عەلی بداغی
شەش مانگ دوای تێکهەڵچوونی بەشێک لە کرێکارانی گوندی ئاغدەرەی تیکاب لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان کە بووە هۆی دەسبەسەرکرانی ژمارەیەکی زۆر لەوان و پەروەندەی ئەمنیەتی دژی ٩ کەس لەوان ساز کرا، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار دووهەمین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو کەسانە بەڕێوە چوو. ڕووداوەکە بۆ ڕۆژی ٩ی گەڵاوێژی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک بەشێک لە لاوانی بێکاری ئاوایی دوای چەندین جار بەرزکردنەوەی داخوازی و سەرەڕای بەڵێنی پێشووی خاوەنکاران و بەڕێوەبەرانی کانگای زێڕی ئاغدەرە بۆ دامەزراندنیان و پێسپاردنی کار لەو کانگەیە دیسان وەڵامی "نا"یان وەرگرتەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەوان کەوتە بەر پەلاماری هێزە ئینتیزامییەکان. هێزە ئینتیزامییەکان تەقەیان لێ کردن و بەو هۆیەوە دوو کەس لە خەڵکەکە بریندار بوون و دەیان کەسیش کەوتنە بەر زەبری باتوم و قۆنداغە تفەنگ. ڕێژیم بەوەش نەوەستا و لە پەلاماری نیوەشەوی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا ٣٢ کەس لە کرێکارانی کانگاکە نەک دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندان کران، بەڵکوو دوای بەربوونی کاتییان بە بارمتەی قورسی ٦٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنی بەشی زۆریان لە کارەکانیشیان دەرکران. ئێستا ئەو کرێکارانەی بۆ پشتگیری لە لاوانی بێکاری گوندەکەیان و بۆ بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتییان بە دۆخی هەژاری و بێکاریی خەڵکی ناوچەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەبری وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان لێیان دراوە، بریندار و لە کار بێکاریش کراون، بە تۆمەتی "شێواندنی نەزمی گشتی" و "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نێوخۆی وڵات" دادگایی دەکرێن! ئەمەش چارەنووسی خەڵکی کرێکار لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامییە کە لەبری دابینبوونی مافەکانی و دەستەبەری ژیانێکی ڕێزدارانە لێی دەدرێ، لە کارەکەی دەردەکرێ و دەخرێتە زیندانەوە و دەدرێتە بەز زەبری قامچی!
کانگای زێڕی ئاغدەرە لە ٤٠ کیلۆمەتریی تیکاب هەڵکەوتووە. خەڵکی هەژاری ئاواییەکانی ناوچە کە پێشتر بە تەونکردن، کاری وەرزێری و ئاژەڵدارییەوە ژیانیان بەڕێ دەکرد، لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا بە دەسبەکاربوونی کانگای زێڕەکە ترووسکایی هیوایەکیان بۆ پەیدا بوو. چونکی ئەمە بۆ ئەوان بە مانای دەسکەوتنی هەلی کار و بووژانەوەی ناوچەکە بوو. کەچی لە ڕاستیدا لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەشی خەڵکی ناوچەکە تەنیا کرێکاری بۆ بەشێکی کەم لەوان ئەویش بە گرێبەستی کاتیی ٣ مانگە و، ئەویدی پیسبوونی ژینگە، خەساربوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەڵمژینی سیانوور و دزەکردنی جیوە لە ئاوی چەمی ساروخدا بووە. سەرباری ئەوەش خەڵکەکە بەرەوڕووی زۆر مەترسیی دیکەی وەک شێرپەنجەی سیپەلاک و گەروو بوونەتەوە و جیا لە بەتاڵانچوونی زێڕ و سامانەکەیان خەڵکەکە نە زەوییان بۆ ما، نە ئاژەڵ و نە چەم و هەناسەدان و ژیانیشیان بەتەواوی خەریکە دەفەوتێ؛ بەوحاڵە کرێکاری لەو کارگە و کارخانەیشیان پێ ڕەوا نابیندرێت.
کارەسات ئەوەیە کە نیوەی هەموو پاشکەوتی زێڕی وڵاتی ئێران لە تیکاب هەڵکەوتووە و زیاتر لە سەتا ٤٠ی هەموو زێڕی ئێران لە ساڵدا لە کانگا زێڕەکانی تیکاب ڕەعەمەڵ دێ، کەچی ئەو شارە یەک لە هەژارترین و پاشکەوتووترین ناوچەکانی ئێران لە گەشەسەندنی مرۆیی و پەرەسەندنی ئابوورییە. ناوچەکە بەهۆی بوونی ئەو سامانە دەوڵەمەندە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بەتەواوی ئەمنیەتی و میلیتاریزە کراوە و هەرچەشنە ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینێکی خەڵک بە هەڕەشە و گرتن و سەرکوتی خوێناوی وەڵام دەدرێتەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای داگیرکاریی کوردستانەوە بە پلان و پیلان و سیستماتیک دەستی بەسەر هەموو سەرچاوە ژێرزەوییەکان و سامانە سروشتییەکانی ناوچەی دەوڵەمەندی کوردستان داگرتوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئاو و سەرچاوە ژێرزەوینییەکانی، وەکوو زێڕ، گووگرد، بەردە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت بەردی مەڕمەڕ، نەوت، گاز و هەموو سووتەمەنییەکان و سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی تر بە یەکێک لەو ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهان دادەنرێت، کەچی لەسۆنگەی سیاسەتی دوژمنکاریی ڕێژیمەوە خەڵکەکەی هەژارترین و ناوچەکەش دواکەوتووترین بەشی لە جوغرافیای سیاسیی ئێرانە. ڕێژیمی ئێران ئەوەندەی دەتوانێ لەلایەک سەرچاوە و سامانی سروشتیی کوردستان بەتاڵان دەبا و لەلایەکی دی بە تێکدان و کاولکاریی ژینگە سیاسەتیی زەویی سووتاوی لەسەر جێبەجێ دەکات.
دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان هەر بە سەرکوتی ئەو نەتەوە مافخوازە و بێبەشکردنی لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی تەواو نابێ، بەڵکوو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە کوردستان دەگرێتەوە. ئەگەر هەواڵەکان ڕۆژانە باس لە گرتن و سزادانی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کرێکاری لە کوردستان دەکەن، ئەگەر ئامار و داتاکان باس لە هەڵاواردنی سیستماتیکی کوردستان لە گەشەی ئابووری و مرۆیی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکەن، ئەگەر کورد و مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی هەروا چیرۆکی بەردرێژی داوا و مافخوازیی ئەو نەتەوەیە لە ئێرانە؛ مخابن ژینگەی کوردستانیش زۆرترین زەبری لە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی بەرکەوتوە. دانانی خاڵی کۆتاییش لەسەر ئەو تڕاژیدییە تەنیا بە کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە دەستەبەر دەبێت.