ئەلبورز ڕۆئین تەن
ئەندرو وینست کاتێک باس لە ناسیۆنالیزم دەکات دەڵێ "ئەگـــەر داوای حاکمییەتـــی ئاشـــتی و داد لـــە سیســـتەمی جیهانـــی دەکەیـــن، دەبـــێ نەتـــەوەکان ئـــازاد، ســـەربەخۆ و پارێـــزراو لـــە هەڕەشـــەی دەرەکـــی بـــن." ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە لە دو سەدەی ڕابردووە لە مەڕ ئازادیی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەدوێن لەژێر ناوی ناسیۆنالیزم دەردەکەون کە تا ئێستاش ئایدیایەکی زیندوویە و باسێکی جیدی ئاکادیمی و جێگای سەرنج و لێکۆلینەوەیە.
ناسیۆنالیزمی کوردیش وەک ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و لە دۆخی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و تێکۆشان لە زۆر ڕووە جێگای سەرنجە: یەکەم بۆ تێگەیشتن لە دۆخی سیاسیی کورد و پرسی کورد و هەروەها ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزییەی لە ناوچەدا هەیە. دووەم بۆ باشتر تێگەیشتن لە هۆکار و ئاکامی خەباتی بێوچانی نەتەوەیی کورد. شەن و کەوی ناسیۆنالیزمی کورد لە زۆر ڕوانگەوە شایانی تێرامانە، هەبوونی نەتەوەیەکی ئازادی لێزەوتکراو و خاک لێداگیرکراو کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتانی دەوروبەردا بووە لەلایەک، تایبەتمەندییە مێژوویی و جوغرافیای و ناسنامەی شوناسی کورد لە لایەکی دیکە. هەروەها دۆخی ئێستا و بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەپەرستیی کورد سەڕەرای هەموو ئەو هەڕەشانەی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەیە باسی وردی لێکۆلینەوەیی لە پرسی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردین.
کاتێک باسی بنەوانی ناسیۆنالیزمی کوردیش دەکرێ تێڕوانینی جیاواز دێتە ئاراوە. هەبوونی پەیوەندیی مێژووی کوردی ئێستا بە ڕابردووی کۆنی شارستانییەتیەکانی میتانی و مادی، بەردەوامی دەسەڵاتی ناوچەیی لە ساتراپەکانی ساسانی، هەبوونی حکوومەتەکانی مەروانی و شەدادی و حەسنەویی ئەیوبیی سەدەکانی نێوەڕاست تا دەگاتە میرنیشنەکانی سەدەکانی نزیک و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی مێژووی هاوچەرخ هەر یەک بە جۆرێک وەک بنج و بنەوانانی ناسیۆنالیزمی کوردی باسی لێوە دەکرێ. لەلایەکی دیکەوە ئەوەی پێ دەگوترێ سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامەی جیاواز کە لەژێر هەڕەشەی لایەنەکانی دیکەدا بووە بەدرێژایی ئەو مێژووە هەر بەردەوام بووە، بۆیە هەبوونی زمان و کولتووری جیاواز و لە هەموو گرینگتر هەستی وەکیەکی هاوبەش لەنێو کوردەکان کارتێکەری زۆری لەسەر ناسیۆنالیزمی کورد هەبووە کە وا دەکات بەشێکی لێکۆلەران بیر لەوە بکەنەوە ناسیۆنالیزمی کورد بۆ مەم و زینی ئەحمەدی خانی بگەڕێننەوە کە داوای یەکیەتیی کورد بۆ سەربەستبوون و سەروەربوون دەکات تا لە ژێردەستەییدا نەمێنێ. دواتر شۆڕشەکانی مێژووی هاوچەرخ هەر یەکە و بە جۆرێک بۆ گەیشتن بەو ویستەی کە ئەحمەدی خانی بە نرخی فیداکردنی گیان و ماڵ بەگژ دەسەڵاتی ناوەندی چوون و ڕاسان بە دوای ڕاسان تا بە ئەمڕۆش بەردەوامە.
