و تێکۆشانی خۆیدا دەیان و بگرە سەدان کادری لێوەشاوەی لە بواری نووسین، کاری فەننی و هونەری ڕۆژنامەنووسیدا پێگەیاندوە کە هەر لەجێدا ئەمە سەرمایەیەکی گەورە و بەنرخ بووە بۆ ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات.
"کوردستان" بەدرێژایی تەمەنی دەرچوونی هەوڵی داوە بە سەرنجدان بە پێویستیی گەیاندنی زانیاری بەکەڵک لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و زانستییەوە، ڕەسالەتی ڕۆژنامەگەری خۆی بپارێزێ و لەپێناو گەیاندنی زانیاری بە خوێنەرانی و یارمەتیدان بە چوونەسەری ئاستی تێگەیشتوویی خەڵک و وشیاری نەتەوەیی لەلایەک و لەلایەکی دیکەش لەپێناو خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردیدا، خزمەت بکا.
ڕاستە کە "کوردستان" لە ڕووی بەردەوامی و پشوودرێژییەوە سەرەرای هەموو دژواری و سەختییەکان لە ٧٨ ساڵی رابردوودا لەسەر ڕێی بووە و تێرۆر و تۆپ و خۆمپارە و مووشەکیش نەیتوانیوە بیوەستێنێ و، هەروەها لە ڕووی وەفاداری و پابەندبوون بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات -وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و داهێنەری زۆربەی هێما شوناسبەخشەکانی نەتەوەی کورد- هەست بە شانازی و سەربەرزی دەکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت کە لە سەردەمی ڕکابەریی میدیایی، خێرایی گەیاندن و وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بەردەنگی پڕچاوەڕوانیدا چ لە ڕووی فۆرم و شێوازی نووسین و چ بەڕۆژبوون لە ڕووی گوتار و ڕوانینەوە بەردەوام پێویستیی بە بەخۆداچوونەوە و گۆڕانکاریی بەوەخت و بەجێ هەیە و بەپێی توانا لەوەش بەجێ نەماوە.
لە کۆتاییدا:
مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، یەکێک لە سەرنووسەرانی پێشووی "کوردستان" لە نووسینێکدا بەبۆنەی هەڵکردنی مۆمی ژمارەی ٨٠٠ی کوردستان (خولی نوێ) دەڵێ: "کوردستان" هەموو شتێکی وەک حیزبی دێموکرات دەچێ و شتێکی زۆریش سروشتییە، چونکی زمانحاڵی حیزبە و ئەرک و سەڵاحییەتی خۆیەتی کە ئاوێنەی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردانیدا بێ. "کوردستان"یش هەروەک حیزبەکەی سەربەخۆیە، ڕاستگویە، پێشکەوتوویە و هەر لە بەر ئەوانەش خۆشەویستە.