کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: تەقەکردن و سووکایەتیپێکردن بە کۆڵبەران ناخهەژێن و جێگای تێڕامانە

20:29 - 2 رێبەندان 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆیدا، سەبارەت بە تەقەکردن لە کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵات لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراق و سووکایەتی پێکردن بە کۆڵبەران، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئەمەی بە ڕووداوێکی ناخهەژێن ناو برد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هەواڵی تەقەکردن لە کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی هەورامانی باشووری کوردستان کە شەهید و برینداری لێکەوتەوە، دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی دیمەنێک لە پێوەندی لەگەڵ  سووکایەتی پێکردن بە ژمارەیەک لە کۆڵبەران، ناخهەژێن و لە هەمان کاتدا جێگای تێڕامانە.

ناخهەژێنە لەبەر ئەوەی بە سەدان و بگرە بە هەزاران کوردی بێدەرەتان و برسیکراوی دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کە لە جیاتی سەرشۆڕکردن لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە بە ناچاری پیشەی تاقەتپڕووکێن و پڕمەترسیی کۆڵبەرییان گرتۆتە بەر تا لەو ڕێگەوە پارووە نانێکی حەڵاڵ بۆ ماڵ و خێزانیان پەیدا بکەن، ساڵانە بە سەدان کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسدارانی سەر سنووری ڕێژیمی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، لەو بەری سنووریش لەلایەن برا کوردەکانیانەوە بەم شێوەیە شەهید و بریندار دەکرێن یان سووکایەتییان پێ دەکرێ.

جێگای تێڕامانە لەبەر ئەوەی داخۆ دەسەڵاتدارانی ئەم دەڤەرە ئیزنیان داوە بە پاسەوانانی سنوور ئەم ڕەفتارە قیزەونانە دەرحەق بە برا لێقەوماوەکانی دەستی زۆرداری ڕێژیمی کوردکوژ بگرنە بەر "تەنانەت ئەگەر کارێکی خیلافیشیان کردبێ"؟!

وەڵامی ئەو پرسیارە بەستراوە بە چۆنیەتیی لێپرسینەوە و سزادانی ئەو پاسەوانانەی سنوور و کۆتاییهێنان بە کوشتن و بێڕێزی کردن بە کۆڵبەران و هەر کەسێکی دیکە.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