لێکۆلەران لە لێکۆلینەوەکانیان هەر یەک بە جۆرێک باس لە کاریگەریی هەر یەک لەو ڕووداو و شۆڕشانە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن، بەڵام یەکێک لەو ڕووداوە زۆر کاریگەرانە بە تایبەتی لە سەدەی بیستەم کە بە سەدەی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە و نەزمی ئێستاش دەناسرێ، کۆماری کوردستانە.
کۆماری کوردستان لە زۆر ڕووەوە جیاوازە، بەڵام یەکێک لە گرینگترینی ئەو جیاوازییانەی کە هەیەتی زیندووبوونی لە هزری کوردە تا بە ئێستاش. بێگومان لەوانەیە دەستکەوتەکانی کورد لە شۆڕشەکانی پێش کۆماری کوردستان و دواتریش لە کۆماری کوردستان زیاتریش بێ، بەڵام بە ئەندازەی کۆماری کوردستان نەیتوانیوە لە مێشکی نەتەوەی کورددا بچەسپێ و سەرچاوەی ئیلهام بۆ کورد بێت. شەن و کەوی هۆکارەکانی کە بۆچی کۆماری کوردستان تا ئەو ڕادەیە لە هزری کورددا زیندووە وەڵامێکیش دەبێ بۆ پرسیاری ڕۆڵی کۆماری کوردستان لەسەر ناسیۆنالیزمی کورد.
بەشێکی بەرچاوی ئەو دەوڵەتانەی ئێستا هەن ئاکامی خەباتی نەتەوەکان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی لە سەدەی بیستەمن. واتە بۆ سڕینەوەی هەڕەشەی نەمانی نەتەوەیەک دەوڵەت وەک قەڵغانێک لە نەزمی دونیایی ئێستا بە کار هاتووە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی دەوڵەتێکی زۆر لەسەر ئەو بنەمایە دابمەزرێنین. تەنانەت لەو شوێنانەی نەتەوەی جیاوز هەن بەڵام لە یەک دەوڵەتدا دەژین دەسەڵاتی دەوڵەتەکە لەژێر ناونیشانی جیاوازەوە دابەش کراوە. لە شوێنێک کە نەتەوە هەبووە بەڵام خاکێکی دیار کراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نەبووە بە دیتنەوەی خاکی نوێ دەوڵەتی لە سەر دامەزراندراوە بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە لەسەر ئەو خاکە نوێیە ئەو نەتەوەیە لە نەمان بپارزێ، وەک ئەوەی لە ئیسرائیلدا دەیبینین. بۆ کوردیش کە زۆر شۆڕش و خەباتی بەردەوامی هەبوون، تەنانەته هەندێک جار کاتی دەسەڵاتداری و جوغرافیای ئەو دەسەڵاتدارییە چەندین بەرامبەی کۆماری کوردستان بووە هەیبوون، بەڵام پێکهاتەی دەوڵەتی وەک دەوڵەتێکی مودێرن وەک ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا باو بوو زیاتر لە کۆماری کوردستان دەبیندرێت. تەنانەت سەرۆککۆماری کوردستانیش کە لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا ئەو هەوڵە بە درێژەی شۆڕشەکانی پێش خۆی دەزانێ، بەڵام ئەو فۆرمەی کە کۆماری کوردستان هەیبوو، وەک هەبوونی حکوومەت، ئاڵا، هێزی جەنگاوەری نیشتمانی، دامودەزگای جیاوزی دەوڵەتداری، هەبوونی هزری کوردی بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو دامودەزگایانە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش بێ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی داناوە کە نەوەکانی دواتر وەک حکوومەتێکی کوردی کە دەڵێ کورد دەبێ حوکمی خۆی بکات دەیناسێ.
