مەنسوور مروەتی
چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو ڕۆژنامەی "جام جم"ی تاران لە چوارەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا و لەسەر وێنەکەی ناوبراو نووسیبووی "اسم تو رمز میشود،" واتە ناوی تۆ دەبێتە ڕەمز. هەمووان دەزانن ئەم نووسراوە مێژووییە کۆپی نووسراوەکەی سەر کێلی "ژینا ئەمینی"یە کە لە دوای ناشتنی شەهید ژینا لە قەبرستانی ئایچی سەقز لە سەر بەردەنووسی مەزارەکەی نووسرا، و لە ڕاستیشدا هەروای لێ هات و ناوی شەهید ژینا بوو بە ڕەمزی شۆڕش و سەرهەڵدانێک کە کۆماری ئیسلامی تا ئەوکات شتی وای بە خۆیەوە نەدیبوو و ئێستاش بڵێسەی ئەم شۆڕشە نەتەنیا نەکوژاوتەوە؛ بەڵکوو هەموان چاوەڕوانن هەر ئەم ناوی ڕەمزە ببێتە ڕەمزی ڕووخانی یەکێک لە ڕەشترین دەسەڵاتەکانی سەردەم واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بێگومان ئەوەی ئەو سەردێڕەی ڕۆژنامەی "جامی جەم"ی دیبێ، لە پێشدا تێر بە عەقڵی بەڕێوەبەرانی ئەو ڕۆژنامەیە پێکەنیوە و لە دڵی خۆیدا گوتوویە ئاخر ئەو ڕستە مێژووییەی سەر کێلی ژینای جوانەمەرگ لەکوێ و کۆپیکردنی بۆ وەسفی یەکێک لە مرۆڤکوژترین تیرۆریستانی سەردەم لەکوێ؟
ئاسانترین کار بۆ بەراوردکردنی ئەم جۆرە نووسراوانە بۆ وەسفی کەسەکان پەنابردن بۆ ڕای گشتی و وردبوونەوەیەکی سەرپێی بە کار و کردوە و ئاکارەکانی ئەو کەسانەیە. بەڵێ، شەهید بوونی کچە کوردێکی غەریب لە تاران وەها دڵی بیروڕای گشتیی هەژاند کە لە ماوەیەکی کەمدا هەموو ئێران بە پێشەنگایەتیی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ یەکەم جار لە مێژووی پڕ نەگبەتیی کۆماری ئیسلامیدا، خەریک بوو بەجارێ تەخت و بەختی دەسەڵاتدارانی تاران تێکەوە پێچێ. ناوی ژینا لە ئێران و ناوچەکەش ئەولاتر ڕۆیی و هەموو دنیای تەنییەوە و زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان و دەسەڵاتداران و خەڵکی دنیای لە سەر ژینا هێنایە دەنگ و لەو ڕێگایەوە دنیا ئەمجارە باشتر لە ماهییەتی ڕەش و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی گەیشتن و ئێستاش کاردانەوەکان و چالاکییەکان لەم بەستێنەدا لە دنیادا درێژەی هەیە. بەو واتایە کە ژینا و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هەر جارە و لە لایەن ناوەندێکی جیهانییەوە خەڵات دەکرێن و ڕێز لە ناو و یاد و خەباتیان دەگیرێ. بەمجۆرە جیهانێک ڕێز لە ناو و یادی ژینا دەگرێ و لە ڕاستیدا ناوی ئەو بووەتە ڕەمزی ئازادی میلیۆنان ئینسانی چەوساوە بە دەست هەندێ مرۆڤ و یاسای سەدەکانی نێوەڕاست. بۆیە جێی خۆیەتی و ئەو ڕستەیە پڕ بە پێستیەتی کە بنووسرێ و بگوترێ، "ژینا گیان تۆ نامری ناوی تۆ دەبێتە ڕەمز".
بەڵام ئەی بۆ ئەم ڕستەیە بۆ لەگەڵ ناوی کەسێکی وەک قاسمی سولەیمانی نایەتەوە و ئەگەر بۆی بنووسرێ دەبێتە مایەی گاڵتە و پێکەنین؟ جوابی ئەم پرسیارە زۆر ڕوونە و پێویست بە بیرکردنەوی زۆر ناکا. ناوی ئەم پاسدارە تیرۆریستە لانیکەم بیرهێنەرەوەی کوژرانی زیاتر لە پێنج سەد هەزار کەس لە ژن و مناڵ و پیر و لاوی خەڵکی سووریەیە کە لە ڕەوتی بەهاری عەرەبیدا وەک خەڵکی وڵاتانی دیکە ویستیان چارەنووسی خۆیان بگۆڕن و لە دەست دیکتاتۆری و دەسەڵاتی زاڵ بەسەر وڵاتەکەیاندا ڕزگاریان ببێ. وەبیرهێنەروەی برینداربوون و ئاوارەبوونی سەتان هەزار کەسی سوورییە کە ئێستاشی لەگەڵ بێ بەدەست برینەکانیانەوە دەناڵێن یا بەناچاری وڵاتی خۆیان بە جێ هێشتووە و ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوون. ناوی قاسم سولەیمانی وەبیرهێنەروەی دەستێوەردان و ئاژاوە و کوشت و کوشتاری ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانە. ناوی قاسمی سولەیمانی وەبیرهێنەروەی شەهیدبوونی ١٧٦ کەس مرۆڤی بێتاوان لە فڕۆکە ئۆکراینییەکەیە کە بە دەستی سپای پاسدارن و بە مووشەک لە ئاسمانی تاران تەقێنرایەوە و کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش وڵامدەری کەس نییە. ناوی قاسم سولەیمانی وەبیرهێنەروەی کوژرانی زیاتر لە ٥٠ کەس لە خەڵکی کرمان لە کاتی نێژرانی ئەودا و وەبیرهێنەروەی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ژن و مناڵی بەزۆرهێنراو بۆ سەر گۆڕەکەی لە هەفتەی ڕابردوودایە. کەواتە پاسدارێکی خوێنمژی نەحسی ئاوا لەکوێ و نووسینی ڕستەی ناوی تۆ دەبێتە ڕەمز لەکوێ؟ بۆیە هەروەک گوترا هەر کەسێک ئەو لاپەڕەیەی ڕۆژنامەی "جامی جەم"ی دیبێ تەنیا پێدەکەنێ و گاڵتەی بە عەقڵی بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەکە دێ.