سمایل شەرەفی
١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵ، دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرێوە دەچێت. لە ٢٥ هەزار کەسی خۆبەربژێرکردوو، ١٤ هەزار کەسیان لە لایەن شورای نیگانانەوە ڕەدی سەڵاحییەت کراون کە لەنێویاندا چەندین کەس لە نوێنەرانی ئێستای مەجلیس دەبیندرێ کە زۆربەشیان کەسانی سەر بە ڕەوتی ناسراو بە "اصلاح طلب" و "اعتدال گرا"ن.
ئەم هەڵبژاردنە هەم بۆ ڕێژیم و لایەنگرانی و هەم بۆ خەڵک و لایەنە ئازادیخوازەکانی وڵات جێی سەرنج و گرینگیپێدانە. بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا و بەرینتربوونی مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵات ئەم پرسە سیاسییە، وێستگەیەکی تاقیکاری و مەیدانێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک دژ ە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییە. بۆیە خامنەیی لە دوو قسەکردنیدا تا ئێستا بەداماوییەوە داوای لە خەڵک کردوە "بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن". تەنانەت جاری دووهەم کە وێدەچێ دەرکی بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و هەروەها هاوهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆ لەگەڵ خەڵک کردوە، ئەمجارەیان بە هەڕەشەوە گوتی: "ئەوەی بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا نەکات، دوژمنی نیزامی کۆماری ئیسلامییە".
بەڵام ئەوەندەی پێوەندی بە هەڵوێستی خەڵک و ڕەفتاری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە هەبێت، لەگەڵ ئەوەیکە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک نەبووە و نییە، لانیکەم لە هەلومەرجی ئێستای بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت بەدوای ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردوودا، خەڵک بە تێپەڕبوون لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە، نەتەنیا بیر لە ماهییەتی ئەم مەجلیسە بێخاسییەتە و نوێنەرە هیچ لەدەستنەهاتووەکانی ناکاتەوە، بەڵکوو بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەشداری لە کەمپەینی گوتن بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەکات.
خەڵک و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لە ماوەی یەکساڵ وچەند مانگی ڕابردوو و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، مەسەلەی خۆیان لەگەڵ یەکتر یەکلا کردۆتەوە. ڕێژیم بە هێرش و پەلاماری دڕندانەی بۆ سەر شەقامەکانی وڵات و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕەشەکوژی، سەرکوت، گرتن، ئەشکەنجە، داسەپاندنی حوکمی قورس و لەسێدارەدان، وەک هەمیشە سەلماندی کە گوێ ناداتە ویست و داخوازییەکانی خەڵک و ناڕەزایەتییەکانیان بە پیلانی دوژمنان و "استکبار جهانی" دەزانێت. بەرەی خەڵکیش بەتایبەت نەسڵی نوێی کۆمەڵگەی ئێران بە سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە نەتەوەییەکانیەوە، بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "مەرگ و بۆ دیکتاتۆر" و "نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "اصلاح طلب، اصولگرا، دیگە تمامە ماجرا"، کۆتا قسەی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە کردوە. کەوایە گەڕانەوەی خەڵک بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانە هیچ مانا و مەفهومێکی نییە و نابێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەموو کەرەسەیەکی دەسەڵاتی لەدەست خۆیدا قەبزە کردوە و هیچ ڕێگایەکی بۆ دەربڕینی دەنگ و ڕەنگی جیاوازی خەڵک نەهێشتۆتەوە، لەم هەڵبژاردنانەدا ئەوەی زۆری بۆ گرینگ بێ، پێشاندانی ئاپۆڕای بەشداریی خەڵک لەسەر سندوقەکانە، نەک ئەوەی لە ئاکامی دەنگدانی خەڵکدا چ کەسێک ڕێی دەکەوێتە مەجلیس. چونکی ئەوەی شوڕای نیگابان بۆ کاندیدبوون هێشتوویەتەوە، فەرق ناکات کێیان لەسەر کام کورسیی مەجلیس دابنیشێ. بۆ نیشاندانی ئەم شانۆگەرییەش ئەوەندەی خەڵکی گوێلەمست و دەستوپێوەند هەیە کە لە چەند شوێنێک کامێرایان لەسەر زووم بکات و مەشرووعیەتی نەبووی خۆی پێوە نیشان بدات. کەوابوو مەبەستی لە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەبێ لە بازنەیەکی بەرفراوانتری هەڵوێستگرتنی خەڵکدا ببیندرێ و لێکدانەوەی بۆ بکرێ.
بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان، حیزبە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و بەتایبەت ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵات پێویستە لە جووڵەیەکی جەماوەریی یەکگرتووانەدا، وێڕای هەڵگرتنی پەیامێکی هاوبەش بە نێوەرۆکی "تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی"، بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، سیاسەتی بایکۆتی چالاک بگرنەبەر. لەم پێوەندییەدا پێویستە وریای پیلانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم؛ وەک کەڵکوەرگرتن لە هەستی عەشیرەیی، تایفەگەرایی و مەزهەبی و... بەمەبەستی بازاڕگەرمیی هەڵبژاردنەکان بین و ئیزن نەدرێ دوبەرەکی و چەند بەرەکی بخرێتە نێو ڕێزەکانی خەڵکەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێ تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ببێتە ئامرازێکی بەکەڵک و یارمەتیدەر بۆ بیروڕاگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتیی لەقاودانی سیاسەت و پیلانەکانی ڕێژیم. هەر لەم پێوەندییەدا دیسان پێویستە وریای پیلانەکانی هێزی سایبێریی ڕێژیم و ژوورە ڕەشەکانی پیلانگێرێ بین کە یەکگرتوویی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێو پێکهاتە جیاوازەکان و بۆچوونە سیاسییەکان، تێک نەدەن.
با لەم دەرفەتە (هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم) کەلک وەربگرین و بۆ جارێکی دیکە وێڕای نیشاندانی یەکگرتوویی خۆمان لە هەموو ئاستەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، حیزبە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، قۆناغێکی دیکە لە بەرەنگاری و گوتن بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و نادێموکراتیک و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمار بکەین.