بێگومان چۆنیەتی و چەندایەتیی ئەو دامودەزگایانە دەتوانێ جێگای باس بن، بەڵام ئایدیای لە پشت دامەزراندنیان زۆر گرینگتر لە چەندایەتی و چۆنیەتیی ئەو دامودەزگایانەن. بۆ نموونە لەوانەیە ئەوکات ژمارەیەک کەم خوێندەوار هەبووبێ کە توانیبێتیان ڕۆژنامە بخوێننەوە، یا لەوانەیە ئاستی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی سەردەمی کۆمار وەک یەکەم ئەزموون لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبێت. بەڵام هەر ئەوەی کە دەبێ ڕۆژنامەیەکی ڕەسمی و دەزگای چاپی هەبێ، ئەوەندە بیرۆکەیەکی گەورەیە و کاریگەری هەیە کە ئێوە دوای هەشت دەیە خوێنەری وتاری من لە هەمان ڕۆژنامەن. یان لەوانەیە هێزی پێشمەرگە لەو کاتدا زۆر کەموکوڕی بووبێت، بەڵام ئەوەی کە دەبێ هێزی نیشتمانی لەژێر یەک ناودا دابمەزرێ ئەوەندە هزرێکی گەورەیە کە وا دەکات کاریگەریی ئەو ڕووداوە مێژووییە لە هزری کوردیدا بە بەرزی بمێنێ و هاندەریش بێ بۆ بەردەوامیی خەبات. زۆر نموونەی دیکە هەن کە شایەدی بۆ ئەو جیاوازییەی کۆماری کوردستان دەدەن و ئەوەش بایەخی ئەو کۆمارە لە ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی نیشان دەدات.
کۆماری کوردستان بە تەمەنێکی کەم و دەسەڵاتێکی دیاریکراو لە جوغرافیایەکی بچووک ئەو هەستەی کە کوردیش دەتوانێ خاوەن دەوڵەت بێت، لە هزری کورددا چەقاند و باوەڕبەخۆبوونێکی زۆری بە کورد دا. یەکێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ئەوەیە تاکی کورد بە کەمتر لە تاکی دیکە و کولتوورەکەی بە کولتووری دێ نیشان بدات. زمانەکەی بە دیالکتیکی شاخ نیشان بدات و فارسی قسەکردنەکەی بکاتە گاڵتەجاڕ و داب و نەریتەکەی بە نەریتێکی دواکەوتوو پێناسە بکات و لە ڕەسەنایەتی دووری بکاتەوە. هەمووی ئەوانە و بە سەدان بابەتی دیکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستماتیکی دژایەتیی نەتەوەیی بە تێچوویەکی زۆرەوە بەڕێوە دەبات تا کورد ئەو باوەڕبەخۆبوونەی نەمێنی و خۆی هاوشانی نەتەوەی سەردەست دانەنێت. هەر ئەوەش ئەو هان دەدات بۆ ئەوەی ویستەکانی کەمتر لە نەتەوەکانی دیکە بزانێ و ئەوەی بۆ فارس و عەرەب و تورک ڕەوایە بۆ خۆی بە حەرام دابنێت. بەڵام ڕووداویکی وەک کۆماری کوردستان بەدەر لە قەبارەکەی یا چۆنیەتیی توانیویەتی بەشێکی بەرچاوی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی داگیرکەر بەرپەرچ بداتەوە و بڵێ ئێمەش دەوڵەتمان هەبووە و دەتوانین دەوڵەتمان هەبێت. هەروەک دەگێڕنەوە لە ڕۆژەکانی دوایی کۆماردا میرحاج، یەکێک لە بارزانییەکانی پێشمەرگەی کۆمار کە بەرەو نەغەدە دەکشایەوە هەواڵی شکانی کۆماری بە خەڵک داوە، بەڵام ورەی دانەبەزیوە. پێی دەڵێن بۆ وا بەورەی؟ گوتوویەتی ڕاستە کۆمار نەما، بەڵام ئێمەش وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکە دەڵێین کۆمارمان هەبووە و لەوان کەمتر نین. ئەوەی کە ئێستاش ئەو کۆمارە زیندوویە، ئەوەی کە کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی شوێندانەر لە سەر ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی توانیویەتی خۆی بنوێنێ، هەبوونی ئەو ڕاستیەیە لە هزری تاکی کورد کە ئێمەش دەوڵەتمان هەبووە و، ئێمەش دەتوانین خاوەن دەوڵەت بین.
