کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکردنی ئازادی!

19:52 - 21 بەفرانبار 2723

شیوا مورادیان 

لە بەشێکی کتێبی "ئازادی لە هزر و ڕامانی قاسملوودا" هاتوە کە لە ڕوانگەی ئەو ڕێبەرە مەزنەی گەلی کوردەوە ئازادی بریتییە لە هەڵبژاردن و مافێک کە لە  چوارچێوەی ئەخلاقدا شرۆڤە دەکرێت و مرۆڤ بە حوکمی مرۆڤبوونی دەبێتە خاوەن ئەو ئازادییە و بە شێوەی سرووشتی لەو ئازادییە بەهرەمەند دەبێت.

ئەو پێناسەیە لە ئازادی هەم ئاماژەیە بە توانای بڕیاردانی سەربەخۆیانەی مرۆڤ و دواتر کۆمەڵگە و هەبوونی دەرفەتی هەڵبژاردن لەنێو بژاردە جیاوازەکاندا و هەم ئاماژەیە بە چوارچێوەی ئەخلاقی ئازادی. ئەمەی دووەم دەکرێ ئاماژە بێت بۆ ئەوەش کە لە باسکردن سەبارەت بە ئازادی پێویستە ڕێژەیی بوونی ئازادی لەبەرچاو بگرین. بەو مانایە کە باس لە ئازادیی ڕەها ناکرێت، بەڵکوو ئازادی سنووردارە. بەو واتایە مرۆڤ مافی ئازادیی هەیە تا کاتێک سنوورەکانی ئازادیی کەسانی تر نەبەزێنێت. ئەمە ڕوانگەیەکی ئەخلاقیانەیە بۆ ئازادی. لەم واتایەدا ئازادی دۆخێکە کە تێیدا هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئیرادەی تاک یان کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، مەگەر ئەوەی ئازادی تاک و کۆمەڵگەکانی دیکە پێشێل بکات.

ئازادی ڕزگاربوونە لە دۆخێک کە بە شێوەی زۆرەملێ یان پێچەوانەی ئیرادەی مرۆڤ داسەپابێت. ئازادی دەرفەت و هەلێکە بۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی تواناکانی تاک و کۆمەڵگە. لە سەردەمی ئێستادا ئازدییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە کۆڵەکەی سەرەکیی دێموکراسی دادەنرێن. بە تایبەتی ئازادیی سیاسی کە دەرفەتی دەنگدانی تاک و هاووڵاتییان و بەشداریکردنیان لە ئیدارەی وڵات دەڕەخسێنێت. زەوت کردنی ئەو ئازادیانە زەوتکردنی ئیرادەی تاک و گەلە. زەوتکردنی ئازادیش لە چوارچێوەی بۆچوونی دکتور قاسملوودا بە مانای لەنێوبردنی توانای هەڵبژاردنی تاک و کۆمەڵگە دێت. لەبەر ئەوەیە کە من ناوی دەنێم بەندکردنی ئازادی.

ڕاستە یەکێک لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ کەوتووەتە بیری دامەزراندنی شوێنێک بەناوی بەندیخانە تەمبێکردن یان چاکسازی کرداریی ئەو کەس‌گەلە بووە کە دژی نۆرم و بەهاکانی کۆمەڵگە جووڵاونەتەوە و ئامانج لە دەستبەسەرکردنیان نەمانی تاوان بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر و ئەمینتر بووە، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەندیخانەکان و بەتایبەت ئەوانەی ئەمڕۆکە بە بەندیخانەی سیاسی ناسراون حەبسکردنی ئازادییەکان و بەندکردنی کەسانی ئازادیخوازە.

ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی کە لە کاتی بەدەسەڵات گەیشتنیەوە تا ئێستا بەردەوام سنووری ئازادییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە و هاوکات پەرەی بە زیندانەکان و زیادکردنی ژمارەی زیندانیان داوە بەرچاوترین نموونەیە بۆ بەندکردنی ئازادییەکان. ئێستاکە بەهۆی نەبوونی ئازادی بۆ چین و توێژە جۆراوجۆرەکان ئێران بووەتە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، هونەرمەندان و تەنانەت نووسەران و ڕووناکبیران و جیابیران. بەدرێژایی تەمەنی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە ئامانج لە پەرەپێدان بە دیاردەی بەندکردن و بەندیخانەکان زیاتر کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان و جیابیران بەمەبەستی لەسەر دەسەڵات مانەوە و بەردەوامی حکوومەتی دز و گەندەڵەکان بووە. دەنا خۆی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی گەورەی پەرەپێدان بە تاوانە کۆمەڵایەتییەکانە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە درێژەی سیاسەتی بەندکردنی ئازادییەکانی نەتەوەکانی ئێراندا، بەتایبەتی نەتەوەی کورد بەرەوڕووی تێرۆر، ئێعدام، ئەشکەنجە، حوکمی جیهاد و هێرشی سەربازی دڕندانە، جێنوساید و زۆر شێوازی دیکەی سەرکوت و بێدەنگکردن بوونەتەوە. لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان جەلادی وەک خەڵخاڵی، ئێژەیی، ڕەئیسی، قازی سەڵەواتی بارهێنراون و دەسەڵاتی ڕەهایان پێدراوە بۆ دەرکردنی حوکمی بەندکردن و کوشتنی ئازادیخوازان.

بەڵام سەرەڕای ئەو تاوانە قیزەونانە، بێگومان ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە نەیتوانیوە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی واتە ڕیشەکێشکردنی ئیرادەی ئازادیخوازانەی تاک و گەلانی ئێران بگات. بەتایبەت سەرەڕای ئەو هەموو زەبروزەنگ و فشارە قورسەی خستوویەتە سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و سەر حیزبەکان لە دەرەوەی سنوورەکان بەڵام ئیرادەی ئازادیخوازی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕۆژهەڵات بەرزتر دەبێت. ئەم ئازادیخوازییەش بەرهەمی ڕیشەداکوتانی ئەندێشەی ڕێبەرانی ئەو گەلە و کەسانی وەک کاک دکتور قاسملوویە کە لە لایەکەوە پێی وابوو هیچ نێعمەتێک لە جیهاندا لە ئازادی بەنەرختر نییە و لەلایەکی ترەوە ڕوونی دەکردەوە کە ئازادی تێچووی دەوێت و ئەوەی ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات. ئەمەش یەکێک لەو وتە بەنرخانەیە کە بووەتە وردی سەرزمانی لاوان، ژنان و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە و ئیرادەیەکی پێ بەخشیون تاکوو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیدا ئامادەی هەر فیداکارییەک بن.