گرینگیی کارەکانی کۆمار نابێ بە هزری ئێستا یا بەراوردی کۆماری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتێکی ئاسایی هەڵبسەنگێنین، بەڵکوو پێویستە لە چوارچێوەی دۆخی ئەوکاتی کورد شی بکرێتەوە. ڕەزاشا بە تێرۆری سمکۆی شکاک و سەرکوتی شۆڕشەکەی ئەو کە ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو دەسەڵاتی خۆی لە تاران قایم کرد. دوای شایەتی و دامەزرانی دەوڵەتی ئێرانی نوێ لەسەر بنەمای فاشیستی تاک دەوڵەت- تاک میلەت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتی کورد و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دا، بە جۆریک لە هەموو ئەوانەی باسی کوردستانی سەردەمی ڕەزاشا و چۆنیەتیی سەرکوتی خەڵک دەکەن باس لە ترس و توقاندنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندییە بە جۆریک کە جەندەرمەیەکی سادەی دەوڵەت کە بە عەجەم دەناسران دەیتوانی بێڕێزی بە گەورە و بچووکی شارێکی کوردستان بکات، لێیان بدات و لە زیندانی پەستێوێ، دواتریش بە بەرتیلێکی زۆر ئازادیان بکات و تەنانەت ئەوە چەندین جار دوبارە بکاتەوە. بەڵام هەر ئەو کوردستانە ژێردەستەیە لە یەکەمین دەرفەتدا کە بۆی هەڵدەکەوێ ڕێکخراو پێک دەهێنێ، وەک کۆمەڵەی ژێکاف و، دواتر پەرەی پێ دەدا بۆ حیزب و دواتریش کۆماری کۆردستان دادەمەزرێنێ و بڕیاری وا لە ئاستی بووژانەوەی لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەیی دەدات کە تا ئەمڕۆش ئەو بڕیار و هێمایانەی کۆمار بەشیکی بەرچاوی ناسنامە سیاسەتی کوردین. ئەوەش بەڵگەیە بۆ ڕۆڵی کۆماری کوردستان لەسەر ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی کە پێویستە زۆر بە بایەخەوە سەیر بکرێت. بۆیە هەموو ئەو هەوڵانەی ڕەزا شا بە درێژەی ساڵان بۆ سڕینەوەی کورد کردی بە دامەزراندنی کۆمار لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا نەک پوچەڵ کرانەوە، بەڵکوو بناغەی سەد ساڵی داهاتووشی بە شێوەیەک داڕشت کە کاریگەرییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێ.
شەنوکەوکردنی هەموو لایەنە جیاوازەکانی ڕۆڵی کۆماری کوردستان لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی لە چوارچێوەی ئەو وتارەدا ناگونجێ بەڵام وەبیرهینانەوەی گەورەیی کۆماری کوردستان لە ئەوکات و ئێستادا هەبوونی پێگەی تایبەتییەکەی لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماردا وەک بچووکترین ئەرک پێویستە، بەڵام لە وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەشدا نابێ ڕاستیی دیکەمان لەبیر بچێت کە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات چ وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و چ وەک ئەو ڕۆڵەی لە دۆخی ئێستای خەباتدا وەک حیزبی دامەزرینەری کۆماری کوردستان هەیەتی و چ وەک هۆکارێکی زیندوومانەوە و پێشکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی شایانی تێڕامانە. بێ گومان کۆماری کوردستانیش کە چاوگەی دنیابینی و ڕامانی حیزبی دیموکرات بۆ خەبات و تێکۆشانە، هۆکاری مانەوە و بەردەوامیی حیزبی دیموکرات بووە. بەڵام ئەوەی خەباتکارانی کورد خۆیان بە درێژەدەری دنیابینی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان دەزانن، هەروەک چۆن پێشەوای نەمریش کۆماری کوردستان بە درێژەی شۆڕشەکانی پێشوو دەزانێت، قوناغە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزمی کوردین کە شوێندانەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتری هەیە و هۆکاری زیندوومانەوەی ئاڵای ئازادیخوازییشە.